رێزان عەزیز پشتیوان – خانەقین
حزبی هیوا له بنه‌ڕه‌تدا ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ(كۆمه‌ڵه‌ی هێڤی قوتابیانی كورد)، كه له ساڵی (1912ز)دا له ئه‌سته‌مبوڵ -ی پایته‌ختی ئیمپراتۆرییه‌تی عوسمانی دامه‌زراوه.
ساڵانی نێوان(1900-1922) پتر له(10) كۆمه‌ڵه‌ی كورد له‌و شاره(ئه‌سته‌مبوڵ) یه‌ك به‌دوای یه‌كدا دامه‌زراون. زۆربه‌یان وایان ده‌نوواند كه چونكه رۆشنبیر و په‌روه‌رده‌كه‌ر هه‌یه، بۆیه له‌و پێناوه‌دا كار ده‌كه‌ن. جا ئه‌گه‌رچی دامه‌زراندنی گشت ئه‌و كۆمه‌ڵانه، یاسایی بوون، بیرۆكه‌شیان ته‌نها ئه‌وه بوو كە زانست و ئه‌ده‌ب و مێژوو به گه‌ل بگه‌یه‌نن و رووناكی بڵاوبكه‌نه‌وه نه‌ك تاریكی!، كه‌چی یه‌ك یان دوو ساڵیان پێ نه‌ده‌چوو داده‌خران!.(ئه‌وانه‌ی به ئاره‌زووی خۆیان داخراون زۆر كه‌من).
مامۆستا حیلمى عەلی شەریف ئه‌ندامێكى چالاك و لێهاتووى (كۆمه‌ڵه‌ى هێڤى قوتابیانى كورد) بوو، كه هه‌ر ئه‌م زاته بوو له 17/5/1939 له كۆنگره‌ى دامه‌زراندنی حزبى هیوا له كه‌ركوك، به سه‌رۆكى حزبى هیوا هه‌ڵبژێردرا
رێكخراوی پڕ مەترسی!
له سه‌رچاوه فه‌رمی و نیمچه فه‌رمییه‌كانی توركیدا، هه‌ر هه‌موو ئه‌و كۆمه‌ڵانه به(رێكخراوی پڕ مه‌ترسی)، یان(رێكخراوی جیاخواز) باسكراون و له‌قه‌ڵەم دراون(2). به‌هه‌رحاڵ پاش دامه‌زراندنی كۆمه‌ڵه‌كه، زۆر به‌خێرایی گه‌شه‌ی ده‌كرد و فراوانتر ده‌بوو. به سه‌دان قوتابیی كورد -ی له‌وانه‌ی له‌و سه‌روبه‌نده‌دا له ئه‌سته‌مبوڵ ده‌یانخوێند، گرته‌خۆ.
هه‌روه‌ها كۆمه‌ڵه‌كه جگه له ده‌سته‌ی دامه‌زرێنه‌ره‌كه‌ی، ژماره‌یه‌ك ئه‌ندامی كارا و لێهاتوو له هه‌ر چوارپارچه‌ی كوردستان تێیدا به‌ده‌ركه‌وتن، له‌وانه:
ئه‌كره‌م جه‌میل پاشا، مه‌مدوح سالم به‌گ، كه‌مال فه‌وزی،(چیا‌و وەهبی)، نه‌جمه‌ددین حسێن، بابان زاده عومه‌ر، تاهیر عه‌لی، مسته‌فا ره‌شاد، مسته‌فا شه‌وقی، فوئاد جه‌میل پاشا، عه‌بدولڕه‌حمان ره‌حیم و زۆر كه‌سی دی له به‌شه جیاجیاكانی كوردستان.
به‌ندی دووه‌می په‌یڕه‌و و پرۆگرامی(كۆمه‌ڵه‌ی هێڤی قوتابیانی كورد) به‌م جۆره ریزبه‌ند كراوه(3):
أ) به‌یه‌ك ناساندنی قوتابیانی كورد، دابینكردنی په‌یوه‌ندی و برایه‌تی و پێكه‌وه بوون له نێوانیاندا.
ب) هه‌وڵدان بۆ رێكخستنی زمان و ئه‌ده‌بییاتی كورد و پێكهێنانیان له شێوه‌ی كتێبدا.
ج) رێنماییكردنی ئه‌و قوتابییه كوردانه‌ی، كه دێنه پایته‌خت(ئه‌سته‌مبوڵ) له دامه‌زراندنیان له‌قوتابخانه‌كاندا.
د) پێخوێندنی ئه‌و قوتابیانه‌ی، كه داراییان نییه له قوتابخانه‌ی گونجاو‌دا.
ه - به كورتی، هه‌وڵدان بۆ به‌ره‌و پێشچوون و پێكهاتنی باری زانستی و كۆمه‌ڵایه‌تیی كورد.
یەكەم كۆمەڵەی قوتابیان
ئه‌م كۆمه‌ڵه‌ی هه‌یڤییه، له‌لایه‌ن قوتابیانی كورده‌وه دامه‌زراوه. له سه‌رچاوه‌كاندا به‌یه‌كه‌م كۆمه‌ڵه‌ی قوتابیانی كورد تۆماركراوه و له‌قه‌ڵەم دراوه. زۆر به خێرایی توانی پێگه‌ی خۆی له نێو قوتابیان و رۆشنبیرانی كورددا قایم بكات و له كۆمه‌ڵه‌یه‌كه‌وه بۆ رێكخراوێكی سیاسیی بنكه‌فراوان په‌ره بسێنێت و خۆی به‌هێز بكات.
جگە لەوە، توانی گه‌لێك كه‌سایه‌تیی ناودار و لێهاتووی كورد بهێنێته ناو ریزه‌كانییه‌وه. وه‌كو(سه‌ید عه‌بدولقادری نه‌هری). هه‌روه‌ها كۆمه‌ڵه‌ی هێڤی، توانی لق و پۆ بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵاتیش وه‌كو ئەوروپا بهاوێژێت و، باره‌گاو بنكه‌ی خۆی تیایاندا بكاته‌وه. ئه‌وه بوو(قه‌دری جه‌میل پاشا) كه یه‌كێك بووه له دامه‌زرێنه‌ره‌كانی هێڤی، ساڵی 1913 بۆ ته‌واوكردنی خوێندن ده‌چێته شاری(لۆزان)ی سویسرا، له‌وێنده‌ر لقێك بۆ كۆمه‌ڵه‌كه‌یان ده‌كاته‌وه، كه ده‌بێته هۆی یه‌كخستنی گشت قوتابییه كورده‌كانی ئه‌وروپا، ئه‌وجا توانییان مافی كورد به رای گشتیی ئه‌وروپا بگه‌یه‌نن.
پێویسته ئه‌وه‌ش بڵێین كه ره‌فیق حیلمی پێش به‌رپابوونی یه‌كه‌م جه‌نگی جیهانی، له باشووری كوردستانه‌وه چوو بوو بۆ ئه‌سته‌مبوڵ. له كۆلێژی سه‌ربازی له شاری ئه‌سته‌مبوڵ ده‌یخوێند. مامۆستا حیلمی عەلی شەریف ئه‌ندامێكی چالاك و لێهاتووی(كۆمه‌ڵه‌ی هێڤی قوتابیانی كورد) بوو، كه هه‌ر ئه‌م زاته بوو له 17/5/1939 له كۆنگره‌ی دامه‌زراندنی حزبی هیوا له كه‌ركوك، به سه‌رۆكی حزبی هیوا هه‌ڵبژێردرا(4). دواتر له 14/2/1940 له‌گه‌ڵ مامۆستا عه‌زیز پشتیوان توانییان به‌ردی بناغه‌ی حزبی هیوا له خانه‌قین دابنێن (5).
سەرچاوە و پەراوێز:
*ئەم وتارە لە چوارچێوەی پرۆژەی كتێبێكدایە لە ژێر ناونیشانی (مێژوویی حزبی هیوا له خانه‌قین و ڕۆڵی مامۆستا عه‌زیز پشتیوان له بزووتنه‌وه‌ی رزگاری خـوازی گه‌لی كورددا)..
1) ئه‌م باسه له به‌ڕێز كاك عومه‌ر عه‌لی شه‌ریف وه‌رگیراوه، له كتێبێكی به‌ناو نۆ باس له مێژووی كورد ل 136. ساڵی 2010 له چاپخانه‌ی رۆژهه‌ڵات له هه‌ولێر چاپكراوه، كه زۆر پێوه ماندوو بووه. له هه‌ندێ شوێندا وه‌كو خۆی ئاماژه‌م به قسه‌كانی ئه‌م نووسه‌ره داوه.
2) له سه‌رده‌می رژێمی به‌عس، له باشووری كوردستانیشدا، به‌و رێخكراوانه‌یانه ده‌وت:(المخربون) واتە(تێكده‌ران).
3) هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێش‌و نۆ باس له مێژووی كورد، عومه‌ر عه‌لی شه‌ریف.
4) هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێشوو، نۆ باس له مێژووی كورد. عومه‌ر عه‌لی شه‌ریف. ل 136. ساڵی 2010 - چاپخانه‌ی رۆژهه‌ڵات له هه‌ولێر.
5) ده‌ستنووسی مامۆستا عه‌زیز پشتیوان له ساڵی(1975ز) نووسراوه.