دادگای ئیتالیا تۆمەتبارانی رووداوەكەی مۆراندی دیاریدەكات

10:21 - 2022-07-06
جیهان
646 جار خوێندراوەتەوە

دوای چوار ساڵ لە هەرەسهێنانی پردی مۆراندی لە شاری جەنەوای ئیتالیا، كە بووە هۆی گیانلەدەستدانی دەیان كەس ‌و كەوتنەخوارەوەی دەیان ئۆتۆمبێل، بڕیارە سبەینێ بەرپرسانی رووداوەكە لە دادگایەكی مەدەنیدا دەستنیشان بكرێن ‌و كەسوكاری قوربانییەكان ‌و زیانلێكەوتوانی رووداوەكە ‌و چالاكوانانی ناوخۆیی شارەكە، ئامادەی دادگاییكردنەكە دەبن. 
وێڕای زیانە گیانییەكان، زیانی مادی زۆریش بەر ماركێت ‌و بازاڕی نزیك رووداوەكە كەوت، چونكە بەهۆی هەرەسهێنانی پردەكەوە، ماركێت ‌و بازاڕەكانی ناوچەی نزیك پردەكە داخران، لە كاتێكدا پردەكە لەسەر رێگەی سەرەكیی نێوان ناوچەی ریڤێرای ئیتالیا ‌و كەناری باشووری فەرەنسادایە ‌و خەڵكێكی زۆر زیانی مادییان لێكەوت. 
پردی مۆراندی كە درێژییەكەی 200 مەتر دەبێت، لە ناوەڕاستی مانگی ئابی 2018دا بەهۆی بارانی بەخوڕەوە هەرەسی هێنا و لە ئەنجامدا 43 كەس گیانیان لەدەستدا ‌و دەیان ئۆتۆمبیێلیش لە بەرزایی 50 مەترەوە كەوتنە خوارەوە ‌و ئەو رێگەیەش بۆ ماوەیەكی زۆر داخرا.

سەرچاوە: ئاژانسەكان

# ئیتالیا

بابەتە پەیوەندیدارەکان