باخچەی رەنگینی خەونەکان

01:07 - 2024-10-24
ئەدەب و هونەر
100 جار خوێندراوەتەوە

چرۆ رەشید


لە باخچەی خەونەکاندا باڵندەکان لەم چڵ بۆ ئەو چڵ دەفڕن و ئاوازی خۆش دەچڕن، پەلکە زێڕینە بە رەنگە ناوازەکانی ئاسمان دەنەخشێنێت، درەختەکان لەگەڵ با سەما دەکەن. پەپوولەکان بەئازادیی دەفڕن بە سۆزەوە دەچنە میوانداریی گوڵەکان. لە دەریاچەیەکی بچووکدا ماسییەکی زێڕین دەژی هەر بەبینی دڵ پڕ دەبوو لە شادیی.
 نیمای زیتەڵە و جوانکیلە، هاوڕێی ماسییە زێڕینەکە بوو، هەموو رۆژێک سەردانی دەکرد بۆ بینینی و یارییان لەگەڵ یەکتر دەکرد، خۆشییەکانیان هاوبەشیی پێ دەکرد و پێکەوە دڵخۆش بوون.
 نیما و ماسییە زێڕینەکە بەیەکەوە گەشتیان دەکرد بۆ شوێنە دوور و ئەفسوناوییەکان، بوونەوەرە سەیروسەمەرەکانیان دەناسی. رۆژێک بڕیاریاندا بە نێو دەریادا گەشت بکەن، نەهەنگەکان لەناو ئاوەکەدا سەمایان دەکرد و چێژیان لە دیمەنە نایابەکان دەبینی. گوێیان لە دەنگی هاژە و شەپۆلەکانی دەریا بوو، لە ژێر دەریاکە شانشینێک هەبوو ماسییەکە باسی گەنجینەی شانشینەکەی بۆ نیما کرد و پێی وت: مرواریی درەوشاوەی زۆری تیدایە، لە کۆتایی رۆژەکەدا، نیما و ماسییە زێڕینەکە گەڕانەوە بۆ دەریاچە بچووکەکە و زۆر دڵخۆش بوون.
 نیما لەم گەشتەوە فێربوو دەریا پڕە لە نهێنی بە هاوڕێکانی وت: ئای هاوڕێیان خەونی نایاب ببینن چونکە لە باخچەی خەونە جوانەکان هەموو شتێک نایاب و سەرنجڕاکێشە. هاڕێ نازدارەکانم بۆیە پێم خۆشە ئێوەش رۆژێک، بەخەیاڵ بەرەو دەریا فروانەکان گەشت بکەن و ببن بە هاوڕێی ماسی و دولفینە رەنگین و میهرەبانەکان.

#ئەدەب و هونەر

بابەتە پەیوەندیدارەکان