لە چاوپێکەوتنێکدا سەبارەت بە بارودۆخی ئێستای هەرێمی کوردستان و پرسی پێکهێنانی حکومەتی داهاتوو، سەعدی ئەحمەد پیرە، وتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایگەیاند، بێگومان حکومەتێکی جیاواز پێکدێت کە خەڵکی کوردستان لێی رازیبێت. لەکابینەی رابردوودا خەڵک رازی نەبوون. کۆمەڵانی خەڵک ژیان و خۆشگوزەرانی و مووچەیان دەوێت.
وتیشی لەوەڵامی ئەوانەی دەڵێن شۆڕشمان بۆ مووچە نەکردووە، پێیان دەڵێن شوڕشمان بۆ ئەوە نەکردووە خەڵک بکەوێتە سواڵ، بەڵکو شۆڕشمان کردووە تا خەڵک خۆشگوزەران بێت.
سەبارەت بە چۆنێتی دامەزراندنی حکومەتی ئایندە، وتەبێژی یەکێتی رایگەیاند، هەموو ئەو بەڵێنانەی یەکێتی لە بانگەشەی هەڵبژاردن بەخەڵکی کوردستانی داوە، پێویستە لە حکومەتی داهاتوو رەنگبداتەوە.
وتیشی ئەو حکومەتەی لە رابردوو بە تاکڕەوی کاری کردووەو خۆی سەپاندووە ، ئێستا بێت و بڵێت ئێمە هەروا بەردەوام دەبێت، پێموایە ناگەینە ئەنجام، ئێستا لەناو یەکێتی ئەوە نەماوە لایەنێک بڵێت نازانین یەکێتی چی دەوێت و لەگەڵ کێ قسەبکەین، ئێستا یەکێتی یەک گوتارە.
سەبارەت بە تەوتینی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان، هەڤاڵ سەعدی ئەحمەد پیرە وتی، ئەو پرسە لە بڕیارێکی دادگای فیدڕاڵییەوە هاتووە کە مووچە لە کێشە سیاسییەکان جیابکرێتەوە، هەژماری من بانکی کەسییەو بۆ دەیەوێ ئێمەو خەڵکی کوردستان بکات بە بەشێک لە بازرگانیکردنی خۆی، ئەوەشی رونکردەوە کە تەوتین سەلامەت ترە و راستەوخۆ مووچەخۆر مووچەکەی دێتە گیرفان و هیچ مەقەستێکی لێنادرێت.
وتیشی، هاووڵاتی و مووچەخۆر و خانەنشینان ئازادن لە کوێ و لەچ بانکێک حساب دەکەنەوە، ئەوە بە زۆرەملێ نییە.