یەکەمین سەرسوڕهێنەری کوردستان...

«کۆماری ژیاندۆستی»ی پرۆژەیەکی ژینگەیی و گەشتیاری

10:27 - 2024-11-04
ژینگە
85 جار خوێندراوەتەوە

هاوار مستەفا خان بۆ  کوردستانی نوێ   :
هەردوو کەرتی سینەما و گەشتیاریی دەبنە تەواوکەری یەکتری، دەبنە دوو دیوی شارستانیی و ژیاریی سلێمانی، دڵنیایی دەدەم تا سەد ساڵی دیکە وەک پڕۆژەیەکی ناوازە و بێ رکاربەر دەمێنێتەوە

پرۆژەی گەشتیاریی و ژینگەیی «کۆماری ژیاندۆستی» لەلایەن رۆژنامەنووس و سینەماکار هاوار مستەفا خان-ەوە داڕێژراوە، وەک خۆی دەڵێت ساڵی (2017 - 2024)تەواوی پرۆژەکەی کە بریتین لە 100 بەشی گرنگی نێو کۆماری ژیاندۆستیی لە دووتوێی چاپەمەنییەکانی (هاوار فیلم)دا بە زنجیرەی دیاریکراو، چاپ و بڵاوکراونەتەوە. ئەم پرۆژەیە ئامانجی جوانکردن و سەوزکردنەوەی گردەکانی گۆیژە و ئەزمڕە لە سلێمانی و هاوکات کردنیانە بە شارێکی گەشتیاریی، دوور لە بینا و باڵەخانەی کۆنکرێتی بۆ نیشتەجێبوون، راستە چەندین ساڵە ئەم پرۆژەیە لەلایەن هاوار مستەفاوە پێشنیار کراوە و بە رەسمیی لە ساڵی 2019 ەوە لە بەشی یاسایی وەزارەتی رۆشنبیری تۆمارکراوە، بەڵام تائێستا هیچ کەس و لایەنێک ئەرکی جێبەجێکردنی ئەو پرۆژە خزمەتگوزاریی و ژینگەییەیان لە ئەستۆ نەگرتووە، بۆ زانینی جیاوازیی ئەم پرۆژەیە لەگەڵ هەر پرۆژەیەکی دیکەی گەشتیاریدا لە رووی ژینگەییەوە و خزمەتکردنی بە ژینگە هاوار مستەفا خان تایبەت بۆ لاپەڕەی ژینگەی کوردستانی نوێ وتی:  
*جیاوازی ئەم پڕۆژەیە لەگەڵ پڕۆژەکانی دیکەی گەشتیارییدا چییە لە رووی خزمەتکردنی ژینگەوە؟ 
-جیاوازییەکی زۆر گەورە لەنێوان ئەم پڕۆژەیە و تەواوی پڕۆژەکانی دیکەدا هەیە، بە کورتی:
یەکەم: ئەم پڕۆژەیە لە شوێنێکی یەکجار بەرز و دڵگیری نێو شاری سلێمانیدایە و دەکەوێتە بەردەم جادەی سەد مەتری. بەمەش ژمارەی دانیشتوان و ناوبانگی سلێمانی و ئینجا بوونی پارکی هەواری شاریش لە بەردەمی گردەکاندا، وا دەکات ئەم پڕۆژەیە بەردەوام لە گەشتیاران جمەی بێت.
دووەم: بوونی مەزاری سەرۆک مام جەلال، خاڵێکی تری زۆر گرنگە کە بەشی تەلفریکەکەی لەلای مەزاری ئەوەوە «پلانی پڕۆژەکە وایە» دەست پێدەکات و بەسەر هەر پێنج گرد «قەڵاکان» دا دەڕوات و دەگەڕێتەوە شوێنی خۆی.
سێیەم: هەر چوار ناوی سەر قەڵاکان کە کچ و ژنی ناودارن، دەبنە سومبول بۆ هەر چوار بەشی کوردستان، ئەوەش خاڵێکی یەکجار گرنگە بۆ ئەوەی بزانین بەڵێ پڕۆژەکە لە سلێمانییە، بەڵام ئۆتۆماتیك بۆ هەموو کوردستانە.
چوارەم: ناوی یەڵماز گونەی، ناوێکی هونەریی و ئەدەبیی بەناوبانگی جیهانییە، خاوەن خەڵاتی چڵە دارخورمای زێڕینی گەورەترین فێستیڤاڵی جیهانییە کە بۆ کورد و نەتەوەکانی دیکەی دنیا مایەی شانازییە و دەبێ ئەوەش بڵێین: ئەو کوردەی لەمەڕ خۆمان ساڵی 1982 پێش هونەرمەندانی «تورک و عەرەب و فارس» ئەو خەڵاتەی بەرانبەر بە فیلمی «رێگا» بەدەستهێناوە.
ئێستاش لە دنیادا یەڵماز گونەی بەناوبانگترین هونەرمەندی کوردە لەسەر گۆی زەوی.
پێنجەم: ئەگەر سەیری نەخشەی کوردستانی گەورە بکەین، سلێمانی وەك شارێکی بەناوبانگ، دەکەوێتە چەقی ئەو نیشتمانە جوانە و ئێستا کە پایتەختی رۆشنبیری هەرێمی کوردستانە، دەرگای گەورەتری لەبەردەمدا بە کراوەیی دەکرێنە کە ببێتە پایتەختی رۆشنبیریی و سیاسی و گەشتیاری و سینەمایی و پیشەسازی کوردستان و دەشێ لەم قۆناغەدا ببێتە پایتەختی رۆشنبیریی عیراقیش.
شەشەم: سلێمانی بێجگە لەو ناوبانگەی هەیەتی، لە زۆر بواری دیکەشدا پێشەنگە و ئەوەش گەرمییەکی دیکە دەداتە گەشتیار و هامشۆکاران کە سلێمانی بەو پڕۆژەیە بەسەر بکەنەوە.
حەوتەم: سلێمانی وەک پاتەختی سیاسی دامەزرا، بووە پایتەختی رۆشنبیری و پیشەسازی و لەمەودواش بەهۆی ئەو ناوەندەی ئێمە دامنناوە «سۆلیوود» بەهۆی «کۆماری ژیاندۆستی» یشەوە، دەبێتە ناوەندێکی گەورەی پیشەسازی و بازرگانی و وەبەرهێنانی سینەما و دراما و هاوکات ناوچەیەکی گەشتیاریی نموونەیی لە ناوچەکەدا.
*لەم پرۆژەیەدا تاچەند ژینگە و سەوزکردنی ئەو ناوچەیە لەبەرچاوگیراوە؟
-ئەگەر ئێستاو بەتایبەتی لە هاوین و پاییزیشدا سەیری گردەکان بکەین بە بەرچاومانەوە دیارە، بەتایبەت لە هاویندا تینی گەرمی ئەو گردانە چەندی بۆ شارەکە دێت، لە سەرمای پایز و زستانیشدا بە پێچەوانەوە ساردی زیاتر دەهێنێت، بەڵام کاتێك ئەو گردە لە لوتکەیەوە تا خوارەوە ببێتە سەوزایی و دارودرەخت و گوڵ و گوڵزار، بەدڵنیاییەوە هاوکێشەکە دەگۆڕێت، ئەوە بێجگە لەوەی ئەو سەوزاییە کە ژینگە جوانتر و ئاو و هەوای پاکتر دەکات، بە دڵنیاییشەوە بۆ مرۆڤ بە سوودە و دیمەن و سروشت و ژینگەش بە جۆرێکی تر دەگۆڕێت، دەتوانین لە رووی دەروونیشەوە بڵێین: مرۆڤ ئاسوودە دەکات و باشترین شوێن دەبێت بۆ رەواندنەوەی خەمۆکی و گۆشەگیری.
* ئایا دروستکردنی شوێنێکی گەشتیاری و سەردانیکردنی لەلایەن ژمارەیەکی زۆر لە گەشتیارەوە، دیسانەوە بەجۆرێک لە جۆرەکان زیان بە ژینگە ناگەیەنێت؟
- کاتێك هەلی کاری بۆ هەزاران کەسی رەخساند و بەسیستمێکی جوانی گەشتیاریی بەڕێوەچوو، بەدڵنیاییەوە هێندە خاوین و دڵگیر دەبێت مرۆڤ هەر حەز دەکات بە بەردەوامی لەو شوێنە بمێنێتەوە. بێجگە لەوە تەواوی کەرەستەی بەکارهاتوو لە دروستکردنی پرد و شورا و دوکان و ئامڕازی هاتووچۆکاندا ئۆتۆمبێل و شەمەندۆفێری کارەبایی، گالیسکە، پاسکیل و سکۆتەر..هتد بەکار دەهێندرێن کە دۆستی ژینگەن بەدڵنیاییەوە، دەبێتە هۆکارێکی زۆر باش بۆ پاراستنی ئەو ژینگەیەش.
*ئێوە وەک خاوەنی پرۆژەکە باوەڕتان وایە ئەم پرۆژەیە قازانجە ماددییەکانی زیاتر دەبێت یان سوودە ژینگەییەکانی؟ 
-ئێمە پڕۆژەیەکی سستماتیک و ستانداردی جیهانیمان داڕشتووە، مەڵتییە بە کارەکتەرێکی مەزنی سینەمایی وەک یەڵماز گونەی و چەندین هەڵبەستڤانی مەزنی کلاسیک و نوێ و چالاکوان و هونەرمەند و رووناکبیران، فۆڕمێکی نوێ بەو ناوچەیە دەبەخشێت، بە دوو خاڵی گەوهەریی خزمەتی مرۆڤ دەکات: 
یەکەم: ژینگەیەکی جوان و ناوازە، هەوایەکی پاک و بێگەرد، سەدان هەزار سیمای شار دەگۆڕێت. ئەمەش خزمەتە بە ژینگە و سروشت، لە هەمانکاتدا بە مرۆڤ و ژیاندۆستی.
دووەم: دەبێتە ناوەندێکی گەورەی داهات و دەرامەت و هەلی کار و وەبەرهێنان لە هەردوو کەرتی سینەما و گەشتیارییدا، بەمەش بێکاری نامێنێت، خەڵکیش لە سایەی ئەو پڕۆژەیەدا «گەزۆ»ی دونیای بەسەردا دەبارێ.
بەمجۆرە هەردوو کەرتی سینەما و گەشتیاریی دەبنە تەواوکەری یەکتری، دەبنە دوو دیوی شارستانی و ژیاریی سلێمانی «سۆلیوود» و دڵنیایی دەدەم تا سەد ساڵی دیکە لە سەرانسەری دنیادا وەک پڕۆژەیەکی ناوازە و بێ رکاربەر دەمێنێتەوە. هەر بۆیە: ناومان لێناوە «هەشتەمین سەرسوڕهێنەرە نوێیەکەی دنیا لە سلێمانی» و یەکەمین سەرسوڕهێنەرەکەی کوردستانیش هەر لە سلێمانی.

بابەتە پەیوەندیدارەکان