سەرکەوت عەلی حەبیب
زانکۆی سلێمانی مێژوویەکی پڕ شانازی هەیە و یەکەمین زانکۆی هەرێمی کوردستانیش بووە. هەر لە سەرەتای دامەزراندییەوە، مەڵبەندێکی گرنگ و پڕبایەخی کەلتووری بووە بۆ شاری سلێمانیی و هەرێمی کوردستان. خۆشبەختانە ئەمساڵیش پلەی یەکەمی هێنا لە ریزبەندی باشترین زانکۆکانی عیراق، ئەمەش شانازییەکی ترە بۆ ئەم زانکۆیە و گەلی کوردستان.
ساڵی 1970، لە پێشبڕکێی لۆگۆ بۆ زانکۆ، کە 20 کەس بەشداربوون، لە نێو ئەو 20 لۆگۆیەدا، لۆگۆی ئەندازیار کەمال عەبدوڵڵا، پەسەند کرا
زانکۆی سلێمانی خاوەنی لۆگۆیەکی جوانە، لە پشت ئەم وێنەیەشەوە، چیرۆکێکی زۆر سەرنجڕاکێش و جوان هەیە. لێرەدا دەمەوێت باسی ئەو چیرۆکە بکەم.
زانكۆی سلێمانی بە پێی بڕیارێکی حكومەتی عیراق، یاسای ژمارە 143ی1968.10.23 دامەزرا و لە سەرەتای ساڵی خوێندنی1968-1969 كرایەوە. لە سەرەتادا زانكۆ، چوار كۆلێژ بوو کە ئەوانیش بریتی بوون لە : زانستەكان، ئاداب، ئەندازیاری و كشتوكاڵ.
لە سەرەتای دامەزراندنی زانکۆی سلێمانییدا، لۆگۆی زانکۆ لەلایەن مامۆستا (عەلی عومەر)ی جواننووس دروست کرا، بڕوانە لۆگۆی ژمارە (1) ساڵی 1970، لە پێشبڕکێی لۆگۆ بۆ زانکۆ، کە 20 کەس بەشداربوون، لە نێو ئەو 20 لۆگۆیەدا ، لۆگۆی ئەندازیار کەمال عەبدوڵڵا، پەسەند کرا، بڕوانە لۆگۆی ژمارە (2) هەروەها خەڵاتەکەشی 50 دیناری عیراقی، چاپی سویسری بوو.
ئەندازیار کەمال عەبدوڵڵا، کەسێکی دیار و ئەندازیارێکی چالاک و بە توانایە، هەمیشە جێ دەستی لە خزمەتکردنی شاری سلێمانیدا دیارە. هیوای تەمەندرێژی و لەشساغی بۆ دەخوازین.
لۆگۆی زانکۆی سلێمانی، کێ دروستی کرد؟ کەی دروست کرا؟
لە میانەی چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئەندازیار کەمال عەبدوڵڵا، وتی: لۆگۆی زانکۆی سلێمانی (مەبەست لۆگۆی ژمارە 2)ە، بەرهەمی دەست و پەنجە و بیر و مێشکی بەندەیە، ساڵی 1970، بە جوانترین و پەسەندترین لۆگۆ بۆ زانکۆی سلێمانی لە پێشبڕکێیەک دا هەڵبژێدرا، کە 20 کەس بەشدار بوون، ئەم لۆگۆیە هەڵبژێردرا و لە بری ئەم کارەش 50 دیناری عیراقی (چاپی سویسری)م وەرگرت.
لۆگۆکە لە چی پێکهاتووە؟
لۆگۆکە، کەوانەیەکە کە بۆتە چوارچێوەی لۆگۆکە، لە ناوەوەش کێوێک یان چیایەک هەیە، کە لە ناوەڕاستیدا تیشکی خۆر لە ئاسۆیەوە پەخش بووە. کتێبێکی کراوەش بە دامێنی لۆگۆکەوەیە، کە لەگەڵ دەستەواژەی زانکۆی سلێمانی بە زمانی کوردی و عەرەبی نووسراوە.
کەوانەکەی دەرەوە ئاڵاوە بە لۆگۆکەوە، ئەمەش نیشانەی ئاڵای زانکۆیە و رەنگەکەی سووری جگەرییە، کە ئەنجومەنی زانکۆی سلێمانی دایناوە بە رەنگی ئاڵای زانکۆی سلێمانی. لە ناوەڕاستی لۆگۆکەشدا، چیایەکی بەرزی گەردن کەش دەبینرێت کە ئەویش (چیای پیرەمەگروون)ە.
چیای پیرەمەگروون، دەکەوێتە باکووری خۆرئاوای سلێمانییەوە، لە رووی مێژووییەوە بە ناوبانگە و لوتکەکانی بە درێژایی ساڵ بەفریان پێوەیە و بەرزترین چیا و لوتکەیە لە سلێمانی.
شیکردنەوەی لۆگۆکە
چیاکە، بە وردە چوارگۆشە دروست کراوە بۆئەوەی وێنەکێشانی ئاسان بێت، هەروەها نیشانەیەکیشە بۆ تەکنیکی ئەندازیاری، کە ئامانجی زانکۆیە. چەند هێڵێکی راست لە پشت چیاکەوەیە، ئەوانیش نیشانەی رووناکی ئەو زانست و رۆشنبیرییەیە، کە لە (زانکۆی سلێمانی)یەوە پەیدا دەبێت بۆ رووناکردنەوەی رێگەی پێشکەوتن و سەربەرزی هاووڵاتیان.
کتێبێکی کراوە، نیشانەی زانست و زانینە، کە ئامانجی (زانکۆی سلێمانی)یە. لە راست و چەپی لۆگۆکە، گەڵا تووتن هەیە، چونکە لەوکاتەدا تووتن سەرەکیترین بەرووبوومی کشتوکاڵیی بووە لە سلێمانی. دەستەواژەی زانکۆی سلێمانی بە زمانی کوردی و عەرەبی نووسراوە، جگە لە نیشانەی برایەتیی گەلی کورد و عەرەب، زمانی رەسمی دەوڵەتیش بووە. دواجار ساڵی 1968 لە سەروو کتێبەکەوە، نووسراوە، نیشانەیە بۆ ساڵی دامەزراندنی زانکۆی سلێمانی.
بە هیوای تەمەندرێژی بۆ هەموو ئەو دڵسۆزانەی کە بۆ چرکەساتێکیش بێت، خزمەتی (زانکۆی سلێمانی)یان کردووە، نەمریش بۆ ئەوانەی گیانیان لە پێناوی (زانکۆ)دا بەخشی، سەربەرزیش بۆ کەسوکار و بنەماڵەکەیان.