لەتیف نێروەیی: ئەگەر ماهیر ئەسەد هاتبێتە سلێمانی، دەبێت پێشتر لە هەولێر و دهۆك مەرحەبایەكی برادەرانی كردبێت

05:10 - 2024-12-17
کوردستان
48 جار خوێندراوەتەوە


ئەندامێكی سەركردایەتیی یەكێتیی نیتشمانیی كوردستان رایدەگەیەنێت، "دەنگۆی هاتنی ماهیر ئەسەد بۆ سلێمانی دوورە لە راستییەوە، چونكە ئەگەر هاتبێتە شارەكە دەبێت پێشتر لە دهۆك و هەولێر مەرحەبایەكی برادەرانی كردبێت".
لەتیف نێروەیی، ئەندامی سەركردایەتیی و لێپرسراوی بۆردی راگەیاندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە چاوپێكەوتنێكی میدیاییدا لەبارەی دەنگۆی هاتنی ماهر ئەسەدی برای بەشار ئەسەد بۆ سلێمانی دەڵێت، "بەداخەوە ململانێی حزبایەتی گەیشتووەتە ئاستێك كە سەرچاوەیەكی كوردی هەواڵێكی لەو جۆرە بڵاوبكاتەوە و دواتر بگاتە میدیا عەرەبییەكان". جەختیش دەكاتەوە، "ئەو هەواڵانە ئەسڵ و ئەساسی نییە و  دوورە لە راستییەوە، پێشتریش هەر لە میدیاكانەوە دەوترا هەرچی بەرپرسانی حەشدی شەعبی و پەكەكەیە هاتوونەتە سلێمانی و میوانی بافڵ تاڵەبانین، هاتنی ماهیر ئەسەدیش وەكو ئەو هەواڵانە دوورن لەراستییەوە".
ئەو سەركردەیەی یەكێتی دەشپرسێت، "ماهیر ئەسەد لە كوێ و چۆن هاتووەتە سلێمانی؟، "یان لە ئاسمانەوە هاتووە، یاخود لە فڕۆكەخانەكانی بەغدا و هەولێر، چونكە گەشتی راستەوخۆ لەنێوان سلێمانی و دیمەشق نییە".
لەبارەی ئەگەری هاتنی ماهیر ئەسەد بەڕێگەی وشكانی، لەتیف نێروەیی پێیوایە، "دەبێت لە دهۆك و هەولێر مەرحەبایەكی كردبێت، ئینجا هاتبێتە سلێمانی". 
دەربارەی بوونی دۆستایەتی لە نێوان یەكێتی و ئەسەد، لێپرسراوی بۆردی راگەیاندنی یەكێتی دەڵێت، ئەسەد وڵاتانی دۆستی هەن كە بیپارێزن، ئەگەر بابەتەكە دۆستایەتی بێت، دۆستایەتی پتەو و لەمێژینەی لەگەڵ پارتی هەیە". بۆیە، لەتیف نێروەیی تەئكیددەكاتەوە، كە دەبێت حكومەتی هەرێم هاوشێوەی عیراق ئەم جۆرە هەواڵانە رەتبكاتەوە و ئەم ناڕاستییانە راست بكاتەوە".

بابەتە پەیوەندیدارەکان