یەكێتی مامۆستایانی كوردستان پیرۆزبایی ساڵی نوێی خوێندن له مامۆستایان و خوێندكاران دهكات و داواش دهكات چارەسەری كێشەی مووچەی بكرێت و مانگانه لهكاتی خۆیدا دابهشبكرێت، بەزووترین كاتیش پلەبەرزكردنەوە مامۆستایان و فەرمانبەران دەستپێبكاتەوە.
ئهمڕۆ یهكشهممه یەكێتی مامۆستایانی كوردستان له راگهیهندراوێكدا دەڵێت، 25ی ئهم مانگه وەكو یەكەم رۆژی دەستپێكی ساڵی نوێی خوێندنی 2024-2025 دەستنیشانكراوە، نزیكەی دوو ملیۆن قوتابی و خوێندكار و بەشداری زیاتر لە 170 هەزار مامۆستا روو لە ناوەندەكانی خوێندن و زانكۆ و پەیمانگهكان دەكەن، بەو بۆنەیەوە وێرای پیرۆزبایی خۆمان بۆ ساڵی نوێی خوێندن، یەكێتی مامۆستایان جەخت لەسەر داواكاری و مافەكانی مامۆستایان دەكاتەوەو دەخوازین پڕۆسەی پەروەردە و خوێندنی باڵا لەپێشی پێشەوەی بایەخ پێدانەكانی حكومەت بێت و هەمو ئیمكانیەتی ماددی و مەعنەوی بۆ فەراهەم بكات.
یهكێتییهكه داوا دهكات چارەسەری كێشەی مووچە بكرێت و مانگانه له كاتی خۆیدا دابهشبكرێت، ههروهها بەزووترین كات پلەبەرزكردنەوە مامۆستایان و فەرمانبەران دەستپێبكاتەوە.
ئاماژهی بهوهشكردوه، وێرای پیرۆزباییمان لە مامۆستایانی وانەبێژ بەبۆنەی بوونیان بە مامۆستای گرێبەست داواكاریشین كە بەیەكجاری بەهەمیشەیی بكرێن، هەموو هەوڵێك بدرێت بۆ ئەوەی مامۆستایان و فەرمانبەرانیش لەهەمو ئەو پێشینانەی لە بانکە فەرمییەكان دەدرێت، سوودمەند بن.