دوای ئەوەی لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی هەرێمی پەنجاب كە لە رووی ژمارەی دانیشتوانەوە قەرەباڵغترین هەرێمی پاكستانە، حزبەكەی زۆربەی كورسییەكانی مسۆگەر كرد، عیمران خان سەرۆك وەزیرانی پێشووی پاكستان داوایكرد هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمان بكرێت.
لە هەڵبژاردنی شارەوانیی هەرێمەكەدا كە 20 كورسی لەخۆدەگرێت، حزبەكەی عیمران خان 15 كورسی بەدەستهێنا، بەڵام حزبەكەی شاباز شەریف سەرۆك وەزیرانی ئێستای ئەو وڵاتە، تەنها چوار كورسی مسۆگەر كرد و كورسییەكیش بۆ كاندیدێكی سەربەخۆ بوو.
بەبۆچوونی شارەزایانی سیاسی، هەڵبژاردنەكەی هەرێمی پەنجاب ئاماژەیەكە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی پاكستان، كە بڕیارە لە مانگی تشرینی یەكەمی ساڵی داهاتوو بەڕێوەبچێت، بەڵام سەرۆك وەزیرانی پێشووی ئەو وڵاتە دەیەوێت هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی پاكستان بكرێت.
لە تویتێكیشدا، عیمران خان رایگەیاندووە، كە تاكە رێگە بۆ هەنگاونان بەرەو پێشەوە، هەڵبژاردنێكی ئازاد و شەفافە و گرتنەبەری هەر رێیەكی تر، وڵات بەرەو ئاڵۆزیی سیاسی و پشێویی ئابووری زیاتر دەبات.
بەشێك لە رۆژنامەكانی پاكستان بڵاویانكردۆتەوە، كە هۆكاری ئەنجامی هەڵبژاردنەكە، بۆ خراپیی دۆخی ئابووریی وڵات دەگەڕێتەوە، چونكە حكومەت ناچارە نیوەی داهاتەكانی بداتەوە بە قەرزی دەرەكی.
جێی ئاماژەیە، بە مەبەستی چارەسەركردنی كێشەی ئابووریی وڵاتەكەی، سەرۆك وەزیرانی پاكستان بەپێی رێكەوتنێك بڕی حەوت ملیار و 200 ملیۆن دۆلاری لە سندوقی دراوی نێودەوڵەتی قەرزكردووە، لە بەرامبەریشدا ناچاربوو مەرجەكانی ئەو سندوقە جێبەجێ بكات، لە دەستبەرداربوون لە پشتیوانییەكانی وڵاتەكەی بۆ دۆسێی سووتەمەنی، بەوەش تەنها لە ماوەی كەمتر لە دوو مانگدا نرخی سووتەمەنی لە پاكستان بە رێژەی %50 بەرزبۆوە، كە ناڕەزاییەكانی خەڵكی ئەو وڵاتەی زیاتر كردووە.
سەرچاوە/ ئاژانسەكان