رۆنـــاڵـــدۆ هــه‌ڵـــه‌ی پـێـكـــرد

01:28 - 2024-11-26
وەرزش
33 جار خوێندراوەتەوە

هەوراز كاوە

کریستیانۆ رۆناڵدۆی کاپتنی یانەی نەسری سعودی، لە دوایین ماوەی گواستنەوەی یاریزاناندا، بووە هۆی گواستنەوەی یاریزانێک بۆ یانەیەکی تر بەهەڵە. ئەمەش پەیوەندیی بە تیفی بیڤومای کۆنگۆییەوە هەیە، کە یاریزانی پێشووی ئیسپانیۆل بووە، مانگی ئابی ساڵی ڕابردوو چووە یانه‌ی ئیستیقلال خوزستانی ئێران.
لە چاوپێکەوتنێکی ئەم یاریزانە لەگەڵ کەناڵی تەلەفزیۆنی زیندە -ی ئێرانی، وتی؛ خەونی گەورەم ئەوه‌ بوو‌ بەرامبەر کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ یاری بکەم، بۆ ئەو مەبەستەش ڕوم کردە خولی ئێران.
تیفی بیڤوما، دوای چوونی بۆ ئێران، نەیویستووە بچێتە ئیستیقلالی تاران، بەڵکو چووە یانەیەک کە ناوی ئیستیقلال خوزستانە.
بیڤوما له‌وباره‌یه‌وه‌ ده‌ڵێت: دەرفەتی یاریی کردنم لە تورکیا هەبوو، بەڵام هاوسەرەکەم قایل نەبوو بچمە ئەوێ، هەمیشە هیوای ئەوەم دەخواست پێش وازهێنانم بەرامبەر ڕۆناڵدۆ یاریی بکەم، لەبەر ئەوەی ئێستا ڕۆناڵدۆ، لە كیشوه‌ری ئاسیا یاری ده‌كات، لە یانەی ئیستیقلال ئه‌وه‌ ده‌رفه‌ت بۆ من هەبوو یاری به‌رامبه‌ر کریس بكه‌م.
سه‌ره‌تا قسەیان لەگەڵ کردم سەبارەت بە ئۆفەری تیپی ئیستیقلال خوزستان، منیش سەیری خشتەی یارییەکانم کرد و تێگەیشتم کە یارییەکیان بەرامبەر یانه‌ی نەسر هه‌یه‌، بۆیه‌ منیش بە خۆمم وت، کە ئەمە ئەو یانەیەیە کە دەمەوێت بچم بۆی.
ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا و بە پێکەنینەوە وتی: به‌ڵام دواتر پێم سه‌یربوو، کە دوو یانە بە ناوی ئیستیقلالەوە، لە ئێران هەبن.
بیڤوما ئەوەشی وت: کاتێک گەیشتمە تاران، گەیڵ کاکوتای هاوڕێم، تەلەفۆنی بۆ کردم و لێی پرسیم لەكوێی؟، پێم وت من لە هۆتێلم، بۆ پشکنینی پزیشکی، دواتر وتی کام هۆتێل، حەز دەکەم بێم و بتبینم.
دوای کاتژمێرێک جارێکی تر تەلەفۆنی بۆ کردمەوە و گاڵتەی پێکردم و وتی، تۆ بۆ تیپی ئیسقلال خوزستان چوویت، ئه‌و تیپه‌ له‌ تیپی ئیستیقلال تارانی ئێمه‌ بچوكتره‌.
لە کۆتاییدا وتی: ئه‌وه‌ی ڕوویدا، رویدا، بەڵام لە خولی یانەکانی ئێراندا، بەرامبەر ئەوان یارییمان کرد و یارییەکەمان لێبردنەوە، گۆڵی بردنەوەشم بۆ تیپه‌كه‌م دژی ئیستییقلال تاران كرد.

بابەتە پەیوەندیدارەکان