نەتەوە یەكگرتووەكان داوای هێورکردنەوەی دۆخی لیبیا دەكات

09:05 - 2022-07-03
جیهان
515 جار خوێندراوەتەوە

ئا: دیاری سابیر

دوای ئەوەی شەوی هەینیی رابردوو ژمارەیەك لە خۆپیشاندەران چوونە بینای پەرلەمانی لیبیا لە شاری تەبرەقی خۆرهەڵاتی وڵاتەكە و ئاگریان لە بەشێكی بەردا، دۆخی ئەو وڵاتە گرژتربوو، رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكانیش داوای هێوربوونەوەی دۆخەكە ‌و پاراستنی ئارامی لە لیبیا دەكات.
ستیفانی ولیامز راوێژكاری تایبەتی سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ لیبیا، لە تویتێكدا رایگەیاندووە، كە پێویستە رێز لە هاووڵاتیان بگیرێت ‌و مافی خۆپیشاندانی ئاشتییانەیان لێ زەوت نەكرێت، بەڵام هەڵكوتانەسەر بینای پەرلەمان كارێكی نەشیاوە و مایەی قبووڵ نییە. 
روونیشیكردۆتەوە: سەركردایەتیی لیبیا بەرپرسیارە ‌و پێویستە لە ئاستی رووداوەكاندا دان بەخۆیاندا بگرن.   
لە گەورەترین گردبوونەوەی ناڕەزایی لەماوەی چەند ساڵێكدا، رۆژی پێنجشەممەی رابردوو سەدان خۆپیشاندەر لە تەرابلوسی پایتەخت كۆبوونەوە ‌و داوای كارەبایان دەكرد ‌و رەخنەشیان لە گروپە چەكدار ‌و لایەنە سیاسییەكان گرت ‌و داوای هەڵبژاردنیان كرد. رۆژی دواتریش، دەیان خۆپیشاندەر لە نزیك بینای حكومەت گردبوونەوە ‌و دیسانەوە داوای كارەبایان دەكرد، هەروەها لە چەند شارێكی وەك بەنغازی ‌و بەیزا ‌و مەسراتە ‌و چەند شارۆچكەیەكی دیكەی لیبیا، خۆپیشاندان ‌و ناڕەزایی دەستیپێكرد. 
گرژییەكانی لیبیا دوای رۆژێك دێت لە كۆتاییهاتنی دانوستانی نێوان لایەنە ناكۆكەكان، كە بە سەرپەرشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان لە جنێڤ بەڕێوەچوو، بە ئامانجی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن، بەڵام بێئەنجام بوو.    
مۆسكۆ: رەنگە دۆخەكە لە كۆنترۆڵ دەربچێت
پێشتر، دیمیتری پۆلیانسكی جێگری یەكەمی نوێنەری هەمیشەیی روسیا لە نەتەوە یەكگرتووەكان رایگەیاند: بەهۆی كەمتەرخەمیی وڵاتانی خۆرئاوا ‌و ناكۆكییە ناوخۆییەكانی ئەو وڵاتەوە، رەنگە دۆخی لیبیا لە كۆنترۆڵ دەربچێت.
لە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیدا، دیمیتری پۆلیانسكی ئاماژەی بەوەداوە، كە بەهۆی ناكۆكییە بەردەوامەكانی لایەنەكانی لیبیا ‌و خەمساردیی وڵاتانی خۆرئاوا لە بەرامبەر دۆسێكە، پێدەچێت دۆخی ئەو وڵاتە لە كۆنترۆڵ دەربچێت. وتیشی: جارێكی دیكە تەئكید دەكەینەوە كە لە واقیعی لیبیادا هیچ بەدیلێك بۆ یەكلاكردنەوەی كێشەكە لەئارادا نییە، كە بە سەرپەرشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان بەڕێوەدەچێت ‌و هەرچەندە نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكان راسپێردراوە كە رۆڵی نێوەندگیری سەرەكی ببینێت، لەگەڵ ئەوەشدا دۆخەكە بەرەو ئاڵۆزیی زیاتر دەچێت. 

سەرچاوە: ئاژانسەكان

#نەتەوە یەكگرتووەكان

بابەتە پەیوەندیدارەکان