مەحمود شێرزاد
سیاسەت و خەبات جۆرێکن لە تەسەوف و عیرفان، تەسەوف و عیرفان بەمانا دینییەکەیان نا، بەڵکو کەسی سیاسی و شۆڕشگێر دەبێ پرۆسەی پاکژیی زەینی و دەروونی ئەزموون بکا و لە زەین و ناخەوە خۆی خاوێن بکاتەوە
شانکاراچاریا ساڵی 788 ی زایینی لە ناوچەی کالادی هیندستان لەدایک بوو. شانکاراچاریا 32 ساڵ ژیا، بەڵام لەم 32 ساڵەدا کارێکی کرد، سەرەڕای راستەقینەبوون و بەرچاوبوونی کارەکەی، هەتا ئێستاش لە خەیاڵ دەچێت. شانکاراچاریا دامەزرێنەری (ئەدڤایتە ڤێدانتا)یە، یانی (یەکێتیی بوون/ وحدة الوجود). شانکاراچاریا هەر لە منداڵییەوە کەراماتی جۆراوجۆری نواندوون، هاوکات زۆر بەئاگا و ژیر و قسەزان و وردبین و مووقڵێش بوو، شانکارا لە بارودۆخی فەلسەفی و دینی و عیرفانی ئەو کاتی هیندستان ناڕازی بوو، لەبەر ئەوەی بێ ئەژمار گروپی جیاجیا سەریان هەڵدابوو، هەرکەسە بە تێگەیشتنی خۆی، یان بۆ ئامانج و بە گوێرەی بەرژەوەندییەکانی خۆی، راڤەی تێکستەکان و دژایەتی فکریی ئەوانی دیکەی دەکرد. کۆمەڵگا ببووە هەزاران پارچە، لێکترازانی کۆمەڵایەتی لە هەموو لایەوە خەریکبوو گورزی کوشندەی دەوەشاند، بە کرداریانەوە دیار بوو کە کەس وەک پێویست ئەم بارودۆخەی بۆ گرنگ نییە، هەر کەس مەستی خەیاڵاتی خۆی بوو، رێک وەک ئەوەی ئێستای ئێمە لە بواری سیاسیدا لە هەر چوارپارچەی کوردستان تێیداین.
شانکاراچاریای گەنج دەستی بە گەڕان بە هەموو هیندستاندا کرد، سەفەرەکەی بۆ ئەوە بوو هەمووان یەک بخات و ناوماڵی دنیابینی دینی و دنیایی هیندستان رێکبخاتەوە، سەیر لەوەدابوو سەرکەوتوو بوو. چۆن ئەو ئەفسانەیەی کرد بەم کەتوارەی (واقیع) ئێستا؟. شانکارا سەردانی رێبەران و زانایانی گروپە جیاجیانی دەکرد، بە نەرمی و بە شێوازە ژیرانەکەی، گەنگەشەی لەگەڵ دەکردن و تێیدەگەیاندن، پاشان وەک دڵۆپێکی لاتەریک، دەیخستنەوە ناو زەریای یەکێتییەوە. شانکارا بە هەمووانی سەلماندن کە (ئاتمان - رۆحی تاکەکەسیی مرۆڤ و بوونەوەرەکان) لەگەڵ (براهمان – رۆحی تاک و تەنیای نەمریی گەردوونی - خوا) لە یەکێتییدان و هەر یەکن، لەدەرەوەی ئەم دووانە، هەرچی هەیە کاتی، فانییە و لەناو دەچێت. شانکارا پێیگوتن ئێمە کە هەموومان یەکین ئەی ئێستا چۆنە ئێمە خۆمان لە یەکتریی بە جیا دەزانین و دژایەتی یەکتریی دەکەین و هەموو هێز و توانای خۆمان بۆ حەز و ئارەزوو و بابەتە فانییەکان تەرخان دەکەین؟ (هەموومان کوردین و لەناو یەک کێشەداین و یەک ئامانجمان هەیە، ئەی بۆ یەک نەگرین). شانکاراچاریا زۆر شارەزایانە سەلماندی، کە هەموو راڤە و شرۆڤەکانی پێشوو بۆ دەق و کتێبە پیرۆزەکانی هیندۆسەکان ناتەواو و پڕ لە هەڵە و کەموکوڕین، بۆیە زۆر شارەزایانە شرۆڤەی کردنەوە و رۆحی راستەقینە و یەکدەستی ئەو تێکست و کتێب و سووترایانەی هێنایە بەرچاوان. دوای ئەوەی شانکارا هەمووانی یەکخست، لە چوار شوێنی هیندستان، چوار ناوەندی بە ناوی (ماتها) دانا بۆ ئەوەی ئەم یەکێتییە ئاگایانە و مرۆیی و دیموکراتیکە بۆ هەمیشە باڵ بەسەر هەموو هیندستاندا بکێشێت و هەر واشی لێهات، ئەو ناوەندانە تا ئێستاش ماون و چالاکن، ئەو کەسانەی دەبن بە بەڕێوەبەری ئەو ناوەندانە، نازناوی شانکارا هەڵدەگرن، دیموکراسییە سیاسییە گەورەکەی سەرزەوی، کە لە هیندستانە، لەم سەرچاوەوە ئاو دەخواتەوە، واقیعی سیاسی و کۆمەڵایەتی و دینی هیندستانی ئێستا، کە کەمترین بەریەککەوتنی تێدایە، بەرهەمی ئەو هەوڵەی شانکاراچاریایە.
تەنانەت دوژمنەکانیشت دڵیان هەیە
سەدان ساڵ دوای شانکارا، ماهاتما گاندی لە خەبات و سیاسەتدا لە هیندستان هەمان کاری کرد. ماهاتما نەک هێزەکانی ناوخۆی یەکخست، نەک هەموو چینە هیندۆسییەکان(کاست)ەکانی یەکخست، کە تا ئەوکات بیرکردنەوە لەو بابەتە مەحاڵ بوو، بەڵام کردی، لەڕاستیدا مرۆڤ دەتوانێ هەموو شتێک بکا، تەنانەت ماهاتما توانی بەشێکی زۆر لە ئینگیزەکانیش بێنێتە ناو خەباتەکەیەوە، بۆ نموونە ژن ومنداڵی هەندێ لە بەرپرسە باڵاکانی ئیمپراتۆریای بریتانیای، بە بێ ئەوەی مەبەستی بێ، بەرەو خۆی راکێشا. یەکێک لە بەرپرسە سەربازییە پلە بەرزەکانی ئەو کاتی ئیمپراتۆریای بریتانیا لە هیندستان، لە کۆبوونەوەیەکی سەربازیدا دەڵێ: (زۆر قورسە بە دژیی کەسێک خەبات بکەی، کە توانیوێتی دڵی منداڵەکانمان بەدەست بێنێ و لە قوتابخانە ئینشای لەبارەوە بنووسن). تەنانەت جارێک رۆژنامەنووسێکی دیاری بریتانیا دەچێتە هیندستان تا دیمانەیەک لەگەڵ ماهاتما گاندیدا بکات، ژەنڕاڵ سمارتز پێی دەڵێ: (ئەگەر چووی بۆ لای، ئاگات لە خۆت بێ دڵت بەدەست نەهێنێ، پیاوێکی زۆر زیرەک و کاریگەرە). ماهاتما چەندجارێک زیندانی کرا، یەکێک لەو جارانەی کە لە لایەن دەسەڵاتی بریتانیاوە گیرابوو، تەواو پیر ببوو، کاستۆربای هاوسەریشیان هێنابوو بۆ لای، کاستۆربای پێی دەڵێ: (بۆچی ئەوەندە دوژمنایەتی ئەم ئینگلیزانە دەکەی و ئەوەندە خۆت تووشی سەرئێشە دەکەی؟) ماهاتما گاندی لە وەڵامدا پێی گوت: (من دوژمنی ئینگیزەکان نیم، تەنیا ئەوەندەم دەوێ تێبگەن، ئێمە و ئەوان یەکین، من رقم لەوان نییە، بەڵکو دەمەوێ دەست لە داگیرکاریی ئێمە هەڵگرن و وڵاتی خۆمان بۆ خۆمان بەجێبێڵن). بەرەنجامی ئەو سیاسەتە ئەوە بوو، جگە لەوەی هیندستان ساڵی 1948 بە سەربەخۆیی گەیشت، دوای نزیکەی 70 ساڵ لە سەربەخۆیی هیندستان، بریتانیا پەیکەری ماهاتما گاندی لەبەردەم پەرلەمانی وڵاتەکەی، رێک چەند مەترێک دوورتر لەو (چەرچڵ)ەی هەمیشە مهاتمای بە سواڵکەرێکی رووت و قووت ناو دێنا، دانا. جارێک دوای کۆبوونەی ماهاتما لەگەڵ چەرچڵ لە بریتانیا، لە کاتی لێدوانی رۆژنامەوانیدا، رۆژنامەنووسێک لە ماهاتمای پرسی: (جەنابی ماهاتما گاندی، بە بۆچوونی جەنابت ئەو جلوبەرگەی بەرت پێشێلکردنی پرۆتۆکۆلی ئەمجۆرە کۆبوونەوانە نییە؟) ماهاتما گاندی بە زەردەخەنەوە ئاماژەی بە چەرچڵ کرد و گوتی: (خاوەنشکۆ، بەشی هەردووکمان جلوبەرگی پرۆتۆکۆلی پۆشیوە).
زۆر نموونەی دیکەش هەن لە جیهاندا کە دەریدەخەن مرۆڤ دەتوانێ نەک براکان و دۆستەکانی، تەنانەت دووژمنەکانیشی بکا بە هاوڕێ و هاوپەیمانی راستەقینەی خۆی تەنانەت لە سیاسەتیشدا، مرۆڤ هەموو شتێک دەتوانێ بکا، بەو مەرجەی بڕوای بەوە بێ کە دەتوانێ، وەک مهاتما گاندی، مارتین لۆتەرکینگ، نیلسۆن ماندێلا و...هتد، ئەی باشە بۆ ئێمە ناتوانین نەک دوژمن و داگیرکەرەکانمان، تەنانەت لەناو خۆشماندا نابین بە دۆست و هاوپەیمانی راستەقینەی یەکتری و بە گوێرەی بەرژەوەندیی تاکەکەسی بە ئاسانی پشت لە یەکتریی دەکەین و تەنانەت بە خراپترین شێوەش دوژمنایەتی یەکتریی دەکەین. بەهەرحاڵ کێ دەبێتە هۆکاریی یەکخستنی هێزی کورد لەپێناو سەرخستنی کورددا؟ کێشەی کورد یەکە، ئەو هەموو حزب و گروپ و بەرەیە بۆ؟ ئەگەر هەموو هێزەکان یەک ئامانجیان هەیە و بەڕاستی بۆیان گرنگە بە ئامانج بگەن، بۆ نابن بە یەک؟! ئەم بابەتە هەزاران هۆکاری ماددی و دەروونی کۆن و تازەی لە پشتە، بەڵام هەر هەزاران هۆکارەکە لە یەک شتەوە سەرچاوە دەگرن، ئەویش ئیگۆ و بەرژەوەندیی دنیایی تاکەکەسی و خێزانیی و خێڵەکییە، کە هەوڵدەدا خۆی لە پشت رواڵەتی خوێندنەوەی جیاواز، سیاسەت و تێگەیشتنی جیاواز، شێواز و ئامانجی جیاواز، هەستکردن بە بەرپرسیارێتی نەتەوەیی و بەرژەوەندیی گشتی و...هتدی جیاواز
حەشار بدا.
پاژنە ئەخیلی کورد
هەموو کوردێک دەزانێ (پاژنە ئەخیل – ئەشیل)ی کورد، یەکنەگرتوویی ناوماڵی کوردییە و هەمووانیش دەڵێن لە خزمەت رێکخستنەوە و یەکخستنەوەی ناو ماڵی کوردداین. بەڵام وایە؟ تەنانەت ئەو کاتەی کە لە یەک حزبدان و لێکتری جیا دەبینەوە، لە راگەیەندراوی جیابوونەوەدا، باسی یەکگرتوویی ناوماڵی کورد دەکەین، ئەمە راستی و کۆمێدیای تراژیکە و ئاماژە بەوە دەکا ئێمە نیشتمانپەروەر و نەتەوەیی راستەقینە نین. تا ئێستا لەناو سەرکردە و سیاسییەکاندا کەسیان نەیتوانیوە ئەم بابەتە لە دروشمەوە بکا بە کەتوار (واقیع). بۆ نەیتوانیوە و هۆکارەکەی چییە؟ هۆکارەکەی ئەوەیە سیاسەت و خەبات جۆرێکن لە تەسەوف و عیرفان، تەسەوف و عیرفان بەمانا دینییەکەیان نا، بەڵکو کەسی سیاسی و شۆڕشگێر دەبێ پرۆسەی پاکژیی زەینی و دەروونی ئەزموون بکا و لە زەین و ناخەوە خۆی خاوێن بکاتەوە، واتە لەگەڵ خۆی خەڵوەت بکا، خۆی لە من (ئیگۆ – نەزانی، خۆپەرستی و خۆ بەزلزانی، ئەویتر قبووڵ نەکردن، بەرژەوەندییە تاکەکەسی و خێزانی و خێڵەکییەکان) پاک بکاتەوە، ئەم حاڵەتە نەرێنییانە نەکاتە بنەمای بیرکردنەوە و چالاکییەکانی خۆی و حزب و گروپەکەی، ئەو کەسە تەنیا لەم حاڵەتەدا دەتوانێ بەرە بەرە هەمووان لەسەر یەک خاڵ کۆبکاتەوە و یەکێتیی کورد وەدی بێنێ، بەڵام ئەگەر هەر بە (ئیگۆ)وە سیاسەت یان هەر کارێکی دیکە بکات، بەرەنجامەکەی بە دڵنیاییەوە نەرێنی دەبێ.
کاتی خۆی (ڤاسڵاڤ هاڤێڵ) لە دەستپێکی خەبات بە دژی دیکتاتۆریی کومۆنیستی چکێسلۆڤاکیا لە نووسینێکدا بە ناوی (هێزی بێ هێزەکان) روو بە خەڵک دەڵێ: (خەبات و سیاسەتکردن، جۆرێکە لە گۆڕانکارییەکی میتافیزیکی و ناخەکیی، خەڵکینا، بگەڕێنەوە بۆ ناخی خۆتان، سەرەتا ئەو منە دیکتاتۆرەی لە ناخی خۆتاندا هەیە لەناو بەرن، پاشان وەرن خەبات بکەن، ئەگەر ئەوە نەکەن، یان سەرناکەون، یان سەرکەون و بچنە شوێنی ئەوان، هەر ئەوە دەکەن کە ئەوان ئێستا دەیکەن).
وێنەیەکی خەیاڵی شانکاراچاریا
لە ئەفسانەوە تا (واقیع)
ئەو باسە هەمان باسی (سەرکردەی سێ جار گەورە)ی هێرمس و سوهرەوەردییە، دەبێ سەرکردەیەکی بێ ئیگۆ لەناو کورددا سەرهەڵبدا و بە گوتارێکی نەتەوەیی پاکژەوە، ژیرانە و مووقڵێشانە، بە هێمنی و بە ئەشقەوە دەست بکا بە بەدەستهێنانی دڵی هەمووان و هەمووان لەسەر یەک خاڵ و لەدەوری یەک ئامانج، کە ئامانجی هاوبەشی هەموو لایەکە، ئەویش یەکگرتوویی یەکجارەکی و سەرخستنی کوردە کۆ بکاتەوە. دەبێ یەکێک سەرهەڵبدا، یان یەکێک لەو بەڕێزانەی ئێستا، کار لەسەر خۆی بکا و بە بێ ئیگۆ لە مەیدانەکەدا دەوری مێژوویی و مرۆیی خۆی ببینێ. یەکگرتوویی کورد بۆتە ئەفسانە، بەڵام دەکرێ بە ئاسانی، وەک ئەو نموونانەی لەسەرەوە ئاماژەمان پێدان، بکرێ بە کەتوار (واقیع) و لەسەرزەوی کوردستان بە بەرچاوی دنیاوە رووبدا. ئەو نموونانە ئاماژەمان پێداون، هەموویان بۆ سەدان و هەزاران ساڵ، لە روانگەی ملیۆنان کەسدا، ئەفسانە و خەیاڵ بوون، بەڵام یەکێک لەسەر ئەو باوەڕە بوو کە دەتوانێ ئەم ئەفسانەیە بکا بە کەتوار، چونکە ویستوویەتی، کەواتە توانیوێتی، ئێمە تا ئێستا کەسمان بەڕاستی ئەوەمان نەویستووە، بۆیە تا ئێستا نەمانتوانیوە. ئەم حاڵەتە لەناو کورددا مێژوویەکی هەزاران ساڵەی هەیە، دەیان هۆکاریی کەلتوریی و جوگرافی و ناوچەیی و کۆمەڵایەتی و دەروونی لە پشتە، بەڵام ژوورێک هەزاران ساڵیش تاریک بێ، بە هەڵکردنی چرایەک تێیدا، بە خێرایی ئەو تاریکە هەزارساڵەیە دەڕەوێتەوە. ئەگەر کەسێک لە بنەڕەتییەوە، لە هەموو خانەکانی بوونییەوە، لەهەموو نۆرۆنەکانی مێشکێوە بیهەوێ کورد یەکبخات، دەتوانێ یەکیبخات، بەڵام تا ئێستا کەسمان ئاوا نەبووین، بنەڕەت و مێشکمان بە شتی دیکە پڕ بۆتەوە و ئێستا ئەوانمان زۆرە، هەر شتێکمان نییە، بەڵگەی ئەوەیە لەبنەڕەتدا ئەو شتەمان نەویستووە و نامانەوێ و نۆرۆنەکانی مێشکمان لەو پڕ نەکردووە، هەربۆیەش هەمیشە یەکگرتوویی و بەرژەوەندیی گشتیمان کردووە بە قوربانی کۆمەڵێک دەستکەوتی تاکەکەسی و خێزانی و خێڵەکی. ئەگەر شانکاراچاریا لە بواری دین و فەلسەفە و عیرفاندا، مهاتما گاندی، پێشەوا قازی لە ماوەیەکی زۆر کەمدا، مارتین لۆتەر کینگ، نیلسۆن ماندێلا، ڤاسڵاو هاڤێڵ، مام جەلالی دوای پرۆسەی ئازادیی عیراق لە بواری سیاسیدا، تاڕادەیەک بە بێ ئیگۆ سیاسەتیان نەکردبا و ئەوەیان نەویستبا کە کردیان، ئایا دەیانتوانی بەو بەرەنجامە ئەرێنییە بەربڵاوانە بگەن کە پێیگەیشتن؟ بە دڵنیاییەوە نەیاندەتوانی و سیاسەتی ئەوانیش لێکترازانی کۆمەڵایەتی و جەنگ و جیاوازیی چینایەتی و شکست لە دوای شکست و...هتدی زیاتری لێدەکەوتەوە.