(خوێندنەوەی کۆمەڵناسییانە)*
جێندەر شوناسێکی کۆمەڵایەتییە بۆ هەر یەک لە کچ و کوڕ یان ژن و پیاو، تەواو جیاوازە لە چەمکی رەگەز، کە لە پرۆسەی کۆمەڵایەتی و پێگەیاندندا دروست دەبێت
پ.ی .د. سورێن ئەبوبەکر*
چەمکی جێندەر وەک چەمکی کێشە لەسەر لە کۆمەڵگەدا گرنگە لە روانگەی زانستی و ئەکادیمییەوە خوێندنەوەی بۆ بکرێت، چونکە رەگ و ریشەی کۆمەڵایەتی و کەلتوریی هەیە و خوێندنەوەی جیاوازی بۆ دەکرێت تاڕادەی ئەوەی دەبێتە بابەتی رۆژانەی تاکەکان و رای گشتی لەسەر دروست دەکرێت و هەمووان بە ناوی جیاواز بە مافی خۆیان دەزانن گفتوگۆی لەسەر بکەن، لێرەدا هەوڵدەدەین چەندین تێڕوانینی زانستی جیاواز بخەینەڕوو، لەکاتێکدا پرسی جێندەر بابەتێکی سەردەمی و هاوچەرخی نێو کایەی زانستییە و زۆرترین لێکۆڵینەوە و تیۆری زانستی لە بوارە جیاوازەکان بەرهەمهێناوە، سەرەتا ئانا ئۆکلی (Ann Oakley) ئەم چەمکەی لە کۆمەڵناسیدا ناساندووە لە دووتوێی کتێبێکدا بە ناوی (رەگەز و جێندەر و کۆمەڵگە لە ساڵی 1972) پێی وایە مەبەست لە چەمکی جێندەر (Gender) ئەو شوناسە کۆمەڵایەتی و خودییە، کە لەسەر بنەمای تێڕوانینی کۆمەڵایەتی دروست دەبێت و هۆکاری دابەشکردنی ژن و پیاو بۆ ژنبوون و پیاوبوون، لە چوارچێوەی دابەشکارییەکی کۆمەڵایەتیی بونیادنراو، جیاواز لە چەمکی رەگەز (Sex) کە دابەشکارییەکی بایۆلۆجییە هەردوو رەگەزە بۆ(نێر) و (مێ) کە جیاوازی دەرکەوتنی جەستەیی، کرۆمۆسۆم، هۆرمۆن، دەرکەوتە ئۆرگانی و تایبەتمەندیی جەستەیی دەگرێتەوە. ئەو دابەشکارییە کۆمەڵایەتییە کە ژنبوون و پیاوبوون لە پرۆسەی پێگەیاندنی کۆمەڵایەتی بە بەشداریی دامەزراوە کۆمەڵایەتییەکانەوە لە بونیادێکی کۆمەڵایەتی بەرهەم دەهێنێت، کە تەنها لەسەر شوناسی تاکەکەسی ناوەستێت، بەڵکو لەسەر ئاستی پێکــــهاتــــەی (Structure) رۆشنبیریی و کەلتوری کۆمەڵایەتی وێنای چۆنییەتی ژنبوون و پیاوبوون دەکات، لە دیدی هاوبیرانی هەریەک لە ردجوی(Ridgeway) سمیپ لوفین (Smith-Lovin) جێندەر بەشێکە لە پیادەکردنی کۆمەڵایەتی، ئەم بەشە دەبێتە هۆی دروستکردنی جیاوازیی جێندەری و پارێزگاریکردن و گەشەپێدان، کار دەکات لەسەر فەراهەمکردنی پەیوەندیی یەکسانی لەسەر بنچینەی ئەو جیاوازییەی هەیە لە نێوان (نێر) و (مێ) دا، لەسەر بنەمای ئەو بەشە جێندەر رێکدەخرێت و دەبێتە هۆی دروستکردنی جیاوازیکردن و یەکسانی، کەوایە مومارسەکردنێکی کۆمەڵایەتییە، کاریگەریی زۆری هەیە لە بونیادی جیاوازیکردن و یەکسانی لە ژیانی کۆمەڵایەتیدا.
ناساندنی چەمکی جێندەر
لە هەمان کاتدا، ولیامز (Wiliams)خوێندنەوەیەکی جیاواز دەخاتەڕوو بۆ ناساندنی چەمکی جێندەر، دەیگەڕێنێتەوە بۆ رۆڵ و رەفتار و هەڵوێست و چالاکییە گونجاوەکان بۆ (نێر) و (مێ)، کە تاک لەسەر بنەمای پەروەردە و پرۆسەی پێگەیاندنی کۆمەڵایەتی پێیدەگات و دەیکات بە کوڕ و کچ و دواتر پیاو و ژن، لێرەوە ناسنامەی جێندەری بۆ هەردوو رەگەز دروست دەبێت و رۆڵە جێندەرییەکان دیاریدەکرێت.
کەوایە دەتوانین بڵێین کە جێندەر شوناسێکی کۆمەڵایەتییە بۆ هەر یەک لە کچ و کوڕ یان ژن و پیاو، تەواو جیاوازە لە چەمکی رەگەز، کە لە پرۆسەی کۆمەڵایەتی و پێگەیاندندا دروست دەبێت و شوناسی ژنبوون و پیاوبوون لە ژیانی کۆمەڵایەتیدا دەچەسپێنێت، هەروەها جیاکاری و نایەکسانی لە نێوان ژن و پیاو و هۆکارە کۆمەڵایەتی و کەلتوری و رۆشنبیرییەکانی پەیوەندیدار بەم پرسە لە بونیادی کۆمەڵایەتیدا دەخاتەڕوو، کاریگەریی ئەو فۆڕمە کۆمەڵایەتییە روون دەکاتەوە کە ژنبوون چییە و دەبێت چۆن بێت، یاخود پیاوبوون چییە و دەبێت چۆن بێت، لێرەدا دەتوانین بگەڕێینەوە بۆ ساندرا بیم، سیمۆن دێ بۆڤوار، بۆردیۆ و باتلەر و تۆرین بە روونی شیکراوەتەوە، لە رێگەی پرۆسەی پێگەیاندنی کۆمەڵایەتی و بەشداریی تاکەکان لە دامەزراوە کۆمەڵایەتییەکانی وەک خێزان و قوتابخانە و مزگەوت و زانکۆکان لەسەر بنەمای بونیاد و گەشەی تیۆرە زانستییەکانی مەعریفەی جێندەری و ئەو گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییانەی لە بونیادی کۆمەڵایەتیی کۆمەڵگەکان دروست بوو، گرنگە بەئاگابین لەوەی چەمکی جێندەر بە سێ شێوە پۆلێن دەکرێت، کە هەریەکەیان رەنگدانەوەی واقیع و مێژوویەکی دیارکراوە و چەندین پێناسە و تایبەتمەندیی ئەو چەمکەی هەڵگرتووە، کە یارمەتیدەرە بۆ شیکردنەوەی و لێکدانەوەی ئەو دیاردە و کێشانەی پەیوەندیدارن بە پرسەجێندەرییەکان، لێرەدا هەریەک لە رۆڵی جێندەری (Gender role) شوناسی جێندەر (Gender identity) ئاڕاستەکردنی جێندەری (Gender orientation) لە چوارچێوەی ئەو پۆلێنکارییەی لە مەعریفەی جێندەر شێوەی گرتووە و تێڕوانین و بیرکردنەوەی جیاوازی دروست کردووە.
*ئەم وتارە لەلایەن رێکخراوی خەڵک بۆ گەشەپێدانەوە پاڵپشتی دەکرێت.
*مامۆستا لە بەشی کۆمەڵناسی -زانکۆی سلێمانی