لە میدیاکانی سوریاوە

10:43 - 2024-10-06
جیهان
125 جار خوێندراوەتەوە

دەرگامان لەبەردەم هەموو دەستپێشخەرییەکدا ئاوەڵایە بۆ هاوکاریی ئاوارەکانی لوبنان

 رۆژنامەی (تشرین)ی چاپی دیمەشق راپۆرتێکی بڵاوکردووەتەوە و تێیدا ئاماژەی بە ناوەڕۆکی کۆبوونەوەیەکی د.محەمەد غازی جەلالی سەرۆک وەزیران لەگەڵ حسێن ئەکبەری باڵیۆزی ئێران داوە کە هەردوولا جەختیان لەسەر پێویستیی بەهاناوەچوونی خێرای ئاوارە لوبنانییەکان کردووەتەوە و بڕیاردراوە کە ئاسانکاریی لە هەندێک رێوشوێندا بکرێت بۆ پێشوازیکردن و دەستەبەرکردنی پێداویستییە هەنووکەییەکانیان.   
لەوبارەیەشەوە د. جەلالی ئەوەی روونکردووەتەوە کە وڵاتەکەی دەرگای کراوەیە بەڕووی هەر دەستپێشخەرییەکدا کە هاوکار بێت لە بواری پێشکەشکردنی پشتیوانی بۆ ئاوارەکانی لوبنان و لەو رووەوە سوریا دەرگای لەبەردەمیاندا کراوەیە.
لای خۆشییەوە باڵیۆزی ئێران ئامادەیی وڵاتەکەی دەربڕیووە بۆ پێشکەشکردنی هەموو جۆرە هاریکارییەک بەو ئاوارە لوبنانییانە بەهاوئاهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی سوریادا  


روسیا و چین ئاهەنگی 75 ساڵەی پەیوەندییەکانیان دەگێڕن

 رۆژنامەی (الثورة‌)ی زمانحاڵی حزبی بەعسی فەرمانڕەوای سوریا ناوەڕۆکی دوو نامەی ئاڵوگۆڕکراوی نێوان سەرۆکی چین و روسیای بڵاوکردووەتەوە کە بەبۆنەی 75- ەمین ساڵڕۆژی دامەزراندنی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتەوە ئاراستەی یەکترییان کردووە.
لەوبارەیەشەوە شی جین پینگ سەرۆکی چین و ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی روسیا لە نامەکانیاندا ئامادەییان نیشانداوە بۆ فراوانکردنەوەی بازنەی هاریکاریی هەمەلایەنەی نێوان هەردوو وڵات و گەلی روسیا و چین و پتەوکردنی هاوبەشیی ستراتیژیی نێوانیان بۆ هێنانەئارای جیهانێکی فرە جەمسەر و تێیدا هاتووە «چین و روسیا دوو دەوڵەتی گەورەی جیهانن و خاوەنی دوو بازاڕی گەشەسەندووی سەرەکین».

بایدن دەستەوستانە لەدانانی کاریگەریی لەسەر رووداوەکانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست
رۆژنامەی «الوطن»ی چاپی دیمەشق لە راپۆرتێکیدا کە لە رۆژنامەی لۆڤیگارۆی فەرەنساوە وەریگێڕاوە، ئاماژە بە  دەستەوستانیی جۆ بایدنی سەرۆکی ئەمریکا دەکات لەوەی بتوانێت کاریگەریی لەسەر رووداو و پێشهاتەکانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دابنێت. ئاماژەشی بەوە داوە کە بایدن جڵەوی دەستپێشخەریی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا لەدەستداوە لەدوای شکستهێنانی لە هەوڵەکانی بۆ گەیشتن بە ئاگربەست لە هەریەکە لە غەززە و لوبنان.

فەتحوڵڵا حسێنی ئامادەی دەکات

بابەتە پەیوەندیدارەکان