لە میدیای توركییەوە

12:32 - 2024-11-18
جیهان
70 جار خوێندراوەتەوە

زوبێر ئایدار: دەتوانین پەیوەندیی لەگەڵ ئیسرائیلدا دروست بكەین
زوبێر ئایدار گەورە لێپرسراوی پەكەكە رایگەیاندووە: «لە هەلومەرجی جەنگی سێیەمی جیهاندا كە سەنتەرەكەی ئەم ناوچەیەیە، ئەوانی دیكەش لە دەرگای كورد دەدەن، كوردیش بێ ئەڵتەرناتیڤ نییە» و بە ئاشكراش دەڵێت: «دەتوانین ئێمە پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیلدا دروست بكەین».
لەگەڵ گەڕانەوەی لە ریاز و باكۆ، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا وتی: «ئێمە ئامادەین لەهەر كاتێكدا دەست بە ئۆپەراسیۆنە سنوور بەزێنەكانمان بكەین و ناتوانرێت ئاسایشی تەواو مسۆگەر بكرێت بەبێ ئەوەی ئەو شوێنانە بەتەواوی پاك بكرێتەوە».
لەلایەكی دیكەشەوە دوران كاڵكان  رایگەیاندبوو: «دوای غەززە نۆرەی لوبنان دێت، پاشان سوریا، پاشان قوبرس و توركیا و بەم شێوەیە دەڕوات، قوبرس دەبێتە كۆتایی هێڵەکە. ناوەندی ئەم جەنگەش توركیایە، پێش ئاك پارتی، مەهەپە كۆتایی دێت، «چونكە بەقسەی كالكان «ئایدیۆلۆجیای ناسیۆنالیزم و ئایینگەرایی داڕمان و ئیفلاسیان كردووە و توركیاش ناتوانێت لەم كارەساتە رزگاری ببێت».
هەروەها بەپێی رۆژنامەی تەقویم، موراد قەرەیڵان وتویەتی: «شەڕی پێكهێنانی كوردستانێكی ئازاد و سەربەخۆ لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا چڕتر دەكەینەوە». هەر بەپێی تەقویم، پەیامی مستەفا قەرەسوش ئەوە بووە كە  پێویستە جەهەپە و دەم پارتی پێكەوە كاربكەن دژی قەیومەكان و  پەكەكەش چەك دانانێت.


 

ئیسرائیل: پێویستە پەیوەندییەكانمان  لەگەڵ كورددا پتەو بكەین

لە میانی مەراسیمی دەستبەكاربوونی وەك وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل، لە شوێنی یسرائیل كاتز، گیدیۆن ساعر لێدوانی كورت و ورووژێنەری داو، داوای پتەوكردنی پەیوەندییەكانی كورد و ئیسرائیلی كرد.
گیدیۆن ساعر تەئكیدی لەسەر پێویستیی پتەوكردنی پەیوەندییەكانی نێوان تەلئەبیب و كوردی لە ناوچەكە كردۆتەوە و ئاماژەی بەوەدا كە ئەو بابەتە دوو رەهەندی سیاسی و ئەمنی هەیە.
 ساعر رایگەیاندووە: كورد گەلێكی گەورەیە و تائێستا سەربەخۆ نییە.
وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل ئاماژەشی بە كەمینەی دروزەكان لە لوبنان و سوریا داوە و رایگەیاندووە كە پاڵپشتی ئیسرائیل دەكات بۆ بەهێزكردنی پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئەو پێكهاتانە.
ئەم لێدوانانە لە كاتێكدایە كە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا هۆشداریی دا لە تەشەنەسەندنی جەنگ لە غەززەوە بۆ توركیا، بە پاڵپشتیكردنی ئەو رێكخراوە كوردانەی كە توركیا لە لیستی «تیرۆر»دا پۆلێنیان دەكات. 
دەوڵەت باخچەلی سەرۆكی مەهەپەش، داوای ئازادكردنی عەبدوڵڵا ئۆجەلانی كرد لەبەرامبەر هەڵوەشاندنەوەی پەكەكەدا.
شایانی باسە بەپێی رۆژنامەی تایمز ئۆف ئیسرائیل ، وەزیری دەرەوەی نوێی ئیسرائیل، گیدیۆن ساعر داوای بەهێزكردنی پەیوەندییەكانی لەگەڵ گەلی كورددا دەكات، و كورد بە «هاوپەیمانێكی سروشتی» ی ئیسرائیل ناودەبات.



ترەمپ ئاگربەستی لوبنانی پەسەند كرد


میدیاكانی لوبنان بڵاویانكردەوە ئەمریكا كە ناوبژیوانی ئاگربەستەكەی لوبنانی كردووە، رەشنووسی رێككەوتنەكەی گەیاندووەتە حکومەتی بەیروت.
بەگوێرەی هەواڵەكان، لیزا جۆنسن باڵیۆزی ئەمریكا لە بەیروت رەشنووسەكەی گەیاندووەتە (نەبیهــ بڕی) سەرۆكی پەرلەمانی لوبنان.
ئەم رەشنووسە بەپێی بڕیارنامەی 1701ی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان ئامادە كراوە. 
لە بڕیارنامەی 1701دا هاتووە: «ئیسرائیل لە پشت هێڵی سەوز بكشێتەوە و ناوچەی نێوان ئەم هێڵە و رووباری لیتانی لە لوبنان لە چەك دابماڵێت و تەنها چەك و سەربازانی سەربە سوپای لوبنان و هێزی ئاشتیپارێزی  سەربە نەتەوە یەكگرتووەكان (UNIFIL) لە لوبناندا بن و لەوێ بمێنێتەوە.
هێشتا نازانرێت ئاخۆ حزبوڵڵای لوبنان چۆن وەڵامی ئەم پێشنیازە دەداتەوە.
رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ –ی  ئەمریکاش بڵاویكردووەتەوە: ئەو رەشنووسی رێككەوتنەی كە باسی لێوە دەكرێت، لەلایەن دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی هەڵبژێردراوی ئەمریكاوە پەسەندكراوە.
هەر لەوبارەیشەوە WSJ  نووسیویەتی: ترەمپ كە رۆژی یەكشەممە لە فلۆریدا لەگەڵ رۆن دێرمەر وەزیری پەیوەندییە ستراتیژییەكانی ئیسرائیل كۆبووەوە، گڵۆپی سەوزی بۆ پێشنیازی ئاگربەست هەڵكردووە و هیوای خواست كە چەكەكان پێش 20ی یەنایەر كە وادەی سوێندخواردنەكەیەتی بێدەنگ ببن.

 



بابەتە پەیوەندیدارەکان