راپۆرتی / ئه‌یاز هه‌ركی
مۆزەخانەی ئه‌لقوشی كەلتوری لە ساڵی 2014 لەلایەن هاووڵاتییەکی ئاشووری نیشتەجێی ناحیەی ئەلقوش دامەزراوە، نزیکەی سێ هەزار پارچه‌ی شوێنەواریی و دەستنووسە کۆنەکانی تایبەت بە ئاشوورییەکان لە مۆزه‌خانه‌كه‌دا پارێزراون، رۆژانە کراوەیە به‌ڕووی گەشتیاراندا و تایبەتە بە کەلوپەلی ئاشوورییه‌كانی سنووری پارێزگای موسڵ.
مێژووی پارچە شوێنەوارییەکان
جوزێف ئه‌لیاس یه‌ڵدا به‌ڕێوه‌به‌ڕی مۆزه‌خانه‌ی ئه‌لقوشی کەلتوری به كوردستانی نوێی راگه‌یاند: کۆنترین پارچه‌ی شوێنەواریی لە مۆزەخانەکەماندا گۆزەیەکی ئاوە کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ زیاتر لە 1200 ساڵ لەمەوبەر، هەندێک لە پارچه شوێنەوارەکانی دیکە مێژووەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ زیاتر لە 500 ساڵ پێش ئێستا، كه بریتین له پارچه‌ی شوێنه‌واریی و دەستنووسە کۆنەکانی ئاشووری و کەرەستەی کشتوکاڵ کردن و جلوبەرگی کۆنی ژنان و پیاوانی ئاشووری.
مۆزەخانەکە لە خانوویەکی کۆندایه کە رووبەرەکەی 1500 مەتر دەبێت و سەر بە کڵێسا‌ی ئه‌وقافی ئاشوورییه له پارێزگای موسڵ.
وتیشی: هاووڵاتیانی ناوچەکە بەبێ بەرامبەر هاوکاریمان دەکەن، رۆژانە کەلوپەلی كۆنی پێكهاته‌ی ئاشووریمان بۆ دەهێنن به مه‌ستی پاراستنیان، هه‌روه‌ها مانگانە نزیكه‌ی 300 هاووڵاتی شاری موسڵ و گەشتیارانی بیانی و ناوخۆیی عیراق سەردانی مۆزەخانەکەمان دەکەن و هەموو ئاسانکارییەکمان کردووە بۆ پێشوازیکردنیان.
شوێنەوارەکانی ئەلقوش
سنووری شارۆچكه‌ی ئەلقوش چەندین شوێنی پیرۆزی ئاشوورییه‌كان و پێکهاتەکانی دیکەشی تێدایە، گرنگترینیان مەزارگەی پێغەمبەر ناحوم، مەزارگەی مەرمیخ و كڵێسای ربان هرمز، كڵێسای مەریه‌م خەزرا و گوندی ئه‌لقوشی كۆن و بازاڕی كۆنی ئه‌لقوش کە هەموویان شارۆچکەکەیان سەرنجڕاکێشتر کردووە.
دنخه ئاشووری گەشتیارێکی خەڵکی سنووری پارێزگای موسڵە سەردانی مۆزەخانەی ئەلقوشی کەلتوری کردووە بە کوردستانی نوێی راگەیاند، شارەکە خۆی چەندین شوێنی پیرۆز و شوێنەواری مێژوویی ئاشوورییەکانی پارێزگای نه‌ینه‌وای تێدایە، هه‌روه‌ها هه‌بوونی ئەم مۆزەخانەیە وایکردووە ئەلقوش زیاتر سەرنجڕاکێش بێت به‌لای گەشتیاران و سەردانکەرانەوە.
به‌ڕێوه‌به‌ڕی مۆزه‌خانه‌ی ئه‌لقوشی کەلتوری داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکانی موسڵ دەکات هاوکاریی بکەن بۆ زیاتر بەرەوپێشچوونی مۆزەخانەکە، بە مەبەستی راکێشانی گەشتیاری زیاتر بۆ شارۆچکەکە.