شانۆی یۆنانی نوێ و هاوچەرخ

12:17 - 2024-11-14
ئەدەب و هونەر
115 جار خوێندراوەتەوە

دانا رەئووف

بەشی دووەم

شانۆ دیاردەیەکی کۆمەڵایەتییە و پەیوەستە بە بارودۆخە رۆشنبیریی و هزری و سیاسییەکەی کۆمەڵگەوە، لە ساتەوەختێکی مێژووییدا لە دایک دەبێت، گەشە دەکات و کار لەسەر ئەو پرسانە دەکات

بەشێکی کەم لە دەقە شانۆییە نوێیەکانی نووسەرانی شانۆی یۆنانی بە ئێمە گەیشتوون، بۆ نموونە تراژیدیاکانی "کازانتزاکیس"، کە زۆر دەمێکە کراون بە عەرەبی، هەروەها دەقەکانی "جۆرج سیوتوکا"، کە لە دەقەکانیدا پشت بە چیرۆکە میللییەکانی خۆیان دەبەستێت، ئەو چیرۆکانەی مەودایەکی فەلسەفی و مرۆڤایەتیی قووڵ لەخۆ دەگرن، بە شێوەیەک بگاتە ئاستی کێشە گەورەکانی مرۆڤی هاوچەرخ. شانۆنامەی "پردی ئارتا" یەکێکە لە دەقە گرنگەکانی "جۆرج سیوتوکا"، کە باسی سەرۆکی بەناکان دەکات و خەریکی دروستکردنی پردێکن. ئەم دەقە شانۆییە لە حەفتاکاندا لەلایەن تیپی نواندنی سلێمانییەوە نمایشکراوە.

 شانۆی یۆنانی نوێ، بەتایبەتی لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە، دەکەونە ژێر کاریگەرییە راستەوخۆکانی شانۆی ئەوروپییەوە. شانۆنامەنووسە گەنجەکانی دوای جەنگ، خۆیان بە ئەوروپی هەژمار دەکرد و شانازییان بەوەوە دەکرد، ئەوان ئەوروپین و سەر بەو کەلتورە ئەوروپییەن. لەم رووەوە شانۆی ئەوروپی بەشێکە لەوان و هیچ نامۆ نییە بە شانۆکەی ئەوان. ئەم شانۆنامەنووسانە سەیری کێشەکانی مرۆڤی هاوچەرخیان، وەک کێشەکانی خۆیان کردووە. بەردەوام لە گوتار و دەقە شانۆییەکانیاندا ئەوەیان دووپات کردۆتەوە، کە ئەوان بە شێکن لە مرۆڤی ئەمڕۆی ئەوروپا و کێشە و قەیرانە دەروونی، کۆمەڵایەتیی، سیاسیی و هونەرییەکانی ئەوروپییەکان، هەمان کێشەی ئەوانیشە.
ئەم شانۆنامەنووسانە بە شێوەیەکی ئاشکرا ددانییان ناوە بەوەدا، کە شانۆی ئەوروپیی کاریگەرییەکی زۆری بەسەر شانۆی یۆنانی نوێ و هاوچەرخەوە هەبووە. شانۆنامەکانی شانۆنووسانی ئەوروپیی، لە شکسپیرەوە بۆ ئیبسن و ستریندبێرگ و زۆری تر، وەرگێڕدراونەتە سەر زمانی یۆنانی و لەسەر شانۆکانیان پێشکەش کراوە. لەم دەروازەیەوە، شانۆنامەنووسەکان و شانۆکارەکانیش ئەوەیان روون کردۆتەوە، کە ناکرێ شانۆی یۆنانی نوێ، پشت بکاتە شانۆی ئەوروپیی و تەنیا پشت بە شانۆی کۆنی گرێکیی و داب و نەریتە دێرینەکانی ئەو شانۆیەوە ببەستێت.
 ئەم شانۆ نوێیەی یۆنان کۆمەڵێک کێشەی تایبەتی خۆی هەیە، یەکێک لەو کێشانەیش، بێگومان کاریگەرییەکانی داب و نەریت و کەلتورە دێرینەکەی شانۆکەی خۆیانە، کە بە هیچ شێوەیەک ناکرێت بەرەنگاریی ببنەوە، بۆ نموونە لە بری ئەوەی شانۆی گرێکیی تەنیا کەلتورێکی دێرینی ئەم شانۆیە بێت، بووەتە بەربەستێک لەبەردەم بەرەوپێش چوونی شانۆ نوێیەکەیاندا. لەو رووەوەی کە دەبێت شتێک بەرهەم بهێنن شان بدات لە شانی ئەو شانۆیە، کە تا ئێستا نەیانتوانیوە تێیپەڕێنن. شانۆی گرێکیی بە هەموو گەورەیی خۆیەوە، بووەتە بەربەستێک لەبەردەم بزووتنەوەی شانۆ نوێیەکەیاندا، دەبێت شانۆی یۆنانی نوێ بتوانێت هێز و وزە داهێنەرەکانی خۆی بگەیەنێتە ئاستی گەورەیی ئەو شانۆ دێرینە، بەڵام لاسایی کردنەوە و پاشکۆبوونی ئەو شانۆیە، تەنیا بەرەو پووکانەوەیان دەبات. شانۆ دیاردەیەکی کۆمەڵایەتییە و پەیوەستە بە بارودۆخە رۆشنبیریی و هزری و سیاسییەکەی کۆمەڵگەوە، لە ساتەوەختێکی مێژوویدا لە دایک دەبێت، گەشە دەکات و کار لەسەر ئەو پرسانە دەکات، شانۆی گرێکیی کۆنیش بەم قۆناغەدا تێپەڕیوە و بەم شێوەیە کاری کردووە. کەی بنەماکانی ئەو ساتەوەختە مێژوویەش گۆڕا، بە تایبەتی کە هەزارەها ساڵی بەسەردا تێ پەڕی بێت، دووبارە کردنەوەی ئەو ئەزموونە و زیندووکردنەوەی وەک خۆی، نامان گەیەنێتە هیچ ئاست و شوێنێک.

#ئەدەب و هونەر

بابەتە پەیوەندیدارەکان