عیراق کارئاسانی بۆ لوبنانییەکان دەکات
نووسینگەی راگەیاندنی محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عیراق لە بەیانێکدا رایگەیاند: بە فەرمانی سەرۆک وەزیران، داوای لە دەزگا حکومییەکان کردووە، بەهۆی ئەو هێرشە سەربازییەی کە ئیسرائیل کردوویەتییە سەر لوبنان، هەموو کارئاسانییەک بۆ ئەو لوبنانیانە بکرێت کە لە عیراق دەژین یان بەرەو عیراق دێن. ئەوانەشی کە ئیقامەیان 30 رۆژی تێپەڕاندووە بۆیان تازەبکرێتەوە و هیچ سزایەکی یاساییش نەدرێن.
المدی
ئیسرائیل نامانەوێت هێرش بکەینە سەر لوبنان
دانی دانون باڵیۆزی ئیسرائیل لە نەتەوەیەکگرتووەکان لە نیویۆرک بە میدیاکانی راگەیاند: ئێمە نامانەوێت هێرشی بەرفراوان بۆ سەر لوبنان یان هیچ وڵاتێکی تری ناوچەکە بکەین، بەڵکو تەنها هێرشی ئاسمانی چڕ بۆ سەر بنکەکانی حزبوڵڵای لوبنان دەکەین.
وتیشی: ئێمە ئامادەین پێشوازی هەموو پێشنیازێکی جددی بکەین، کە ئامانجی ئاشتی و هێورکردنەوەی دۆخی ناوچەکە بێت.
الشرق الاوسط
ئیدانەی ئیسرائیل دەکرێت
لە دوای کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی هەر سێ وڵاتی (عیراق، ئەردەن، میسر) بەیانێکی هاوبەشیان دەرکرد و تێیدا ئیسرائیل تاوانبار دەکەن بەوەی کە بەردەوامیی جەنگ لە کەرتی غەززە و پەلاماردانی لوبنان، ناوچەکە بەرەو جەنگێکی فراوان و گشتگیر دەبات. لەهەمانکاتیشدا ئیدانەی هێرشە سەربازییەکانی ئیسرائیلیان بۆ سەر لوبنان کرد.
العربیة