لە پەیامی ئۆپۆزسیۆنماندا وا باوە هەموو جارێك بوترێت: ئەوەی هێزە فەرمانڕەواكان لەكاتی بانگەشەدا دەیڵێن هەر بانگەشەیەو لە دوای هەڵبژاردن ئیشی پێناكەن. ئەم هەڵوێستە كە ناوبەناو لە گەرمەی بانگەشەدا، جاڕ دەدرا، لەبیری كردبوو كە هەر خۆیشی بانگەشە بوو!، هەوڵێك بوو بۆ كەمكردنەوەی متمانەی دەنگدەر، دەنا ئاشكرایە ئەم گرەوە، لەگەڵ سەرۆكێكی خاوەن بەڵێن و سەركردایەتیی قۆناغی ئێستای یەكێتیدا، ناكرێت. دروشمی دیاری بافڵ جەلال تاڵەبانی لەكاتی بانگەشەدا ئەوەبووە كە ئەوەی دەیڵێت جێبەجێی دەكات، لەمەشدا پشتئەستوور بووە بەوەی كە لە سێ ساڵی پێشتردا وتویەتی و كردوویەتی.
بێگومان ئەمجارەش لایەنێكی یەكلاكەرەوەی ناو هاوكێشەكە دەنگدەرانی كوردستان بوون. ئەگەر لەم هەڵبژاردنەدا یەكێتی، لەجیاتی (25) كورسی بە كۆتای بازنەی سلێمانییەوە، 35ی بهێنایە، گۆڕانكاریی گەورەتر دەچووە بواری جێبەجێكردنەوە، ئێستاش بەو كورسی و دەنگە زۆرانەی كە لەم هەڵبژاردنەدا هێناویەتی، دەنگی زوڵاڵترو پێگەی بەهێزترە. ئەو هێزانەی بەرهەڵستكارن، لە جیاتی بڵاوكردنەوەی نائومێدی، یان بایكۆتكردنی پەرلەمان كە لە زیانی هاوسەنگیی هێزە لە كوردستاندا، با سیاسەت بكەن، با پاڵپشتیی پرۆژەكانی گۆڕانكاریی بن كە لە بەرنامەی یەكێتیدا هەن. بەتایبەتی كە ئەوەتا پرۆژەی تەوتین هەرزوو خرایە بواری جێبەجێكردنەوە، بێمنەتیی هێزی ركابەر لە پێكهێنانی كابینەی نوێدا راگیرا، پاوانكردنی كۆتای پێكهاتەكان نەهێڵرا، لانیكەم 5 بۆ 8 كورسیی(پ.د.ك) كەمكرایەوە، لەگەڵ بانگەشەدا تۆقین لە چالاكیی سیاسی لە هەولێر و بادینانیش شكێنرا. بۆ هەموو پرۆژەكانی تریش، پلان هەیە. سەرۆكی یەكێتی و سەركردایەتییەكەی، جگە لەوانە، پابەندی هەموو بەڵێنەكانیانن بۆ خەڵكی كوردستان، لەبەرامبەردا هەماهەنگیی سیاسی و پاڵپشتیی جەماوەریش گرنگن بۆ ئەوەی ئەمجارەیان رێڕەوی حوكمڕانی راستبكرێتەوە.
کوردستانی نوێ