خزمه‌تکردن به‌ هاووڵاتیانی ده‌ڤه‌ری بادینان

كاندیده‌كانی لیستی(129)ی یه‌كێتی پلان و بەرنامەی تۆکمەیان هەیە

10:28 - 2024-09-30
ڕاپۆرت
154 جار خوێندراوەتەوە

راپۆرتی/ ئه‌یاز هه‌ركی 


کاندیدەکانی لیستی (١٢٩)ی یەکێتیی نیشتمانیی كوردستان لە دەڤەری بادینان خاوەنی چەندین پڕۆژە و ئامانجی جیاوازن و کار بۆ خزمەتکردنی هاووڵاتیانی پارێزگای دهۆک دەکەن، بەتایبەتی کارکردن لەسەر ئازادیی رادەربڕین و زامنکردنی ماف و داواکارییەکانی هاووڵاتیان و ساڕێژکردنی برینی چه‌ندین ساڵه‌ی خەڵکی بادینان.

پاڵپشتیکردنی گەنجان
ره‌قیب مه‌حمود كاندیدی ژماره‌ (٥)له‌سه‌ر لیستی ١٢٩ له‌ پارێزگای دهۆك خاوەنی بڕوانامەی دبلۆم و رۆژنامەنووس بە کورستانی نوێی راگەیاند، کاردەکات لەسەر پاڵپشتیکردنی گەنجان و هاندانیان بۆئەوەی ببنە گەنجی داهێنەر و خاوه‌نکار، لەبەرئەوەی لە داهاتوودا هەرێمی کوردستان لەلایەن گەنجانەوە سەرکردایەتی دەکرێت، بۆیە بەرنامەی ئێستای یه‌كێتیمان لەپێناو گەنجان و باشترکردنی ژیانیان دەبێت، هەروەها پرۆژەیەکی دیکەم هەوڵدانە بۆ دابینکردنی یەکەی نیشتەجێبوون بۆ گەنجان و ئەوانەی تازە ژیانی هاوسەریی پێکدەهێنن.
وتیشی: هیوایەکی زۆرمان هەیە، لەم هەڵبژاردنەدا یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان دەنگێکی زۆر بەدەست بهێنێت و خەڵکی پارێزگای دهۆک هیوایەکی زۆریان بە یەکێتی هەیە.
بادینییه‌كان دڵخۆشن بە بەهێزی و کاریگەریی یەکێتی به ‌سه‌ركردایه‌تی سه‌رۆك بافڵ تاڵەبانی و گێڕانەوە‌ی باڵانس و هاوسەنگی هێز لە هه‌رێمی کوردستان، بە تایبەتی لە دەڤەری بادینان کە دەبێتە مه‌یدانی گۆڕانکاریی لە هەرێمی کوردستان و دامەزراندنی حکومەتێکی دادپەروەر.

هاوسەنگیی هێز 
بلبل شێخ عه‌بدوڵڵا به‌رگاره‌یی کاندیدی‌ ژمارە (٢١) لە لیستی‌ ١٢٩ی یه‌كێتی له‌ بازنه‌ی دهۆك، ساڵانێكی زۆرە لە راگەیاندن کاردەکات و وتی: لە پلانمدایە لە پەرلەمان کار بۆ پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و ئازادیی رادەربڕین و رۆژنامەگەریی ئازاد لە سنووری پارێزگای دهۆک بکەم، لەبەرئەوەی زۆرجار لە بادینان بەهۆکاری جیاواز و بەهۆی بیروڕای جیاوازی سیاسی، مافی مرۆڤ پێشێل دەکرێت.
وتیشی: دەنگدەرانی پارێزگای دهۆک دڵنیادەکەمەوە کە هاوسەنگیی هێز لە کوردستان تەنها لەلایەن یەکێتییەوە دەتوانرێت بگۆڕدرێت و ئەو کارە بەهیچ هێزێکی دیکە ناکرێت، یەکێتی له‌ پارێزگای دهۆکه‌وه‌ کار بۆ گۆڕانكاریی دەکات، بادینان ئەو شوێنەیە کە گۆڕانکاری سیاسی له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا تێدا دەکرێت، یەکێتی خاوەنی ئەم سنوورەیە و شۆڕشی نوێی گه‌لی كوردستان لە ساڵی 1976 لە بادینانه‌وه‌ دەستی پێکرد و دەیان شەهیدمان هەیە.

داکۆکیکردن لە دەنگی ئازاد

هاوکات عه‌بدولحه‌مید ره‌مه‌زان مه‌ندانی كاندیدی ژماره(‌١٩) له‌ لیستی ١٢٩ی یه‌كێتی له‌ بازنه‌ی دهۆك، خاوەنی بڕوانامەی ماستەر لە زمانی کوردیدا وتی: داكۆكیكارێكی بەردەوامم لە دەنگی ئازاد لە ده‌ڤه‌ری بادینان، چەند جارێکیش لەسەر داواكردنی مافی مامۆستایان و فەرمانبەران بەشێوەیەکی ئاشتییانە لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانی دهۆکەوە دەستگیرکراوم و راگیراوم. 
وتیشی: کاندیدی چینی هەژارانی پارێزگای دهۆکم و ئومێدێکی زۆرم بە یەکێتی و بەتایبەت سه‌رۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی هەیە، چونکە سەرکردەیەکی جدی و رژده‌ لە بڕیار و کاردا و هەڵوێستێكی حزبی و نەتەوەیی جێگیریی هه‌یه‌ و خۆی بە خاوەنی گەلی کورد لە هەموو پارچەکانی کوردستان ده‌زانێت.

کارکردن بۆ ئێزدییەکان
لەلایەکی دیکەوە سه‌ربه‌ست شوكری حاجی كاندیدی ژماره‌(٨) له‌سه‌ر لیستی ١٢٩ی یەکێتی له‌ پارێزگای دهۆك دەڵێت: لە پەرلەمان گرنگی بە توانای گەنجان و وەرزشوانانی پارێزگای دهۆک دەدەم و هەوڵدان بۆ چارەسەرکردنی مووچەی فه‌رمانبه‌رانی هەرێمی کوردستان دەبێتە بەرنامە و کاری سەرەکیم.
وتیشی: تەنها کوردی ئێزدیم لە لیستی ١٢٩ی یەکێتی لە پارێزگای دهۆک، لە کابینەکانی پێشووتردا بینیمان کە بۆشاییەکی زۆر هەیە بۆ کوردانی ئێزدی لە پەرلەمانی کوردستان، لەبەرئەوە لە پەرلەمان داکۆکی لە ماف و داواکارییەکانی ئاوارەکانی شنگال دەکەم، هیوایه‌كی زۆرمان هه‌یه‌ دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان به‌ سەرکردایەتی یەکێتی گۆڕانکاریی گەورە لە هەرێمی کوردستاندا 
دێتە ئاراوە.

#129

بابەتە پەیوەندیدارەکان