لە میدیای توركیاوە

10:02 - 2024-10-27
جیهان
35 جار خوێندراوەتەوە

دوای 43 مانگ دەرگای ئیمرالی كرایەوە
دوای 43 مانگ لە گۆشەگیری، عومەر ئۆجەلان پەرلەمانتاری دەم پارتی، كە برازای عەبدوڵڵا ئۆجەلانە رێگای پێدرا سەردانی ئۆجەلان بکات لە ئیمرالی.
بە پێی هەواڵەكان سەعات 11 ی پێشنیوەڕۆی رۆژی 23ی ئەم مانگە، عومەر ئۆجەلان سەردانی ئیمرالی كردووە و بۆ ماوەی 2 سەعات لەگەڵ ئۆجەلانی مامی كۆبووەتەوە.
عومەر ئۆجەلان لە 14ی ئابی 2024 داوای سەردانی ئۆجەلانی مامی پێشکەش بە وەزارەتی داد كردبوو وەكو بنەماڵە.
لە كاتێكدا ماوەیەكە لە رێگەی دەوڵەت باخچەلییەوە بە رەزامەندیی ئەردۆغان، باس لە كۆتاییهێنان بە تیرۆر و یەكخستنی ناو ماڵی توركیا دەكرێت. لە 22ی ئۆكتۆبەردا وەزارەتی دادی توركیا، عومەر ئۆجەلانی ئاگادار كردەوە كە داواكارییەكەی بۆ چوون بۆ ئیمرالی قبووڵ كراوە.
عەبدولقادر سەلڤی نووسەری گۆشە لە رۆژنامەی حورییەت لە گۆشەكەی خۆیدا ئاماژەی بەوە داوە، كە هەڵوێستی ئۆجەلان بەرامبەر بە بانگەوازەكەی باخچەلی ئەرێنی بووە و بە گرنگ سەیر دەكرێت بۆ بەرەوپێشچوونی پرۆسەكە.
 لە دیدارەكەیدا ئۆجەلان وتویەتی: «ئەگەر هەلومەرجی پێویست سازبكرێت، من توانای تیۆریی و پراكتیكیم هەیە كە ئەم قوناغە لە زەمینەی ململانێ و توندوتیژییەوە بگوازمەوە بۆ زەمینەی یاسایی و سیاسی».


توركیا پارێزگاری لە سنوورەكانی
«میساقی میللی» دەكات
لە پێشهاتێكی سەرنجڕاكێشدا، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک كۆماری توركیا لەمیانەی هۆشدارییەكانی ئەم دواییەیدا لە بەرامبەر فراوانبوونی ئیسرائیل لە ناوچەكەدا، ئاماژەی بە «سنوورەكانی میساقی میللیی» كرد، بەتایبەتی ئەگەری پاڵپشتیی ئیسرائیل بۆ رۆژئاوای كوردستان.
لە وتارێكیدا لە ئەنقەرە ئەردۆغان تەئكیدی كردەوە كە وڵاتەكەی رێگە نادات یەكپارچەیی خاكەكەی بخرێتە ژێر مەترسییەوە و هەڕەشە لەسەر ئەو شوێنانە بكرێت كە دەكەونە سنووری میساقی میللییەوە.
«میساقی میللیی» مافی ئەوەی بە توركیا داوە كە بەشداریی لە دیاریكردنی چارەنووسی ناوچەكانی دەرەوەی سنوورە جوگرافییەكانی وەك حەلەب و موسڵ و كەركوك لە عیراق و ناوچەكانی یۆنان و بولگاریا بكات.
«میساقی میللیی» بەڵگەنامەیەكی مێژووییە كە پەرلەمانی عوسمانی لە ساڵی 1920دا پەسەندی كردووە و بە بنەمای یاسایی و سیاسیی دامەزراندنی كۆماری توركیا دادەنرێت.
ئەو سنوورانەی لە میساقەكەدا ئاماژەیان پێكراوە، ئەو ناوچانە دەگرێتەوە كە لەژێر كۆنترۆڵی عوسمانییەكاندا بوون، بەڵام لەدوای جەنگی یەكەمی جیهانەوە بەپێی پەیماننامە نێودەوڵەتییەكان لەدەست ئەو وڵاتە چوون، لەنێویاندا هەندێك ناوچەی عیراق و سوریا و یۆنان.

 ناسنامەی هێرشكەرانی سەر«تای» ئاشكرابوو
عەلی یەرلیكایا وەزیری ناوخۆی توركیا ڕایگەیاند،  ئەو دوو كەسەی، كە هێرشیان كردە سەر كەمپی كۆمپانیای توركی ئایرۆسپەیس ئیندستریز ئینكۆ « تای» ئەندامی پەكەكەن.   پیاوەكە  ناوی «عەلی ئۆرەك» بە ناوی كۆد «ڕۆژگار» ناسراوەو ژنەكەش ناوی «مین سێڤجین ئەلچیچەك». 
رێكەوتی 23ی ئەم مانگە دوو چەكداری پەكەكە هێرشیان كردە سەر كەمپی  كۆمپانیای پیشەسازیی فرۆكەوانی توركیا لە قەزای كەهرەمانكازان كە بە هۆیەوە ٥ كەس كوژران و 22 كەسیش بریندار بوون. بە پێی ئاژانسەكانی هەواڵ دوو هێرشبەرەكەش كوژراون.

ئەردۆغان: هەرگیز رێگە
بە دامەزراندنی تیرۆرستان نادرێت
رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک كۆماری توركیا دوای گەڕانەوەی لە لووتكەی برێكس، سەرپەرشتیی كۆبوونەوەی ئاسایشی کرد کە لە ئیستانبوڵ بەڕێوەچوو.
لە كۆبوونەوەكەدا راگەیەندرا كە شەڕی دژ بەتیرۆر و هەوڵەكان بۆ توركیایەكی بێ تیرۆر بەردەوام دەبێت و هەرگیز رێگە بە دامەزراندنی «تیرۆرستان» لەودیو سنوورەوە نادرێت.
لە كۆبوونەوە ئەمنییەكەدا كە لە فڕۆكەخانەی ئەتاتورك بەڕێوەچوو، جێگری سەرۆك كۆمار، وەزیری دەرەوە،  وەزیری بەرگری،  وەزیری ناوخۆ،  وەزیری بازرگانی، سەرۆكی گشتیی ئەركان، سەرۆكی میت و چەندانی دیكە ئامادەیبوون، بە وردی باس لە هێرشی دژبە «تای» و ئەو هەنگاوانە كرا كە لە شەڕی دژی تیرۆردا دەگیرێنەبەر و دەبێت بگیرێنەبەر و تەئكیدیش كرایەوە كە توركیا لەودیو سنورەكەیەوە رێگە بە دامەزراندنی «تیرۆرستان» نادات، وەكو ئاماژەیەك بۆ  «رۆژئاوای كوردستان».

بابەتە پەیوەندیدارەکان