سدیق سەعید رواندزی
مامۆستا مەسعود محەمەد لە بارەی نالی-یەوە دەڵێت: (هەر دێڕە شیعرێكی ئەوە دەهێنێت چەندین ساڵی بۆ تەرخان بكرێت تا راڤە و شیدەكرێتەوە)
نالی، بێگومان یەكێكە لە شاعیرە هەرە دیارە كلاسیكەكانی ئێمە و ئەم شاعیرە، شوێن و پێگەیەكی گەورەی لە مێژووی شیعری كوردیدا هەیە و شیعرەكانی هاوتەریب لەگەڵ قۆناغ و سەردەمەكان ماونەتەوە، بە ئێستایشەوە شیعرەكانی دەخوێندرێتەوە. مامۆستا مەسعود محەمەد لە بارەی نالییەوە دەڵێت: (هەر دێڕە شیعرێكی ئەوە دەهێنێت چەندین ساڵی بۆ تەرخان بكرێت تا راڤە و شیدەكرێتەوە) لەو سۆنگەیشەوە دەبینین، لە بواری نالی ناسی و كاركردن و توێژینەوە لە شیعرەكانیدا، تەنها چەند كارێكی كەم كراون، بە بەراورد لەگەڵ جاحی قادری كۆیی. لە دوای نالی، چەندین شاعیری دیكەی كلاسیكی لە ئەدەبی كوردیدا دەردەكەون، بەڵام دواجار نالیهەر وەك نالی دەمێنێتەوە و ئەمەش بۆ لێهاتوویی و توانای شیعری نالی دەگەڕێتەوە، كە شاعیرێكی هوشیار و شارەزا و زمانزان بووە و بە كوردیی و عەرەبیی و فارسیی شیعری نووسیوە و ئاگایەكی زۆری لە شیعرەكانی بەر لە سەردەمی خۆی هەبووە، هەروەها هوشیارییەكی درك پێكراوی تەنانەت لە بارەی مۆدێرنە و رۆشنگەریی و ئازادییەكانی تاك و خودگەرایی هەبووە، ئەمەش بە روونیی لە شیعرەكانیدا هەستی پێ دەكرێت و دەبینرێت. نالی، بە شانازییەوە باسی خۆی و شیعرەكانی دەكات و لە چەندین شیعردا، ئەو توانا و لێهاتووییەی خۆی لە بواری شیعر نووسیندا خستۆتە روو، لە رووی وەسف و بەلاغە و چواندن و چەندین هونەركاریی دیكەی شیعریشەوە، دەستێكی باڵای هەبووە، ئەمە وێرای ئەوەی لە هەمووی گرنگتر، بایەخی بە زمان و بە كوردیی نووسین داوە و تەنانەت ئەو شیعرەشی كە بۆ پەیامبەری ئیسلام، بۆ لاواندنەوەی ئەو نووسیویەتی، بە كوردیی نووسیویەتی، بێگومان ئەمە بەو مانایە نییە كە زمانی شیعری نالی زمانێكی تەواو پەتی و كوردانە بێت، بە پێچەوانەوە سەدان وشەی عەرەبیی و فارسیی لە شیعرەكانیدا هەن، بەڵام نابێ ئەوەمان بیر بچێت، كە نالی شاعیری سەردەم و قۆناغێك بووە، زمانی بەركار و نووسین و پەیڕەوكراو، هەر ئەو زمانە ئاوێتەیەبووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا نكۆڵیی لە رۆڵی نالی وەك شاعیرێك لە پێشخستن و دەوڵەمەندكردنی زمانی كوردیدا، ناكرێت. شاعیرە كلاسیكەكانی ئێمە، گەرچی دەرچووی شوێنە ئاینییەكان، تەكیە و خانەقاكان بوون، گەلێكیان هەڵگری شوناسی ئاینیی لە شێوەی شێخ و حاجی و مەلا بوون، بەڵام هیچ كاتێك بە تەنها ئاینگەرایانە بیریان نەكردۆتەوە، بەڵكو روانگەیەکی دیكەیان بۆ ئاین هەبووە. بەردەوام رەخنەیان لە كارەكتەرە ئاینییەكان لە شێوەی مەلا و سۆفی و شێخ گرتووە، دیاردە گەردوونیی و فیزیكی و ئیلاهییەكانیان، چواندووە بە نەخش و چاو و رووخساری ژن و بگرە هەندێكیان بێ رتووش ئاستی رەخنە گرتنیان هەموو هێڵێكی سووری بەزاندووە، وەك (شێخ رەزا). لە نێویشیاندا (نالی) لە چەندین شوێنی دیوانەكەیدا (1) رەخنەی لە پیاوانی ئاینی گرتووە، بۆ نمونە لەشیعرێكدا دەڵێت:
سەماعە گەردشی عیشقە حەقیقەت
لە سۆفی و رەقسی تەقلیدی نەما باس
نالی، باس لە بەزمی گوێڕاگرتن لە گۆرانی و هەڵسوڕاوانی خۆشەویستی دەكات و هاوكات سەمای سۆفی بە ناڕەسەن و تەقلیدیی و بەسەرچوو دەناسێنێت، كە مەبەست لێی حاڵەتی سروشتییە. یاخود لە دێڕە شیعرێكی دیكەدا دەڵێت:
ریشەكەی پان و درێژ و بۆ ریا خزمەت دەكا
زاهیرە هەر كەس بە توول و عەرزی ریشیدا ریا
نالی، باس لەوانە دەكات كە چۆن لە پەراوێزی ریش هێشتنەوەدا وەك سونەتێكی ئاینی خەڵكیی فریو دەدەن و لە پێناو خواپەرستی و جێبەجێكردنی سوننەتەكان ریشیان پان و درێژ ناكەن، بەڵكو بۆ ریای دنیا و فریودان و خۆنواندنە لە بەرگێكی ئاینیدا، كە لە بنەڕەتدا وانین. بە گشتی شاعیرانی ئێمە راستە پەروەردەیەكی ئاینیی و ئیسلامییان هەبووە، بەڵام هیچ كاتێك ئەو شوناسە ئاینییە وەك ناسنامەیەك بۆ شیعرەكانیان ناكەنە پێوەر بۆ ناسینەوەیان. ئێمە كە نالی و حاجی و شاعیرە كلاسیكەكانی دیكەمان هەن، لەبەر ئەوە نییە مەلا، یاخود شێخ و حاجی بوون، بەڵكو لە سۆنگەی ئەوەوەیە كە خۆیان شاعیر بوون و شوناسە ئاینییەكەیان، راستە رەنگدانەوەی لە نێو شیعرەكانیاندا هەبووە، بەڵام تێما و شوناسی بنەڕەتی شاعیر بوونیان نییە، بەو مانایەی نالی كە نالییە لەبەر ئەوە نییە کە مەلایە، بەڵكو خۆی نالییە و بوونی هەیە. هەر هەوڵێكیش بەو ئاراستەیە بێت، كە ئەم شوناسە مێژوویی و ئەدەبیی و نەتەوەییە، لە شاعیرە كلاسیكەكانی ئێمە بسێنێتەوە و بارگاویی بكات بە شوناسی ئایدیۆلۆژیی، مایەی رەتكردنەوە و تێ نەگەیشتنە لە دنیای نالی. لەو سۆنگەیەوە (د.رێبین ) ناوێك لە ماڵپەڕی چاودێردا نووسیویەتی:( كورد كە بووە موسڵمان، نالی و مەلای جەزیریی لێ بەرهەم هاتووە) (2) واتا ئەگەر كورد نەبووایە بە موسڵمان ئەوا نە نالی، نە مەلای جەزیریی، بگرە هیچ كام لە شاعیرە كلاسیكەكانی ئێمە بوونیان نەدەبوو. ئەمەش مانای وایە فەرهەنگ و میراتی شیعری كلاسیكی كوردیی و شاعیرە كلاسیكەكانی دیكەی كورد، بەرهەمی ئاینەكەمانن و دەبن تا مردن، دەنا شاعیرێكمان نەدەبوو ناوی نالی بێت! بێگومان هەوڵدان بۆ سڕینەوەی شوناسی راستەقینەی نالی، لە شوناسێكی كوردانە، شاعیرانە، كلاسیكییانەوە و دروستكردنی شوناسێكی ئایدیۆلۆژیی بۆ ئەو، بەرهەمی ئەقڵێكی کاریگەرە بە بیرکردنەوەی عەرەبیی، كە لە پەراوێزی بە ناو ئەكادیمیی و توێژینەوەی زانستیدا لای هەندێك كەس دەبینرێت. نالی و هەموو شاعیرە كلاسیكەكانی دیكەی ئێمە، لە بەرئەوە شاعیر نین، كە موسڵمانن و بە هاتنی ئیسلام بوونەتە شاعیر، بەڵكو خۆیان وەك شاعیر و وەك كوردێك شاعیرن، مەگەر نالی خۆی لە شیعرەكانیدا ستایشی زمانەكەی خۆی ناكات؟ مەگەر نالی گاڵتە بە ئەقڵی خورافی و لاهووتیی ناكات و گەمە بە سۆفی و ئاینداری ریاکار ناكات؟ شاعیرانی ئێمە لە بری ئەوەی خۆیان وەك شەهیدی ئاین بناسێنن، دێن لە شیعرەکانیاندا لەپێناو زوڵف و ئەگریجەی ژناندا، شەهید دەبن و خۆیان شەهید دەكەن. مانگ و رۆژ و ئەستێرە و توخمە گەردوونییەكان كە دروستكراوی خودان، لە ئاست رۆحی یارەكەیاندا بێ بەها دەبینن، هەر وەك نالی دەڵێت:
لە خەوفی تەلعەتی رۆژ هەروەكو شێت
بە روو زەردیی هەڵات و كەوتە كێوان
نالی بەردەوام وەك رەخنەگرێك لە شیعرەكانیدا دەردەكەوێت و سیمبولە ئاینییەكانی لە شێوەی سۆفی و شێخ دەداتە بەر رەخنە. ئەگەر نالی، وابیری بكردبایەتەوە، ئایا ئەقڵێكی رەخنەیی و ریفۆڕمخوازیی لەو شێوەیەی دەبوو؟ هەر ئەم نالی یە، لە شیعرێكی دیكەیدا دەڵێت:
بێ نییەتی تەقبیلی دەمت عاتیلە رۆژووم
بێ حەزرەتی میحرابی برۆت باتیلە نوێژم
نالی، دوو روكنی گەورەی ئیسلام بەتاڵ دەكاتەوە لەبنەما ئاینییەكانیان و دەیانبەستێتەوە بە دەم و برۆی ژنێکەوە، بەو مانایەی رۆژوو و نوێژی ئەو وەرناگیرێت، ئەگەر بەرلە بەڕۆژو بوون، دەمی ئەو ماچ نەكات! هاوكات نوێژەكەشی بەهەمان شێوە، ئەگەر برۆی ئەو نەبینێت. ئەمە روانگەی نالییە، نالی وەك سایكۆلۆژستێك دەچێتە نێو ناخی مرۆڤەكانی سەردەمی خۆی، كە چۆن لە پەنای ئاینداریی بە رووكەش و فریودەرانە، سۆفی و سمبولە ئاینییەكان، سەرقاڵی فریودان و بە لاڕێدا بردنن و ئەوەی دەیكەن بۆ ئەو دنیایە، نەك بۆ رۆژی دوایی! یاخود رەخنە لەو مرۆڤانە دەگرێت كە پارەیان بە لاوە هەموو شتێكە و بە دەگمەن تیایاندایە، دەستگیڕۆیی هەژارێك بكات، هەروەك لە شیعرێكدا دەڵێت:
ئەهلی دنیایی لەبە ر حیرس و تەمەع هوشیارن
بە خسووسی بگەڕێی مەست و خیرەومەندی نییە
هەر ئەو نالی یەی، دكتۆر رێبین پێی وایە بەرهەمی هاتنی ئیسلامە بۆ كورد، لە شیعرێكی دیكەیدا بێ رتووش، بێ سڵەمینەوەیەكی كۆمەڵایەتی و نەریتی و ئاینی، وەسفی رووخساری كوڕی لوس و سەرنجڕاكێش دەكات، كە هێشتا مووی لێ نەهاتووە و دەڵێت:
كوڕ ئاینەی حوسنی، تا وەك كچە مەنزوورە
گرتیكە غوباری موو چینی كوڕ و مینا كچ
مامۆستای پایەبەرز مەلاعەبدولكەریمی مودەڕیس كە ئەم شیعرەی شرۆڤە كردووە، دەڵێت: ( ئاوێنەی جوانیی روومەتی كوڕ تا وەك هی كچ وایە و مووی لێ نەهاتووە، بۆ تەماشاكردن دەشێ بەڵام كە تۆزی دێزیی گەنە تووكی لێ نیشت، وەك قاپی فەخفوریی لێ دێ، كەچی كچ هەر بە شووشەیی خۆی دەمێنێتەوە و هیچی لێ نایەت) (3)، نالی لەو شیعرەیدا، باس لەوە دەكات تا سیما و رووخساری كوڕ بێ ریش و سمێڵە، وەك هی كچ جوان و سەرنجڕاكێشە، مەنزوورە واتا مایەی تەماشكردن و سەرنجدانە، بەڵام كاتێ موو دەگرێت، ئەو مەنزوورییەی نامێنێت. لێرەشەوە مەنزوور پتر بە مانای سەرنجڕاكێشان و سەراسیمەیی دێت نەك هەر تەماشاكردن. بەمەش نالی كوڕێكی بێ موو دەكاتە تێمای شیعریی، كە رەنگدانەوەی ئەو جیهانبینییە رۆشنگەرەیی خۆی بووە، چونكە نالی شاعیرێكی بیركراوە و بە ئاگا بووە، كەچی ئەم بەڕێزە، دێت سووك و ئاسان نالیمان لێ دەكاتە وشکە سۆفی و دەڵێت كورد كە بووە موسڵمان، نالی و مەلای جەزیری لێ كەوتەوە، ئەمەش دیدێكە هەڵگڕی ئەقڵێكی سووننەتییە نەك ئەكادیمیی و زانستیی، چونكە بەستنەوەی شاعیرەكانمان بە ئایدۆلۆژیاوە و داماڵینیان لە شوناسی كوردانەی خۆیان، بە تایبەتیش بۆ شاعیرێكی وەك نالی، كە زمانێكی تازە دێنێتە نێو شیعری كوردییەوە و نابێ كەسیش پێی بڵێ خۆكردییە و خۆكوردییە، خۆی لە خۆیدا دیدگایەكی دیکەی لە پشتە. نالی شاعیرێكی كوردە و خەڵكی خاك و خۆڵی شارەزوورە و هیچ پەیوەندییەكی بە میرات و كەلتوری میللەتانی دیکەوە نییە، هەمووشمان دەزانین لێسەندنەوەی ناسنامە لە شاعیرەكانمان، لە بری بە كوردیی کردنیان، خزمەت بە ئەدەبیاتی نەتەوایەتیمان ناکات.
پەراوێزەكان:
1 - دیوانی نالی، بە راڤەی مامۆستای پایە بەرز مەلا عەبدولكەریمی مودەڕیس.
2 - ماڵپەڕی چاودێر، د.رێبین ئەحمەد، كورد كە بووە موسڵمان نالی و مەلای جەزیری لێ بەرهەمهاتووە، رێکەوتی 16/3/2024. ئەمەش لینكی بابەتەكەیە
https://chawder.org/detailnews.aspx?jimare=37652&cor=15&related=2
3 - دیوانی نالی، بە راڤەی مامۆستای پایە بەرز مەلا عەبدولكەریمی مودەڕیس، ل 165.