كۆبوونەوەی ئەنجومەنی هاریكاریی وڵاتانی كەنداو

09:15 - 2022-07-17
جیهان
616 جار خوێندراوەتەوە

ئا/ یانی سابیر

 بەر لە كۆتاییهێنان بە گەشتەكەی بۆ خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، جۆ بایدن سەرۆكی ئەمریكا بەشداربوو لە كۆبوونەوەی باڵای وڵاتانی ئەنجومەنی  هاریكاریی كەنداو كە لە جەددەی پایتەختی سعودیە رێكخرابوو.
كۆبوونەوەكە كە بە بەشداریی هەریەك لە نوێنەرانی سعودیە، قەتەر، عوممان، كوێت، بەحرێن ‌و ئیمارات ‌و ئامادەبوونی نوێنەرانی عیراق ‌و میسر ‌و ئوردن بەڕێوەچوو، سەرۆكی ئەمریكا لە وتارێكیدا رایگەیاند: واشنتۆن ئاگای لە ئاڵنگارییەكانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستە ‌و  هاوكاریی هاوپەیمانەكان دەكات، هەروەك ئەمریكا وەك هاوبەشێكی چالاك لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا دەمێنێتەوە.
روونیشیكردەوە: پاڵپشتیی بەهێز لە بنەمای رێكەوتنە نێودەوڵەتییەكان دەكەین ‌و ئەو وڵاتانەی لەم كۆبوونەوەیەدا ئامادەن، بەشێكن لەو وڵاتانەی كە ئەمریكا پشتیوانییان لێدەكات. وتیشی: لە بابەتی ئاسایشی خۆراكدا، ویلایەتە یەكگرتووەكان پابەندە بەوەی كە ملیاران دۆلار تەرخان بكات بۆ ئەم ناوچەیە، بۆئەوەی چارەسەری كێشەكان بكەین. هەروەها رووبەڕووی قەیرانەكانی وەك قەیرانی تەندروستی دەبینەوە ‌و سەدان ملیار دۆلارمان بۆ بابەتی گۆڕانی كەشوهەوا خەرجكردووە.
ئاماژەی بەوەشدا، كە ئەمریكا چەندین ساڵە هەوڵدەدات كارەبای عیراق ببەستێتەوە بە وڵاتانی كەنداوەوە ‌و ئەمڕۆ بە هەوڵی چەندین كەس، ئەو پڕۆژەیە جێبەجێ دەكرێت، هەروەها ئێمە پاڵپشتی لە رێكەوتنی بازرگانی نێوان وڵاتانی ناوچەكە دەكەین، وەك ئەوەی لە نێوان سعودیە و ئوردن و میسردا كراوە، چونكە تا پەیوەندی زیاتر بێت، بەرژەوەندی بۆ گەلانی ناوچەكە زیاتر دەبێت. 
سەرچاوە: ئاژانسەكان

#وڵاتانی كەنداو

بابەتە پەیوەندیدارەکان