یەکەم هەنگاوی گۆڕانکاریی کۆمەڵایەتی، لە بارهێنانی لۆژیکی منداڵەوەیە!

11:39 - 2024-10-17
کەلتور
127 جار خوێندراوەتەوە

پ. ی. د.ماجد خەلیل فەتاح

پەروەردە ئاکارێکی ژیرانەیە و هەردوو زەمینەکانی کۆمەڵناسی و سایکۆلۆژی پێکڕا دەبنە سەرچاوەی سەرەکی هەناسە پێدانی. لە یەکەمدا ئامانج و لە دووهەمیاندا هۆکاری پەروەردەییان پێ دیاری دەکرێت

بەردەوام لۆژیکی منداڵ، بە بوونێکی بێگەرد و سادە لێکدراوەتەوە، چی جای ئەوەی سەرچاوەی گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکان بێت. نەخێر، مادام گۆڕانکاریی کۆمەڵایەتی کاریگەرییەکانی وابەستەن بە پێشینە و توراسی تیۆرە کۆمەڵایەتییەکانی بارهێنانی بزاوتە کۆمەڵایەتییەکانەوە، کەواتە کادیرێکی کۆمەڵایەتی گەر بمانەوێ هەر تیۆرێکی تێڕامانە عەقڵییەکان کاریگەربن لەژیانیدا، ئەوا ناتوانین، یاخود زەحمەت دەبێت بۆمان، یاخود گەر بشتوانین، ئەوە گۆڕانکارییەکی جدی و جیاوازمان ئەنجام نەداوە لەسەری بەڵکو گۆڕانێکی ساختەمان لەسەری دروستکردووە، وەڵامێکی ناڕاستمان لەکەسەکەوە وەرگرتووە، بۆیە لەگەڵ یەکەمین ئەزموونی واقیعی ئەو کەسەدا دواجار تووشی شۆک دەبین. بۆیە پێویستە کەسێک بکەوێتە داوی دنیابینی پەروەردەیی و پەیامی گۆڕانکارییەوە کە لە تافی زارۆیدا، زمانی بە باوەڕە پەروەردییەکان گۆی کردبێت. هیچ جوڵانەوەیەکی کۆمەڵایەتی نەیتوانیوە نەریتی کۆمەڵایەتی بگۆڕێت، هەتاوەکو لە منداڵەوە مامەڵەی گۆڕانکارییەکانی تەققەیان نەهاتبێت. 

درەنگتر فەرامۆشیان دەکات
ئەوە زانستە وامان پێدەڵێ، کەواتە تا گۆڕانکارییەکی کۆمەڵایەتی بە ئاڕاستەی بنەما ئەخلاقییەکانی کۆمەڵگە رووبدەن، ئەوا دەبێت لە منداڵەوە دەست پێبکەین. دەبێ لە منداڵەوە لایەلایەی خەونەکانی گۆڕانکاریمان گۆشکردبێت. دەبێت لە منداڵییەوە بانگی بەها و ئەخلاق و راستگۆیی و ئینتیما و جوانی بە گوێیدا بدرێت. منداڵ بوونەوەرێکە زووتر یادەوەرییە پەروەردەییەکان فێر دەبێ و درەنگتر فەرامۆشیان دەکات. بە پێچەوانەی گەورەکانەوە کە ئەستەمە هەر یادیان بگرێت، یادیشیان بگرێت زوو فەرامۆشیان دەکات. 
ئێمە دەزانین، کە چەمک و چوارچێوەی پەروەردە گەلێ گشتگیرە، کە کۆی چالاکییەکانی پەروەردە و پێگەیاندن و فێرکردن و بارهێنان لەخۆدەگرێت. کەوایە هەموو ئەو چەمکانە وابەستەی ویژدانی زارۆیین. یانی پەروەردە پێناوێکی منداڵانەیە، تۆوێکە دەبێ لە خاکی خەیاڵدانی منداڵدا بچێنرێت، ئیتر لە واقیعی گەورەییدا بە باشی گەشە دەکات. بۆیە پەروەردە ئاکارێکی ژیرانەیە و هەردوو زەمینەکانی کۆمەڵناسی و سایکۆلۆژی پێکڕا دەبنە سەرچاوەی سەرەکی هەناسە پێدانی. لە یەکەمدا ئامانج و لە دووهەمیاندا هۆکاری پەروەردەییان پێ دیاری دەکرێت.
 بۆ زیاتر بەرچاوڕوونی ئەم روانگەیە بەراودی وڵاتانی پێشکەوتوو لەگەڵ واقیعی کۆمەڵی کوردی دەکەین.  

لەڕووی پێشکەوتنی زانستییەوە
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا رێژەی سەروی 50 ٪ داهاتی نەتەوەیی خۆی، بۆ پرۆسەی پەروەردە و خوێندن تەرخان کردووە، یانی وابەستەیە بە پەروەردەی بنەڕەتییەوە. ئەم بایەخەیان لەپاش رووخانی یەکێتیی سۆڤییەت وەها لێکدایەوە. چونکە نیازیان بوو تاکجەمسەری تەڕحێکی گەردوونی گەورەکان بێت. ئەوەبوو لە ساڵی 1992 وایان لێکدایەوە ئەگەر پرۆسەی خوێندن بەو شێوەیەی کە لە وڵاتەکەیاندا هەیە، بەردەوام بێت، ئەوا دوای بیست ساڵی تر مەترسی بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەییان لە لایەن ئەڵمانیا و یابانەوە، لەڕووی پێشکەوتنی زانستییەوە لەسەر دروست دەبێت! چونکە ئەڵمانیا ببوویەوە بە یەک و دیواری بەرلین رووخابوو. یابانیش لەڕووی پەروەردەییەوە، جیلی پاش جەنگی دووەمی جیهانی لە عەقڵی کامڵی چلەکاندا چارەنووسی زانستە فیزیکییەکانی مرۆڤایەتی لەدەستدا بوو. 
بۆیە کۆنگرێسی ئەمریکی یڕیاری ریفۆرمی پەروەردەی (Education Reform) ی لەو ساڵەدا دەرکرد. بەشی گرنکی ریفۆرمی پەروەردەیش خۆی یەکلا کردەوە بۆ گیانی منداڵ. لە منداڵەوە لۆژیکی کۆمەڵێکی ساغڵەم سنووری بۆ کێشرا. ئێمە لە توێژینەوە زانستییەکانەوە، کە لە زانکۆی کامبریج، ساڵی 2019 دێڕێکی کاریگەرمان لە راسپاردەیاندا هەڵهێنجا، کە ئاڕاستەی کۆی وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی پەیوەست بە ئەخلاقی کۆمەڵایەتی کرابوو. لەوێدا هاتبوو، لەبری ئەوەی زەوقی زانست لە تەکنیکی زیرەکی دەستکرد، یان وردی کامێراکانی چاودێری، یان خێرایی ئۆتۆمبێلەکانی فریاکەوتن، یان لێهاتوی لێکۆڵینەوە لە تاوان تاو بدەین، زۆر ئاسانە، لە زیهنییەتی منداڵانی ئینگلیزدا، تۆوی بڤڤەبوونی دزی، دەستدرێژی، تاوان، درۆکردن، خیانەت بچێنین، ئەوجا دەبینە خاوەنی کۆمەڵگەیەک کەمترین پێویستیمان بە کامێرای چاودێری دەبێت. ئەوکات کامێرای زیهنی و رۆحی لە مێشکی منداڵەکانمان بەستراوە بۆ هەتا هەتایە. هەڵبەتە لە ئایینە ئاسمانییەکانەوە بەتایبەتی لە ئایینی ئیسلامەوە ئەم ئامۆژگارییە جەختی لەبارەوە کراوەتەوە، بۆیە بابەتی بارهێنانی منداڵ، یەکەم هەنگاوی ئاسانکاریی و ئاوەدانکردنی کەلتورە کۆمەڵایەتییەکانە بە رازانەوەی ریفۆرم و بە بەرگرتنی بەرهەمی عەقڵ و ئاوەزە ئەخلاقییەکان.

بابەتە پەیوەندیدارەکان