شانازی بە کوردبوونی خۆیەوە دەکات

دینیز ئۆنداڤ، ئەو یاریزانە كوردەی لە سانتیاگۆ بیرنابیۆ گۆڵی لە ریاڵ مەدرید كرد

12:44 - 2024-09-24
وەرزش
70 جار خوێندراوەتەوە

لەجەولەی یەكەمیی یارییەكانی چامپیۆنس لیگی ئەم وەرزەدا، یانەی ریاڵ مەدرید یەكەم یاریی خۆی لە سانتیاگۆ بیرنابیۆ بەرامبەر یانەی شتوتگارت - ی ئەڵمانی كردو 3-1 یارییەكەی بردەوە.
ئەوەی مایەی سەرنج و تێڕامان بوو ئەوبوو یاریزانێكی كورد بە ناوی دینیز ئۆنداڤ تاكە گۆڵەكەی شتوتگارت - ی لە ریاڵ مەدرید كرد، ئەم یاریزانە كوردێكی ئێزدییە و بوو بەیەكەم كورد بتوانێت لە سانتیاگۆ بیرنابیۆ گۆڵ لە یانەی شاهانە بكات و دینیز خۆیشی خۆشحاڵی خۆی دەربڕیوە كە كودرێك لە سانتیاگۆ بیرنابیۆ گۆڵ لە ریاڵ مەدرید بكات.
ئەم یاریزانە كوردە شانازی بە كوردبوونی خۆیەوە دەكات، ناوی تەواوی دینیز عادل ئیۆ داڤ – ە، ناسراوە بە دینیز ئۆنداڤ، ساڵی 1996 لە شاری ڤارڵ لە ئەڵمانیا لە دایكبووە، خێزانەكەی ساڵی 1980 بەهۆی گوشاری رەگەزپەرستییەوە توركیا جێدەهێڵن و لە ئەڵمانیا دەگیرسێنەوە.
باوكی خەڵكی گوندی زاورای سەر بەشاری ئورفەی باكوری كوردستانە، دایكیشی ناوی عەدلە سەلمۆ شێخوایە و خەڵكی شاری حەسەكەی خۆرئاوای كوردستانە و لە عەشیرەتی شەرقیانە كە عەشیرەتێكی ناوداری ئێزدی سوریایە.
دینیز لەتەمەنی 7 ساڵییەوە چۆتە ئەكادیمیای ئاخیم (TSV)  و پاشان لەتەمەنی 14 ساڵیدا یاریی بۆ تیپی لاوانی یانەی ڤێردەر بریمەن دەكات.
ساڵی 2019 دەچێتە بەلجیكاو یاریی بۆ یانەی رۆیاڵ یۆنیۆن دەكات كە یانەیەكی بەشداریی خولی پلە دووی ئەو وڵاتە بووە، ساڵی 2022 رودەكاتە ئینگلتەرا و دەچێتە یانەی برایتۆن و لەگەڵ ئەم یانەیە دەبێت بە یاریزانی پریمەر لیگ، زۆر نابات یانەی شتوتگارت بۆندێكی 8:5 ملیۆن یۆرۆیی پێشكەش دەكات و دەگەڕێتەوە ئەڵمانیا و بۆ ئەم یانەیە یاریی دەكات و ئێستاش لەگەڵیاندا بەردەوامە.
لەبەر ئەوەی دایك و باوكی لە توركیاوە كۆچیان كردووە بۆ ئەڵمانیا و پێشتر لە توركیا ژیاون و رەگەزنامەی توركییان هەیە، توركیا بەرەسمی داوای لێدەكات یاریی بۆ هەڵبژاردەی توركیا بكات، دینیز ئەوە رەتدەكاتەوە  و بەپێچەوانەوە درێسی مانشافت هەڵدەبژێێت.

بابەتە پەیوەندیدارەکان