تیشكۆ
كاتێك باسی وەرزشی شاری سلێمانی دەكەین و بە لاپەڕە رەنگاوڕەنگەكانی مێژووەكەیدا دەچینەوە و ئەو لاپەڕانە هەڵدەدەینەوە، ئەو مێژووە پێمان دەڵێت» توێژی وەرزشكارانی ئێستا و داهاتووی سلێمانی، لە هەموو سەردەمەكاندا پێویستە لەسەریان هەمیشە شانازی بە ناوی چەند كەسایەتییەكی وەرزشیی شارەكەیانەوە بكەن و ناوی ئەوان هەمیشە لەسەر زاریان بێت، چونكە ئەوان بەردی بناغەی وەرزشی شارەكەیان داناوە و ئەوان بوون كە وەرزشیان لەم شارەدا بنیاتناوە و ئەوان بە پێشەنگ و مامۆستا و دەستەی دامەزرێنەری وەرزشیی ئەم شارە دادەنرێن.
ئەگەر زیادە رەوی نەبێت، مامۆستای كۆچكردوو (ساڵح عەلی) (1914-1986) دیارترینی ئەو كەسایەتییانەیە، ئەم ساڵی 1933 خانەی مامۆستایانی لە بەغدا تەواو كردووە، دەتوانم بڵێم، لە مامۆستا ساڵح عەلی- یەوە وەرزشی نوێی سەردەمییانە لە شاری سلێمانی دەستپێدەكات و ئەو بە باوكی رۆحی وەرزشی شاری سلێمانی دادەنرێت.
مامۆستا ساڵح عەلی ئەگەر چی خۆی وەرزشی نەكردووە، بەڵام رابەری وەرزشیی قوتابخانەكان و تیپە میللییەكان و سەرجەم جۆرەكانی وەرزشی سەردەمی پاشایەتی و پاشان كۆمارییش بووە، رابەر و دامەزرێنەری كەشافە بووە لەسلێمانی -دا، مامۆستا ساڵح عەلی سەرۆكی یانەی (سیحەو قووە) بووە كە پێش یانەی سلێمانی ساڵی 1951 لە سلێمانی دامەزراوە و دواتر حوكومەتی پاشایەتی دایخستووە، ئەو سەرۆكی ئەو دەستەی دامەزرێنەرە بوو كە ساڵی 1956 یانەی سلێمانی -یان دامەزراند و خۆیشی یەكەم سەرۆكی یانەی سلێمانی بووە، نەك هەرئەمە، بەڵكو مامۆستای كۆچكردوو، یەكەم نووسەری وەرزشییە و خاوەنی دوو كتێبە كە هەردووكیان تایبەتن بە وەرزش، مێژووی وەرزشیی و خزمەتەكانی ئەم كەسایەتییە لە بواری وەرزشدا بۆ مێژووی شاری سلێمانی، دەكرێت لە نامیلكەیەك یان كتێبێكدا باس بكرێت نەك لە باسێكی وادا.
چەندان سونبولی تر
ئەگەر لە مامۆستا ساڵح عەلی تێپەڕین و بە چاوێكی پێزانینەوە سەیری ئەو كەسایتی و كاراكتەر و وەرزشكارانە بكەین كەلە ئاسمانی ئەم شارەدا دەدرەوشێنەوە، ئەوا كەسایەتی و وەرزشكاری زۆر هەن، ئەوانن كە وەرزشی ئەم شارە و خەڵكی ئەم شارە قەرزداریانن، هەر كامێكیان بگریت، خۆی بۆ خۆی ئەستێرەیەكی درەوشاوەی مێژووی ئەم شارە بووە، ناشكرێت ناوێك بڵێین و چەندان ناومان بیر بچێت، بەڵام دەكرێت مشتێك لە خەرواری گەورەی دیارترینەكانیان وەبیر بهێنینەوە، كاتێك ناوەكانی ئەو رابەرانەمان دێتەوە یاد، ئەوا عومەری پوتێ و مامۆستا عەزیز محەمەد (عەزەی حەلە دێوە) جەمیل مەدفەعی و شەهید مامۆستا یاسین و تایەر یەحیا بابان و حەمە پشكە و تالیبی سەید عەلی و نوری بەدەوی و عەلی ئەحمەدی تەها و كەریمی قەرەنی، هەریەكێكیان خۆی بۆخۆی كێوێك بووە لە وەرزش یان خزمەتی وەرزش، هەركامێكیان دەگریت مێژووی خزمەتیان لە وەرزشدا دەكرێت بكرێتە كتێبێك.
لەسەردەمی نوێشدا لە ساڵانی شەستەكانەوە تا نەوەدەكان سەدان ناوی كەڵە وەرزشكار و كەسایەتیی وەرزشیی هەبوون وهەن، كە لە خزمەتی وەرزشدا ئەسپسوارێكی بێ وێنە بوون و تا دوا هەناسەیان لە خزمەتكردنی وەرزشدا بەردەوام بوون، ناوەكان یەكجار زۆرن، بەڵام كاك فایەقی قەساب و هەڵگورد عارف و فەهمی فەقێ رەشدی قەشان و عومەر حەمە كەریم و شەهید جەمالی عەلی باپیر و سەڵاح محەمەد كەریم و د.عاسی فاتح و حەمە سەعید نادر و حەمەی عەبۆل و ساڵحی عەبۆل و سەڵاح عیسام و چەندان ناوی دیاری تر، كە هەرگیز ناتوانیت ناوی هەموویان بنووسین، كاروانی وەرزشیی ئەم شارەیان رازاندۆتەوە و بەڕێكردووە و گەیاندویانەتە ئەم رۆژەی ئێستامان.