ماوەی زیاتر لە پێنج مانگە بەشێك لە بازاڕی قەیسەری هەولێر سوتان و زیانێكی زۆر بەخاوەن دوكانەكان گەیشت، كەچی تائێستا نەیانتوانیوە دوكانەكانیان بكەنەوەو خاوەنەكانیان بگەڕێنەوە سەر كاروكەسابەتی خۆیان، سەرباری ئەوەش مانگانە لەلایەن خاوەن موڵكەكان، كرێی مانگانە لە كاسبكاران وەردەگیرێت، هیچ كاتێكیش دیار نییە بۆ تەواوكردن كاری نۆژەنكردنەوەی بەشە سوتاوەكەی ئەو بازاڕە.
ئا: سیڤان سامان
بازاڕی قەیسەری لەبنەڕەتدا شوێنی كاروكاسبیە، شوێنێك نییە تەنیا شوێنەوار بێت
هیوا محەمەد، وەك یەكێك لە خاوەن دوكانەكانی بازاڕی قەیسەری هەولێر بۆ كوردستانی نوێ وتی: من و براكانم خاوەنی سێ دوكانین لەو بازاڕە، لە رووداوەكەی مانگی پێنجی ئەمساڵ هەر سێ دوكانەكەمان سوتان و زیانێكی زۆرمان بەركەوت.
وتیشی: جگە لەوەی ماوەی زیاتر لە پێنج مانگە بێكارین، مانگانە كرێی دوكانەكانمان لێوەردەگیرێت، ئەگەر نەیدەین، خاوەن موڵك دوكانەكانمان لێوەردەگرێتەوەو دەیدات بەكەسانی تر.
راشیگەیاند: هەرچەندە داوامان لەپارێزگا كردووە بەكاتێكی زووتر دوكانەكانمان نۆژەن بكرێتەوە، بۆئەوەی بگەڕێینەوە سەر كاروكاسبیمان، تائەوكاتەش كرێمان لەسەر حیساب نەكرێت، بەڵام هیچ ئەنجامی نەبووە، بۆیە تائێستا بێكار ماویەنەتەوە.
رەحیم حەمەد كەسێكی ترە زەرەرمەندی سوتانی بازاڕی قەیسەری دەڵێت: كارەكانی نۆژەنكردنەوەی دوكانە سوتاوەكان زۆر بەخاوی بەڕێوەدەچێت، بەوپێیەی هەندێكی لەسەر بنەمای پاراستنی شوێنەوار كاری نۆژەنكردنەوەی بۆ دەكەن، ئەوانیش كارەكانیان بەهێواشی دەڕوات، بەڵام دەكرێ تا ئەو شوێنانە تەواودەكرێت، كار لەوانی تردا بكرێت، بۆئەوەی سوود لەكات وەربگرن، بەڵام بەڵێندەرەكان دەڵێن، ئێمە گرێبەستی یەك ساڵمان لەگەڵ حكومەت هەیە، بەوجۆرە كاردەكەین كە خۆمان دەمانەوێت.
ئاماژەی بەوەشكرد: راستە كاركردن لە شوێنی شوێنەوارەكان هەستیارن، بەڵام دەكرێت ژمارەی تیمەكانیان زیادبكەن و كاتێكی زۆرتر تەرخان بكرێت، تاوەكو دوكاندار و كاسبكاران بگەڕێنەوە سەر كارەكانیان، چونكە بازاڕی قەیسەری لەبنەڕەتدا شوێنی كاروكاسبیە، شوێنێك نییە تەنیا شوێنەوار بێت و بەئیسراحەت كاری تێدا بكرێت.
ئاماژەی بەوەشكرد: بەگوێرەی ئەو زانیارییەی بە ئێمە گەیشتووە، هۆكاری خاوبەڕێوەچوونی كارەكانی نۆژەنكردنەوە، بۆ خەرجنەكردنی پارەی پێویستە لەلایەن حكومەتەوە بۆ بەڵێندەرەكان دەگەڕێتەوە، بەجۆرێك ئەو بەڵێندەرەی كاری نۆژەنكردنەوەی دوكانی قەیسەری دەكات، تائێستا پارەی نۆژەنكردنەوەی بازاڕی لەنگەی وەرنەگرتووە، كە ئەویش بەهەمانشێوە سوتاوەو خەڵكەكە تێدا زەرەرمەند بوون.
شڤان بەزاز كەسێكی تر بوو بەدیار دوكانە داخراوەكەی دانیشتبوو، چاوەڕوانی تەواوكردنی كاری نۆژەنكردنەوە دەكات، لەوبارەیەوە وتی: بەهۆی خەرجنەكردنی پارەی بەڵێندەرەكە مەترسی هەیە كارەكانی نۆژەنكردنەوەی بەشێك لە دوكانەكانی بازاڕی قەیسەری بوەستێت، ئەمەش زیانێكی تر بە دوكاندار و كاسبكاران دەگەیەنێت.
پێشیوابوو: یەكێكی تر لە هۆكارەكانی سستی بەڕێوەچوونی كارەكانی نۆژەنكردنەوە، بۆ نەبوونی پلانێكی دیاریكراو دەگەڕێتەوە، بەتایبەتی لە نێوان پارێزگا و بەڵێندەر و بەرگری شارستانی و شارەوانی، بۆ دانانی سیستەمی ئاگركۆژێنەوە، هەریەكەیان دەخوازێت سیستەمەكە بەشێوازێك دابنرێت، بەڵام تائێستا نەگەیشتوون بە بڕیارێكی هاوبەش.
وێنەی قەیسەری هەولێر لەکاتی نۆژەنکردنەوەدا