قوباد تاڵەبانی، لێپرسراوی مەکتەبی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال، لە کۆبوونەوەی لەگەڵ تیمی یەکێتی لە حکومەتی خۆجێیی ئیدارەی راپەڕین رایگەیاند، بەپێی ئەو هەڵسەنگاندنەی بۆ ئەدای بەڕێوەبەرەکان کراوە گۆڕانکاری پێویست لە پۆستەکاندا دەکرێت.
لە کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی دووشەمە ١٦ـی ١٢ـی ٢٠٢٤ بەڕێوەچوو، قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەدا خزمەتکردنی هاوڵاتییانی ئیدارەی راپەڕین ئامانجی سەرەکی ئێمەیە و ئاستی رەزامەندیی هاوڵاتییانیش پێوەری سەرەکییە بۆ بەردەوامبوونی هەر بەرپرسێک لە پۆستەکەیدا.
لێپرسراوی مەکتەبی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال روونیشی کردەوە لە کاتی پرۆسەی هەڵبژاردنەکاندا سەبارەت بە ئەدای بەرپرسانی حکومی لە ئیدارەی راپەڕین گفتوگۆی لەگەڵ چین و توێژە جیاوازەکانی دەڤەرەکە کردوە و هەڵسەنگاندنی ورد کراوە بۆ ئاستی رەزامەندیی هاوڵاتییان لە ئەدای بەرپرسەکان و دەرکەوتووە دانیشتووانی دەڤەرەکە لە ئەدای هەندێک لە بەرپرسان رازی نین.
وتیشی لەمەودوا سیستمی پاداش و سزا جێبەجێ دەکرێت و هەر بەرپرسێک لە ئاستی چاوەڕوانی خەڵکدا نەبێت بەبێ هیچ دوودڵییەک سزا دەدرێت و گۆڕانکاری لە پۆستەکەیدا دەکرێت.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا قوباد تاڵەبانی سوپاسی ئەو بەرپرسانەشی کرد کە لەماوەی رابردوودا ئەرکەکانی خۆیان بە باشی راپەڕاندووە و جێی متمانەی هاوڵاتییان بوون، داوایکرد زیاتر خۆیان ماندوو بکەن و چی پێویست بوو لە خزمەتکردنی هاوڵاتییان درێخی نەکەن.
لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باسی دۆخی خزمەتگوزاریی لە دەڤەری راپەڕین کرا، لەمبارەیەوە لێپرسراوی مەکتەبی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال ئاماژەی بەوەدا بە هەموو تواناوە هەوڵ دەدەن ئەو پڕۆژانەی کە هێشتا تەواو نەکراون لە ماوەیەکی نزیکدا تەواو بکرێن. وتیشی پابەندن بەو بەڵێنانەی بە دانیشتوانی دەڤەرەکەیان داوە و هەوڵی تەواو دەدەن داواکارییەکانی خەڵک جێبەجێ بکرێن و زۆرترین پڕۆژەی وەبەرهێنان لە دەڤەرەکەدا جێبەجێ بکرێت و کارئاسانی تەواویش بۆ وەبەرهێنەران دەکرێت.
لە تەوەرێکی دیکەدا ئاماژەی بە پرۆسەی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم کرد و روونی کردەوە کە هەموو هەوڵی یەکێتی بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی خزمەتگوزار و کارا دەبێت تا بتوانرێت کێشە و گرفتەکان چارەسەربکرێن و باشترین خزمەتگوزاریی پێشکەش بە هاوڵاتیان بکرێت.