کۆمەڵناسیی خواردنی‌ خێرا....

لە پەراوێزی‌ کتێبەکەی‌ جۆرج ریتزەردا

12:12 - 2024-12-10
کەلتور
184 جار خوێندراوەتەوە
جۆرج ریتزەر

و: پ.ی.د. عومەر عەلی ئەحمەد

باس لە جیهانگیری و بە ئەمریکاییکردنی بەکاربردن دەکات، تیشک دەخاتەسەر ئەو وتە باوەی‌ کە دەڵێت:(شێوازی بەکاربردنی باو، کەلتوری‌ خەڵک و تایبەتمەندییەکانییان لەناو دەبات.) هەروەها دەڵێت:(لە وڵاتە دواکەوتووەکاندا تەنانەت ئەگەر لقی چێشتخانە و دامەزراوە ئەمریکییەکان نەشکرێنەوە، ئەوا شێوازی بەڕێوەبردن و فۆرم و ئامرازەکانی چێشتخانەکانی‌ خۆیان کۆپی ئەزموونی ئەمریکی دەکەن)


کۆمەڵناسی‌ ئەمریکی جۆرج ریتزەر، چەندین توێژینەوەی‌ دەربارەی‌ (جیهانگیری، تیۆری تۆتالیتاری، شێوازەکانی بەکاربردن و تیۆری کۆمەڵایەتی مۆدێرن و پۆستمۆدێرن) هەیە. ئەو چەمکی ماکدۆناڵدیزمی‌ بەکارهێنا لەسەر بنەمای بیرۆکەی ئەقڵانییەتی ماکس فێبەر لەڕێگەی گرنگیدان بە پیشەسازییەکانی خواردنی خێرا.
جۆرج ریتزەر لە کتێبێکیدا بەناونیشانی‌ (Explorations in the Sociology of Consumption: Fast Food, Credit Cards and Casinos) تیشکی خستۆتەسەر پەیڤینێکی‌ قوڵ دەربارەی‌ کۆمەڵگەی بەکاربەری هاوچەرخ، هەوڵدەدات چوارچێوەیەکی تیۆری پێشکەش بکات کە پێداویستییەکانی پسپۆڕانی‌ کۆمەڵناسی دابین بکات، هاوکات هەوڵدەدات کتێبەکە بە خوێنەری ناپسپۆڕ و خەڵکی ئاسایی ئاشنا بکات.

نووسین لە پێناوی‌  خوێندنەوەدا
ریتزەر رەخنە لە کۆمەڵناسە ئەمریکییەکان دەگرێت و لەو باوەڕەدایە لە بابەتی‌ کاریگەرییان لەسەر کۆمەڵگەکانی‌ خۆیان لە پەراوێزدان، چونکە خۆیان بەدوور دەگرن لە نووسین دەربارەی‌(بەکاربردن، بازاڕکردن و شوێنەکانی کات بەسەربردن) لـــــەبەرئەوەی‌ وایان داناوە ئەم نووسینانە جدی نین و ئاست نزمن بە بەراورد بە نووسین لەسەر بابەتە کــــلاسیکییـــــەکـــانی‌ وەک پرسەکانی پێکهاتەی چینایەتی، رۆڵی توێژە جیاوازەکان، یــــان پلەبەندی کـــــۆمەڵایـــــەتی. جــــــــیا لەوەش لـــــــــــەو باوەڕەدایە کۆمەڵــــــناسە ئەوروپییەکان لە هـــــــاوتا ئەمریکییەکانیان ســـــــەرکـــــەوتووترن لــــــە لێکۆڵینەوەکانییاندا دەربارەی‌ کەرتە کۆمەڵایەتییە فراوانەکان، بەبێ ئەوەی ناچاربن  واز لە زمانی زانستی خۆیان بهێنن.

نائەقڵانییەتی ئەقڵانییەت 
ئـــەو بـــــاس لـــــــە دیـــــاردەی (Macdonaldization) دەکات، هەڵبەتە مەبەستی‌ لە ناوی زنجیرە چێشتخانەیەکی‌ خواردنی خێرای‌ ئەمریکییە بە ناوی‌ ماکدۆناڵدزەوە. سیستەمی فرۆشتن و بەکاربردن لە چێشتخانە مۆدێرنەکانی ماکدۆناڵدز بانگەشەی ئەوە دەکەن کە سیستەمێکی پێشکەوتوو پێشکەش دەکەن، کە هاوتەریبن لەگەڵ پێشکەوتن، وردبینی، یان ئەقڵانییەت. هەروەها ماکدۆناڵدز بانگەشەی ئەوە دەکات کە شێوازێکی کاریگەر جێبەجێ دەکات کە کات کەمدەکاتەوە. بەڵام ئەمە پێچەوانەکەی‌ راستە، ئەو رێزگرتنە زۆرەی‌ خەڵکی‌ لەبەردەم خواردنگەکانی‌ ماکدۆناڵدز تەنها بۆئەوەی‌ پارە بدەن و ژەمێک خۆراکییان دەستبکەوێت، نیشانەی‌ بێکاریگەریی‌ ئەوانە.
ئەو پێی وایە ئەم جۆرە فرۆشگا و چێشتخانانە پەیوەندییە مرۆییەکان تێکدەدەن، چونکە کارگەرەکان بەشێوەیەکی نیمچە کاتی و لە سیستەمێکدا کار دەکەن بەسەر ئەرکی جیاوازدا دابەشبوون، ئەمەش وا دەکات هەر کەسێک بە تەنها کار بکات و کارکردن بۆ ماوەیەکی پچڕپچڕ بێت بۆیە دەرفەتیان بۆ ناڕەخسێنێت بۆئەوەی یەکتر بناسن. هاوکات سیستەمی خۆخزمەتکردن و گۆڕینی کارگەرەکان، رێگە بە دروستبوونی هاوڕێیەتی نێوان کرێکاران و کڕیاران نادات. جگەلەوەش ئەم سیستەمە کارگەر دەکات  بە شتێکی سادە لە پرۆسەی بەرهەمهێناندا، کە پێویستی بە بیرکردنەوە و لێهاتوویی نییە، دەرئەنجام دەبێتە هۆی  ئامادەنەبوون، دواکەوتن، خاوبوونەوەی کرێکاران و ڕێژەی جێهێشتنی کارەکانیان بەرزدەبیتەوە.
دواتر باس لە جیهانگیری و بە ئەمریکاییکردنی بەکاربردن دەکات، تیشک دەخاتەسەر ئەو وتە باوەی‌ کە دەڵێت:(شێوازی بەکاربردنی باو، کەلتوری‌ خەڵک و تایبەتمەندییەکانییان لەناو دەبات.) هەروەها دەڵێت:(لە وڵاتە دواکەوتووەکاندا تەنانەت ئەگەر لقی چێشتخانە و دامەزراوە ئەمریکییەکان نەشکرێنەوە، ئەوا شێوازی بەڕێوەبردن و فۆرم و ئامرازەکانی چێشتخانەکانی‌ خۆیان کۆپی ئەزموونی ئەمریکی دەکەن). 

جادووی‌ بەکاربردن
سەبارەت بە کۆمەڵگەی بەکاربەر و رەفتاری بەکاربردن بە قوڵی باس لە بیرۆکەکانی کۆمەڵێک بیرمەندی‌ فەرەنسی دەکات. ئەو دەڵێت:(ئەم بیرمەندانە پێیان وایە کە کۆمەڵگەی بەکاربەر لەسەر بنەمای درۆ و فریودان کاڵاکان پێشکەش دەکەن، ئەوان وێنەیەکی‌ شادئامێزی‌ کۆمەڵگە نیشان دەدەن بەشێوەیەکی‌ ئایدیاڵی‌ نەک نیشاندانی‌ وێنەی‌ کۆمەڵگەیەک کە لەسەر بنەمای‌ ستەم و فریودانی‌ مرۆڤەکان بونیات نرابێت). هاوکات یەکێک لە مەترسیەکانی‌ ئەم کۆمەڵگەیە ئەوەیە کە پێداویستییەکان دادەهێنن پێش ئەوەی‌ کاڵاکان بەرهەم بێهێنن، لەڕێگەی ریکلام و میدیا و ئامرازەکانی دیکەوە، ئەو باوەڕە لە مرۆڤەکاندا دروست دەکەن، کە پێویستیان بە هەندێک شت هەیە کە لەڕاستیدا پێویستییان پێیان نییە و بەم شێوەیەش ئەوان پێویستی بە کاڵاکە دروست بکەن و دواتر خودی کاڵاکە بەرهەم بهێنن.

پێشنیازی‌ چارەسەرەکان
سەبارەت بە گرنگترین بیرۆکەکان بۆ روبەڕوبوونەوەی کۆمەڵگەیەکی لەو جۆرە، ئەوا بیرۆکەکان هەمەچەشنن، لەوانە بیرۆکەی «دابەشبوون» لەسەر بنەمای تێکەڵبوون بەم کۆمەڵگەیە و نیشاندانی لەلایەن تاکێک یان گروپەکانەوە کە ئەوان، حەزیان لەم کۆمەڵگەیە نییە، بەم جۆرە بەرخۆر بێت. دواتر باسی لاوازی و قەیرانەکان دەکەن و، ناڕەزایەتی دەردەبڕن و هەوڵدەدەن شتێکی وەک شۆڕشێک لە دژی ئەم بەرخۆرییە پەرەپێبدەن. 
بیرۆکەیەکی دیکە بۆ روبەڕوبوونەوەی کۆمەڵگەی بەرخۆر بریتییە لە «تێپەڕاندن» واتای‌ بە بەکارهێنانی دروشم و دەستەواژە لە فرۆشگاکان بۆ پەرەپێدانی پڕوپاگەندە و ئایدۆلۆژیای‌ دژ و شێواندنی دەستەواژە ریکلامە بازرگانییەکان کە بۆ کاڵاکان کراوە، تاوەکو کۆمپانیاکانی‌ بەرهەمهێنەری‌ کاڵاکان، ناچار بکەن ریکلامە ساختەکانییان بگۆڕن، ئەمەش دەبێتە هۆی شکست پێهێنانیان. 
بیرۆکەی سێیەم بریتییە لە دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی نابەکاربەر، بە ئەنجامدانی ئاهەنگ و کۆبوونەوە بۆ خەڵک و هاوڕێیان و راکێشانی کەسانی نامۆ بۆ بەشداریکردن لە بۆنە نابازرگانییەکان لە شوێن و شێوازی دوور لەو سایتانەی ریکلام بۆ بەکاربردن دەکەن.
سەرچاوە: الجزیرة

بابەتە پەیوەندیدارەکان