قوباد تاڵەبانی: ئەمڕۆ خەڵک خۆیان بە خاوەنی یەکێتی دەزانن

06:28 - 2024-10-10
کوردستان
671 جار خوێندراوەتەوە

لە درێژەی سەردانەکانی بۆ ناحیە و گوندەکانی ئیدارەی راپەڕین، قوباد تاڵەبانی، لێپرسراوی مەکتەبی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال لەگەڵ دانیشتوانی ناحیەی خدران و گوندەکانی بناری کۆسرەت کۆبووەوە.
 لە کۆبوونەوەکەدا قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەکرد لە ساڵانی رابردوودا بەشێکی گەورەی هاوڵاتییان بەهۆی بێهیوابوون لە گۆڕانکاری و لاوازی و ناکۆکی لەناو ریزەکانی یەکێتی و ساختەکاری لە هەڵبژاردنەکاندا ئامادەنەبوون بەشداری لە هەڵبژاردندا بکەن. بەڵام یەکێتی نوێ بە سەرۆکایەتی بافڵ جەلال تاڵەبانی هیوایەکی گەورەی بۆ کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان گەڕاندوەتەوە.
قوباد تاڵەبانی راشیگەیاند ئێستا قۆناغێکی نوێ دەستی پێکردوە، خەڵک ئێستا خۆیان بە خاوەنی ئەم یەكێتییە نوێیە دەزانن، چونکە یەکێتی لە سێ ساڵی رابردوودا خۆی رێکخستووەتەوە و بووەتەوە بەو یەکێتییەی خەڵک داوایان دەکرد.
روونیشی کردەوە کە سەرۆک بافڵ لەم سێ ساڵەدا هەم توانی ریزەکانی یەکێتی رێک بخاتەوە و هەم بەشێکی گەورەی چین و توێژە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵگای لەگەڵ یەکێتی ئاشت کردەوە و دەرگاشی بەڕووی هەرچەشنە ساختەکارییەکی پارتی لە هەڵبژاردندا داخست، هەربۆیە ئەمڕۆ خەڵک لە هەر کاتێکی دیکەدا زیاتر هیوایان بە گۆڕانکاری لە شێوازی حکومڕانیدا هەیە.
لێپرسراوی مەکتەبی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال دوای ئاماژەدان بە دۆخی لایەنەکانی دیکە و خواستی کۆمەڵگا بۆ گۆڕانکاری لە حکومڕانی، رایگەیاند ئێستا تەنها لایەنێک کە هەم خواست و ئیرادەی گۆڕانکاری هەبێت و هەم کەرەستە و هێز و توانای پێویستی هەبێت، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە. وتیشی وەکچۆن لە دوو ساڵی رابردوودا لە چەندین وێستگەدا سەرۆک بافڵ و یەکێتی ستۆپیان بە پارتی کردووە، لەم هەڵبژاردنەشدا جارێکی دیکە ستۆپ بە پارتی دەکەین و کۆتایی بە خۆسەپێنی دەهێنین.

بابەتە پەیوەندیدارەکان