كوردەوان محەمەد سەعید
پیسبوونی ژینگە تەنیا پیسبوونی ئاو، خاك، هەوا ناگرێتەوە، بەڵكو پیسبوونی دەنگیش دەگرێتەوە، بە ژاوەژاو و دەنگی بەرز، ژاوەژاو بە دیسەبڵ دەپێورێ، دەنگی هەناسەی ئاسایی مرۆڤ 10 دیسەبڵە، چرپە 20 دیسەبڵە، ترپەی باران 50 دیسەبڵە. كاتێك دوو كەس بە شێوەی ئاسایی قسە دەكەن، ئەو ژاوەژاوەی بە دەنگیان دروستی دەكەن دەگاتە 60 دیسەبڵ، لە چێشتخانە سەرە قابلەمەیەكت لەدەست دەكەوێتە خوارەوە دەنگەكەی دەگاتە نزیكەی 80 دیسەبڵ. دەنگی بەفرگرەكەت 50 دیسەبڵە، جلشۆری كارەبایی دەنگی دەگاتە 75 دیسەبڵ، گسكی كارەبایی دەگاتە 85 دیسەبڵ، هۆڕنی ئۆتۆمبێل 100 بۆ 110 دیسەبڵ دەبێت، هەورەبروسكە 120 دیسەبڵە، لە كاتێكدا ژاوەژاو کە دەگاتە سەرووی 80 دیسەبڵ بۆ تەندروستی باش نییە.
ئەم زانیارییانە لە سەرچاوەی زانستیی جیاجیا وەرگیراون، بەڵام پێویستە ئەوەش رەچاو بكرێت، بە پێی دوور و نزیكیی سەرچاوەی دەنگەكە لە گوێی مرۆڤەوە، ئاستی دەنگەكە و ژاوەژاوەكە دەگۆڕێت، بۆ نموونە چرپەی مرۆڤ كە 20 دیسەبڵە، دەبێ مەودای نێوان بیسەر و خاوەن چرپە 1.5 مەتر بێت، یان كە دەوترێ دەنگی تەقاندنی تۆپێك 150 دیسەبڵە، ئەو قسەیە كاتێك راست دەردەچێت كە 150 مەتر لێمانەوە دوور بێت.
زۆربوونی ژمارەی دانیشتوان
لەگەڵ زۆربوونی ژمارەی دانیشتوانی سەر زەویدا، پیسبوونی ژینگەش بە ژاوەژاو زیاد دەكات، راپۆرتێكی رێكخراوی تەندروستی جیهانی دەریدەخات، تەنیا لە سنووری یەكێتیی ئەوروپادا، بەهۆی كاریگەرییەكانی ئەو دیاردەیەوە ساڵانە 12 هەزار كەس رووبەڕووی مەرگی پێشوەختە دەبنەوە. لە ئەمریكاش زیاتر لە 100 ملیۆن كەس ژاوەژاو كاریان تێدەكات، بەڵام لای خۆمان گرنگیی پێنادرێت، هۆكارەكەش نەبوونی هۆشیاریی گشتییە، رەنگە تا ئێستاش زۆر كەس نەزانێ ڤڕەڤڕی ماتۆڕێك ژاوەژاوەكەی چەند دیسەبڵە و چەندە كار دەكاتە سەر تەندروستیمان، كە دەگاتە 110 دیسەبڵ، یان دەنگی ئاژێری ئامبوڵانس دەگاتە 120 دیسەبڵ، یان دەنگی موەلیدەی كارەبای گەڕەك، بەكارهێنانی بڵندگۆ لەلایەن فرۆشیارە گەڕۆكەكانەوە، ژاوەژاوی ئۆتۆمبێلیش لەولاوە بوەستێ، هەڵبەتە تەقاندنی فیشەكە شێتە و تەقەی خۆشیشمان بیر نەچێت كە دیسەبڵیان لە زۆربەی ئەوانەی باسكران بەرزترە.
دەبنە هۆی پیسبوونی ژینگە
هەموو ئەمانەی باسمانكرد، ژاوەژاوێكی زۆر دروست دەكەن و دەبنە هۆی پیسبوونی ژینگە بە ژاوەژاو. زۆر وڵات لێكۆڵینەوەیان لەسەر كردووە و لە هەوڵی دۆزینەوەی چارەسەری زانستیانەدان، بەڵام لە هەرێمی كوردستان كەس بیری بۆ ئەوە ناچێت، هەموو ئەو دەنگانەی لە 85 دیسەبڵ تێدەپەڕن، كارەسات دروست دەكەن و ژینگەی ژیانمان لێ تێكدەدەن، لەبەرئەوە هەڵمەتێكی هۆشیاریی بۆ گەیاندنی هەموو ئەو زانیاریانە بە رای گشتی پێویستە، لەمەشدا ئەركی سەرەكیی دەكەوێتە سەر شانی لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكومەت و رێكخراوە مەدەنییەكان و رۆشنبیران، هەروەها داڕشتنی پڕۆژەیاسای تایبەت بە پاراستنی ژینگە لە پیسبوون، هەنگاوێكی ترە بۆ كەمكردنەوەی ئاستی پیسبوونی ژینگە بە ژاوەژاو، لایەنی كەم موەلیدەكانی كارەبای گەڕەك لاببەن و بەكارهێنانی بڵندگۆ لەلایەن فرۆشیارە گەڕۆكەكانەوە قەدەغە بكرێت و ڤڕەڤڕی ماتۆڕیش سنووردار بكرێت.