ئەمازۆن، دەیەوێ بێتە ناو ژیانی هەموومانەوە..!

11:21 - 2024-10-22
ئابووری
106 جار خوێندراوەتەوە
#بارەگای ئەمازۆن

ئا: كوردەوان محەمەد سەعید


كۆمپانیای ئەمازۆن، كە تایبەتە بە كڕین و فرۆش لە رێگەی ئۆنلاینەوە و بارەگاكەی لە شاری سیاتڵی سەر بە واشنتۆنە، لەم ساڵانەی دواییدا بە رادەیەك فراوان بووە، كە هەندێك جار بە ئیمپراتۆری بازرگانیی ئەلیكترۆنی ناوی دەبرێت و ئێستاش بە نیازە گۆڕانكارییەكی گەورەتر بكات و كارەكانی هێندەی دیكە فراوان بكات، بەڵام ئەم جارەیان فراوانكارییەكەی بواری بەكارهێنانی زیرەكی دەستكرد و رۆبۆت و چاودێریی تەندروستی بەكاربەرەكانی و تەنانەت بابەتی كات بەسەربردن و خۆشگوزەرانیش دەگرێتەوە.
هەنگاوی یەكەمی ئەمازۆن لە بواری گەیاندنی كاڵا و شمەكەكاندایە، كە سیستمێكی نوێی ئەلیكترۆنی بەكار دەهێنێت بۆ راییكردنی كاروباری كارگێڕی ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەكان، بۆ كورتكردنەوەی كات لە كاتی گەیاندنی شمەك و كاڵا بە دەستی كڕیاران و بەم سیستمەش كاڵاكان بە زووترین كات دەگەنە دەستی بەكاربەر. دۆج هێرینگتۆن سەرۆكی بەشی كۆگای كاڵاكان لەو بارەیەوە رایگەیاند: ئۆتۆمبێلەكانی گەیاندن لەمەودوا زۆر بە ئاسانی و بە شێوەیەكی پراكتیكی وەڵامی دوو پرسیار  دەدەنەوە: كەی دەگاتە جێ و دەوەستێ؟ لەگەڵ چی هێناوە بۆ بەكاربەر؟

هانا ماكلیلان سەرۆكی دەرمانخانەی ئەمازۆن: لەمەودوا دەرمانخانەیەك بنیات دەنێین، وەكو ئەوە وایە لە گیرفانی خۆتدا بێت، چونكە دەرمانەكان لە كەمترین كاتدا دەگاتە بەردەرگاكەت

ژمارەی بەكاربەران زیاد دەكات
هێرینگتۆن ئاماژەی بەوەشكرد، هەر كات توانیمان پرۆسەی گەیاندنی كاڵاكان خێراتر بكەین، بەكاربەرانیش كڕین و فرۆش زیاتر دەكەن، بە واتایەكی دیكە ژمارەی بەكاربەرانیش زیاد دەكات، بە تایبەتیش كە لە ساڵی 2024دا ئەمازۆن سیستمیش (برایم) بەكار دەهێنێت بۆ گواستنەوە و گەیاندنی كاڵاكان، كە خێراترین سیستمی گواستەوەیە لەسەر ئاستی جیهان.
ساڵی رابردوو كۆمپانیای ئەمازۆن توانی بڕی 45 سەنت لە تێچووی گواستنەوەی هەر كاڵایەكدا كەم بكاتەوە، ئەو بڕە پارەیەش لە كۆی گشتی ئەو كاڵایانەی دەگەیەنرێنە دەستی بەكاربەر پارەیەكی یەكجار زۆر دەكات، هەر لە ساڵی رابردوودا كۆمپانیاكە 575 ملیار دۆلار داهاتی ناسافی هەبوو، كۆی گشتی قازانجیشی لەو داهاتە گەیشتە 30 ملیار دۆلار.

سیستمی برایم
سوزی دیڤیدخانیان پسپۆڕ لە دامەزراوەی (ئی - ماركێتەر) لەبارەی هەنگاوی نوێی ئەمازۆنەوە دەڵێ: هەموو بودجەی خزمەتگوزارییەكانی لە خولگەی (ئەمازۆن - برایم)دا دەستوڕێتەوە، واتە بودجەیەكی زەبەلاحی بۆ سیستمی (برایم) تەرخان كردووە، ئەو سیستمەش وەكو كەتیرە وایە سەرجەم كارەكانی كۆمپانیاكە بە یەكەوە دەبەستێتەوە و لێناگەڕێ پەرش و بڵاو بن.
ئەمازۆن، زۆر جاریش پێش دەوترێ ئەمازۆن دۆت كۆم، لە چەند بوارێكی جیاجیادا كار دەكات وەك: فرۆشتن بە تاك، ریكلام، خزمەتگوزاریی وێب كڵۆد، سەكۆی پەخش، لەگەڵ بەرهەمهێنانی فیلم و میوزیكدا، ئەم فراوانییەش لە كارەكانیدا وایكردووە حكومەتی ئەمریكا سكاڵای لەسەر تۆمار بكات و بەوە تۆمەتباری بكات كە قورغكاریی لە بازاڕی كاردا دەكات و زیان بە توانای ركابەریی دەگەیەنێت.

بەكارهێنانی زانیاریی بەكاربەران
سوزی دیڤیدخانیان دەڵێ: ئەمازۆن لەو زانیارییانەوە پارەی دەست دەكەوێت، كە لە بەكاربەرانەوە دەستی دەكەوێت، ئەویش بەهۆی بە ئامانجگرتنیان لە رێگەی ریكلامەوە، چونكە لەو رێگەیەوە بە ئاسانی دەتوانێت حەز و خواستی بەكاربەران بخوێنێتەوە و لەوە، هەر لەبەر ئەوەش پارەیەكی زۆری داوە بۆ كڕینی مافی پەخشكردنی یارییەكانی تۆپی پێ، تا زانیاری لە بارەی حەز و ئارەزووی هاندەرانی تۆپی پێوە زانیاری دەست بكەوێت و بزانێت ئە توێژە لە خەڵكی زیاتر چی بەكار دەهێنن.
ئەمازۆن لە رێگەی پرۆگرامی (ئەلێكسا)وە لەمەودوا یارمەتی ماڵان دەدات لە كڕێنی پێویستییەكانی رۆژانەیاندا، بۆ نموونە لە كاتی كڕینی جلشۆر و قاپشۆری ئیۆتۆماتیكدا، خودی ئامێرەكە پەیوەستكراوە بە سیستمەكەوە و هەر كاتێك تۆز یان شامپۆی جلشتن و قاپشتن تەواو بوو، دەتوانێ راستەوخۆ بیكڕێت و بە ئۆنلاین داوای بكات. 

وان میدیكاڵ تەنیا بە نۆ دۆلار
لە بواری چاودێریی تەندروستیشدا ئەمازۆن خزمەتگوزارییەكی پێشكەش دەكات بە ناوی (وان میدیكاڵ)، ئەم سیستمەش دەتوانێ رێنمایی و ئامۆژگاری راستەوخۆ لە پسپۆڕانی بواری چاودێریی تەندروستیدا وەربگرێت و نرخەكەشی بۆ یەك مانگ تەنیا نۆ دۆلارە، هەروەها ئەمازۆن دەرمانخانەكانیش دەتوانن لە رێگەی كۆمپانیای ئەمازۆنەوە دەرمانەكانیان بە زووترین كات بگەیەنن بە دەستی نەخۆشەكان، لەو رووەشەوە وەك هەنگاوی یەكەم ئەمازۆن ئامانجییەتی تا كۆتایی ئەم ساڵ لە ماوەی كەمتر لە 24 سەعاتدا دەرمان و پێویستییەكان بگەیەنێتە لانیكەم %45ی بەكارەبەران.
بەیارەت بەم هەنگاوە تازەیەی كۆمپانیای ئەمازۆن هانا ماكلیلان سەرۆكی دەرمانخانەی ئەمازۆن دەڵێ: لەمەودوا دەرمانخانەیەك بنیات دەنێین، وەكو ئەوە وایە لە گیرفانی خۆتدا بێت، چونكە دەرمانەكان لە كەمترین كاتدا دەگاتە بەردەرگاكەت. سوزی دیڤیدخانیانیش لەو بارەیەوە دەڵێ: ئەم خزمەتگوزارییە داهاتی زۆر بۆ ئەمازۆن مسۆگەر دەكات، چونكە سەكۆیەكی ئەلیكترۆنییە و هەوڵ دەدات هەموو شتێكی بۆ بەكاربەر هەبێت.

یەكەم كۆگای ئۆتۆماتیكی
بەراورد بە هەنگاوەكانی ئەم دواییەی كۆمپانیای ئەمازۆن، كۆگا باوەكان كۆن بوون و پێویستیان بە نوێكردنەوە هەیە، چونكە پێشتر یەكێك لە گەورەترین ئاستەنگەكان وەرگرتن و كۆكردنەوەی كاڵاكان بوو لە یەك جێگا و دواتر باركردن و بەڕێكردنیان بۆ دەستی كڕیار، ئێستا ئەمازۆن بۆ چارەسەری ئەو كێشەیە بە نیازە یەكەم كۆگای بچووكی ئۆتۆماتیكی لە ویلایەتی پنسلڤانیا بكاتەوە، بەو شێوەیەش كڕیار زۆر بە ئاسانی دەتوانێ لە رێگەی ئینتەرنێتەوە میوە، یان هەر شتێكی بوێت بیكڕێت و لە رێگەی رۆبۆتەوە لیستی هەموو ئەو شمەك و كاڵایانەی داوای كردووە، بۆ ئامادە دەكرێت.ئەمازۆن لە رێگەی زیرەكی دەستكردیشەوە، بە وردی لە خواستی بەكاربەر دەكۆڵێتەوە و لە كەمترین ماوەدا یارمەتی كڕیار دەدات لە یەكلابوونەوەیدا بۆ كڕینی كاڵایەكی دیاریكراو و لە ئێستاشەوە رۆبۆتەكانی ئەمازۆن دەستبەكار بوون لە سەنتەری خزمەتگوزارییە لۆجستییەكان لە نزیك ناشفێڵی ویلایەتی تێنیسی، لەو سەنتەرەدا عەرەبانەی زیرەك و رۆبۆتەكان زۆر بە خێرایی و خواستی كڕیاران جێبەجێ دەكەن.

سەرچاوە: CNN

بابەتە پەیوەندیدارەکان