بەشێک لە تابلۆکانی پەیوەستن بە دۆخی رۆژئاوای کوردستانەوە
سەمیرە ئیبراهیم شێوەکارە دەستڕەنگینەکەی عامودا
سەمیرە ئیبراهیم، كچه هونەرمەندێکی شێوەکاری گەنجە و خەڵکی شاری عامودای رۆژئاوای كوردستانە، ئەو کەنیشکە کوردە بە فڵچە و پێنووسه‌كه‌ی چەندین وێنه و تابلۆی نەخشاندووە.
پڕۆفایلی سه‌میره ئیبراهیم
* ساڵی 2000 له شارۆچكه‌ی عامودای سه‌ر به‌پارێزگای حه‌سه‌كه لە رۆژئاوای كوردستان له دایكبووه و ئێستاش لەو شارە نیشتەجێیە.
* دەرچووی کۆلێجی هونەرە جوانەکانە لە زانکۆی دیمەشق و لەوێ پەرەی بە توانا هونەرییەکانی داوە و تەکنیکەکانی قووڵتر کردووتەوە، ئەمەش رەهەندی نوێی بۆ کارەکانی زیادکردووە.
وەک خۆی دەڵێت: هه‌ر لە منداڵییەوە حه‌ز و خولیایەکی زۆری بۆ وێنەکێشان و هونەری شێوەکاریی هەبووە و له‌وباره‌یه‌شەوه سه‌میره لە لێدوانێکیدا بۆ كوردستانی نوێ وتی: «هەر لە منداڵییەوە حەز و خولیایەکی لەڕادەبەدەرم هەبوو بۆ هونەری وێنەکێشان و شێوەکاری بەگشتی». روونیشیکردەوە کە ئەم هونەرە وایلێکردووە بە قووڵی رۆبچێتە وردەکارییەکانی ئەو هونەرەوە.
زۆربه‌ی ئه‌و تابلۆیانەی کە ده‌یانكێشم، رەنگدەرەوەی ئەو دۆخ و ژیانه‌یە كه خه‌ڵكی رۆژئاڤای كوردستان بەگشتی و ژنان و کچان بەتایبەتی پێیدا تێده‌په‌ڕن
تابلۆکانی گوزارشت لە دۆخەکە دەکەن
وتیشی: «زۆربەی تابلۆکانم خۆشەویستییه بۆ گەلی کوردستان، بەتایبەتی بەشێک لە تابلۆکان پەیوەستن بە دۆخی ئێستای سوریا و ناوچە کوردستانییەکانی رۆژئاواوە كه چه‌ند ساڵێکە گیرۆدەی دۆخێکی سەختی سیاسی و سەربازیی و ئابووریی بووەتەوە.بۆ ئەوەش باسی لە کاریگەریی ئەو دۆخەی بەسەر پەنابەرانی سوریا و رۆژئاوادا هاتووە، یان لەئاودا خنكاون بەشێکن لە نموونەی ئەو ئێش و ئازارانەی گەلەکەمان لە هەر چوار پارچەی کوردستان.
ستەملێکراویی کچان و ژنان
سەمیرە روونیشیکردەوە کە ئێستا کورد لە رۆژئاوا و شنگال بەتایبەتی کچان و ژنان لە قۆناغێکدایە کە لە ژینگەیەکی بەرتەسکدا رووبەڕووی چەندین ئاستەنگ و توندوتیژیی ناوخۆیی و ده‌ره‌كیش بوونەتەوە و وتی: «بەردەوامیی شەڕ و کوشتار و ئاوارەیی لە ناوچە کوردنشینەکانی ئەم به‌شه‌ی کوردستان، هاوكات دۆخی ستەملێکراویی ژنان و کچانی كورد لە تابلۆکانمدا رەنگیانداوه‌تەوە.
وتیشی: «زۆربه‌ی ئه‌و تابلۆیانەی کە ده‌یانكێشم، رەنگدەرەوەی ئەو دۆخ و ژیانه‌یە كه خه‌ڵكی رۆژئاڤای كوردستان بەگشتی و ژنان و کچان بەتایبەتی پێیدا تێده‌په‌ڕن.
لەبارەی ژمارە و جۆری تابلۆکانیشییەوە وتی: تا ئێستا زیاتر له 20 تابلۆی جیاوازم دروستكردووه و هه‌ر تابلۆیه‌ك چیرۆك و بەسه‌رهاتێكی تایبه‌تی له‌خۆ‌گرتووە.
وتیشی: به‌شدارییم له چه‌ندین فێستیڤاڵی جۆراوجۆری شێوەکاریدا کردووە له رۆژئاڤای كوردستان و هه‌وڵیش ده‌ده‌م بایەخ و گەشەی زیاتر بە کارەکانم بده‌م، بەجۆرێک ئێش و ئازاره‌كانی کورد و گه‌لانی سوریا بەگشتی زیاتر لە کارە هونەرییەکانمدا رەنگبداتەوە.
قەڵەم و تەکنیکەکانی وێنەکێشان
سەمیرە هه‌وڵده‌دات له رێگه‌ی بەرهه‌مه‌کانییه‌وه په‌یامی خۆی بگوازێته‌وه بۆ خه‌ڵكی كوردستان، که زۆربه‌یان گوزارشتن له نادادپه‌روه‌ریی و توندوتیژی به‌رامبه‌ر ژنان و کچان بەتایبەتی و خه‌ڵکی رۆژئاوای کوردستان بەتایبەتی، چونکە به درێژایی ماوەی جەنگی ناوخۆیی سوریا و داگیرکردنی بەشێک لە رۆژئاوای کوردستان لەلایەن تورکیاوە، سته‌م و زۆری به‌رده‌وام لەسەر ئەو بەشەی کوردستان هه‌یه.
هاوكات له قه‌ڵه‌م و ته‌کنیکه جۆراوجۆره‌کانی وه‌ک، دار و کانزا و چاپی لیتۆگرافی که‌ڵک وەرده‌گرێت بۆ دروستکردنی جیهانێکی هونه‌ریی فراوانتر که دۆخی خۆڕاگریی خه‌ڵكی رۆژئاوای كوردستان بۆ داهاتوویه‌كی گه‌شتر دەرده‌بڕێت و هیوای ئاینده‌یه‌کی باشتر بۆ نه‌ته‌وه‌ی کورد بەگشتی ده‌خۆازێت لە هەرچوار پارچەی نیشتمانەکەیدا.
سەمیرە ئیبراهیم جگە لەم دیدارەی، وەک كچێكی بە توانا لەڕووی هونەرییەوە، کەسایەتییەکی چالاکیشە لە بواری هۆشیاریی نەتەوەیی و خەباتی ژناندا و لەو رووەشەوە چه‌ندین دیدار و چاوپێكه‌وتنی لە میدیا جۆراوجۆرەکانی رۆژئاوای کوردستاندا لەگەڵ کراوە.