بەبانکیکردنی مووچە و چەند سەرنجێک

10:24 - 2024-11-10
ئابووری
155 جار خوێندراوەتەوە
پارەدان و پارەوەرگرتن بە رێگەی ئەلیکترۆنی زۆر ئاسانترە لە شێوازی دەستیی

هاشم غەمگین

مووچە، واتە پێدان و وەرگرتنی بڕە پارەیەک بە شێوەیەکی مانگانە لەبری لەئەستۆگرتنی کار و پیشەیەکی یاسایی و ئیداری لە دامەزراوەیەکی حکومی و گشتیدا، هەر بڕە پارەیەکی مووچەش بە پێی پلەبەندی و ناونیشانێکی وەزیفی گشتیی بۆ کەسەکە مانگانە دیاری دەکرێت و دەبڕێتەوە.

ئێستا باشترین بژاردەی یاسایی کە گرەنتی دابینکردنی دارایی مووچەخۆرانی هەرێم بکات و جگە لە مووچەکەی سوودمەندیش بێت لە چەندین قەرز و پێشینە خزمەتگوزاریی بانکیی تەوتینە، نەک هەژمارێکی سەپێنراو کە هیچ زەمانەتێک و توانایەکی دارایی نییە

لە رابردوودا دابەشکردنی مووچە بە لیست و لە رێی وردبینی و ژمێریاری و بڕینی چەک و لیژنەوە لە بانک و فەرمانگە و دامودەزگا جیاجیاکان وەردەگیرا و بە دەستیی دابەش دەکرا، بەڵام ئیستا لە هیچ وڵاتێکدا سەردەمی دابەشکردنی مووچە بە ئامادەکردنی لیست و نۆرەگرتن و ئیمزاکردن نەماوە، بەڵکو پشت بە سیستمی کارتی بانکی ئەلیکترۆنی پێشکەوتوو دەبەسترێت کە بە چەند کلیکێک مووچەی هەزاران کەس دەچێتە سەر هەژمارەکانیان و هەر کاتێک بیانەوێت دەتوانن لە ئامێرەکانی (Atm)وە لە هەر شوێنێک بن مووچەکانیان رابکێشن.
هەر لە رێگەی بانکییەوە هاووڵاتییان دەتوانن هەر کەرەستە و کەلوپەلێک بکڕن، یان دانەوەی قەرز و پێشینەکان، تێچووی مامەڵە یاساییەکان دەتوانن بە کارتی بانکی ئەلیکترۆنی و بە ئاسانی بیدەنەوە، لە رێگەی مۆبایلەکانیشیانەوە، یان لە رێی ناردنی نوسراوی پۆستەوە (ئیمەیل)، ئاگاداری زانیاری و داتاکانی چۆنێتی خەرجکردنی پارەکانیان بن لە هەر کات و شوێنێکدا.

هۆکارێکە بۆ پابەندبوون بە یاساوە
لە کاتی پلەبەرزکردنەوە و زیادکردنی مووچەدا، بڕی پارەکە چەند بێت بە ئاسانی زیاد دەکرێت بۆ سەر هەژمار و مووچەکانیان.
لە وڵاتانی پێشکەوتوو هەر خزمەتگوزارییەکی کارتی بانکی گرەنتی مانەوە و پاراستنی پارەی بەشداربوان دەکات لە فەوتاندن.
بەبانکیکردنی مووچە هۆکارێکە مووچەخۆران پابەند دەکات بە رێساکانی وڵات و فراوانبوون و گەشەسەندنی سیستمی بانکییەوە، پەیدابوونی سیستمی کارتی بانکیی ئەلیکترۆنی و بایۆمەتری وای کرد، ئاڵۆزی و هەڵەکانی دابەشکردنی مووچە نەمێنێت و دەرفەت بۆ گەندەڵی و ناڕێکی ناهێڵێت، هەروەها وا دەکات دەرفەت بۆ هیچ کەسێک نەبێت دوو مووچەی هەبێت.
هەر فەرمانبەرێکی گشتی، یان تایبەت کارتی بانکییەکەی بۆتە گەنجینەیەک بۆ هەڵگرتنی سەروەت و سامانەکەی، ئەگەر راشی نەکێشێت سەرمایە و داهاتەکەی هیچ مەترسییەکی لەسەر نییە و لە بانکەکان پارێزراوە.

قەرز و پێشینە بۆ فەرمانبەران 
حکومەتی هەرێم ساڵانێکی زۆرە قەیرانی دارایی و کێشەی دابینکردنی بودجەی بۆ مووچە هەیە و بۆی چارەسەر نەکراوە، ئێستا حکومەتی عیراق دەیەوێ چارەسەری بکات، هەڵەیەکی گەورەیە حکومەتی هەرێم پابەندی رێکەوتنەکان نابێت و ئەگەر وا بەردەوام بێت، بودجە و مووچەی پشکی هەرێم بە دروستی و لە کاتی خۆیدا نادرێت و هەر مانگێک بە چەند هۆکارێک دوا دەکەوێت، یان دەفەوتێت، ئەویش تەنیا بۆ ئەوەی هەژمارێکی تایبەتی کەسیی بەسەر مووچەخۆرانی هەرێمدا بسەپێنێت، ئەو هەژمارەش رەزامەندیی حکومەتی عیراقی نییە و هیچ یاسایەک پشتگیریی ناکات.
ئێستا باشترین بژاردەی یاسایی کە گرەنتی دابینکردنی دارایی مووچەخۆرانی هەرێم بکات و جگە لە مووچەکەی سوودمەندیش بێت لە چەندین قەرز و پێشینە خزمەتگوزاریی بانکی تەوتینە، نەک هەژمارێکی سەپێنراو کە هیچ زەمانەتێک و توانایەکی دارایی نییە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان