لە رۆژانی رابردوودا هونەرمەندی دەرهێنەر جەلیل زەنگەنە سەردانی شاری كەركوكی كرد بە مەبەستی بەشداریكردنی لە سەرژمێری گشتیدا. لە پەراوێزی بەشداریكردنەكەیدا پەیامنێری كوردستانی نوێ چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ ئەو هونەرمەندە ساز كرد.
هونەرمەند جەلیل زەنگەنە بە دوالاپەڕەی وت: كە هاتمەوە كەركوكی زێدی خۆم، رۆژانی گەنجێتیم هاتەوەیاد، كە چۆن لە گەڕەكی شاترلو لەگەڵ نەتەوەكانی تر وەكو برا ژیانێكی خۆشمان دەبردەسەر و بەو هیوایەم كەركوك وەكو جاری جارانی لێبێتەوە، لەبەرئەوەی كوردی ئەم شارە هەمیشە قوربانی داوە لەپێناو كوردستانیبوونی كەركوكدا.
وتی: لەساڵی 1959 لە تەمەنی هەرزەكارییدا، خولیای شانۆی كەوتەسەرم بە هاندان و پاڵپشتی هونەرمەند خالید دلێر، یەكەم كاری شانۆیشم بە شانۆیی (كچە لاڵەكە) لە دەرهێنانی سەلمان فایق بەشداریم كرد، كە خۆی دەقەكەی وەرگێڕابوو بۆ سەر زمانی كوردی و هەریەك لە د. فازڵ جاف و جیهاد دڵپاك و عەلی كەریم و ژمارەیەكی تر رۆڵیان تێدا بینی، دواتر بەردەوام بووم لە كاری هونەریدا، یەكەم درامای كوردی (مەرەزە) لە نووسینی خۆم كە ساڵی 1973 بۆ تەلەفزیۆن بە رەش و سپی تۆمار كرد و تا ئیمڕۆش سەدایەكی زۆری لەنێو جەماوەری كورددا هەیە لە كەركوك و كوردستان، هەروەها بەشداریكردنم لە شانۆیی بەهاری دزراو، دواتریش بۆ تەلەفزیۆن تۆمار كرا كە هونەرمەند جیهاد دڵپاك لە جیاتی من بە كارەكتەری رۆستەمی نەوت فرۆش رۆڵەكەی بینی .
هونەرمەند جەلیل زەنگەنە سەبارەت بە زنجیرە درامای گەردەلوول وتی: دوای ئەوەی بەشەكانی یەكەم و دووهەم و سێهەمی زنجیرە دراماكەم دەرهێنا، ئێستا سەرقاڵی وردەكاری بەشەكانی تری دراماكەین كە بەمزووانە دەست بە تۆماركردنی دەكەین، سوپاسی هێرۆخانیشی كرد كە پشتگیری مادی بەشەكانی پێشووی دراماكەی كردبوو، هەروەها سوپاس و پێزانینی خۆی ئاراستەی عیماد ئەحمەد و شوان كەریم كابان كرد كە رەزامەندی پشتگیری مادیی لەلایەن سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی بۆ وەرگرتوون بۆ تۆماركردنی بەشەكانی چوارەم و پێنجەم.
هونەرمەند جەلیل زەنگەنە ئەوەشی خستەڕوو كە بەداخەوە هونەرمەندە دێرینەكان پشتگوێخراون و ئاوڕیان لێ نادرێتەوە.
جەلیل زەنگەنە لەدایكبووی ساڵی 1947ی كەركوكە و لە ناوەڕاستی هەفتاكانی سەدەی رابردوودا چووەتە شاری سلێمانی و نزیكەی نیو سەدەیە سەرقاڵی كاری هونەرییە و لەو بوارەدا جێ دەستی دیارە و لە ماوەی ژیانیدا چەندین كاری بەپێزی پێشكەشكردووە كە دیارترینیان زنجیرەدرامای (گەردەلوول)ە.
كەركوك ـ رزگار شوانی
دەرهێنەر جەلیل زەنگەنە