ئایندەی سوریا هێشتا روون نییە، دوای روخانی رژێمی بەشار ئەسەد و هاتنە سەر دەسەڵاتی ئەحمەد شەرع (ئەبو محەمەدی جۆلانی) و گروپی تەحریری شام، لە و نێوەندەشدا ئەوەی گرنگە بۆ كورد، ئەوەیە ئایە مافەكانی ئەم نەتەوەیە لە سوریا پارێزراو دەبێت و لایەنە كوردییەكان دەتوانن بە یەك دەنگ و رەنگ دانوستان لەگەڵ حكومەتی نوێی ئەو وڵاتەدا بكەن، محەمەد ئەمین پێنجوێنی، سیاسەتمەدار لە دیداری دیجیتاڵ میدیای كوردستانی نوێ وڵامی بەشێك لەم پرسانە دەداتەوە.
دیداری- كوردستانی نوێ
رەوشەكە هێشتا ئاڵۆزە
محەمەد ئەمین پێنجوێنی، شرۆڤەكاری سیاسیی سەبارەت بە باردۆخی سوریا و رێكەوتنی لایەنە كوردییەكان دەڵێت: رەوشی سوریا هەر ئاڵۆزە و هەتا ئێستاش كوردەكان رێنەكەوتوون لەسەر پرۆگرامێك و چۆن بە یەكدەنگی بچن بۆ دانوستان لەگەڵ دیمەشق و دەستەی تەحریری شام.
هەوڵێكی زۆر هەیە كە لایەنە كوردییە جیاوازەكانی سوریا یەك دەنگ بن و بەیەك دەستە و یەك پڕۆگرام بچن بۆ دیمەشق و لەگەڵ جۆلانی و جەماعەتەكەیدا قسە بكەن
ئایندەی رۆژئاوای كوردستان
پێنجوێنی گەشبینی خۆی بەرامبەر بە ئایندەی رۆژئاوای كوردستان دەربڕی و رایگەیاند: گەشبینم بەوەی كە هەوڵەكانی توركیا سەرناكەون بۆ تێكدانی یەكدەنگی لایەنە كوردییەكان، هەروەها گەشبینم بە ئایندەی رۆژئاوای كوردستان و پێموایە لەئەنجامدا كورد هەر بەیەك دەنگ ئەچن بۆ دانوستانیش لەگەڵ حكومەتی جۆلانیدا، بەمەبەستی چارەسەركردنی كێشەی كورد لەو پارچەیەی كوردستان.
هەزاران قوربانیان داوە
دووپاتیشیكردەوە و وتی: هەرچەند رەوشەكە تا ئێستا ئاڵۆزەو دەستێوەردان هەیە، لە هەموو لایەكەوە، بەڵام گەشبینم لەوەی لە ئەنجامدا سەركەوتن هەر بۆ ئەو هێزە كوردییانە دەبێت، كە هەزاران قوربانیان داوە، بۆ ئەوەی كێشەی كورد و مافەكانی لە رۆژئاوای كوردستان بگاتە ئەنجامێكی باش.
هەوڵ بۆ یەك دەنگی
پێنجوێنی ئاماژە بەوەش دەكات و دەڵێت، هەوڵێكی زۆر هەیە كە لایەنە كوردییە جیاوازەكانی سوریا یەك دەنگ بن و بەیەك دەستە و یەك پڕۆگرام بچن بۆ دیمەشق و لەگەڵ جۆلانی و جەماعەتەكەیدا قسە بكەن، بەتایبەت كە ئەوان ئێستا حكومەت و ئیدارەی سوریایان بەدەستە.
یەك دەنگ و یەك رەنگ
روونیشیكردەوەو رایگەیاند: «بەداخەوە تا ئێستا ئەو لایەنە كوردیانە رێنەكەوتوون، بەڵام هەوڵی زۆر هەیە بەو ئاراستەیەدا و هەروەها بۆ ئەوەی بە یەك دەنگ و بەیەك رەنگ بچن بۆ سەردانی جۆلانی و جەماعەتەكەی لە دیمەشق و دانوستان لەگەڵیان لەسەر مەسەلەی كورد و چارەنووسی كێشەی كورد لە رۆژئاوای كوردستان، بۆ ئەوەی بگەنە ئەنجامێك لەسەر ئەو پرسە.
دەستوەردانی دەرەكی
ئەو شرۆڤەكارە سیاسییە جەختیش لەوەدەكاتەوە و دەڵێت: تا ئێستا دەوڵەتی توركیا بەهەموو توانا و باڵەكانییەوەو بە هەموو دەزگا سەربازی و هەواڵگریی و ئیدارییەكانییەوە خەریكە و دەیەوێت ئەو هەوڵی یەكبوونەی كورد شكست بهێنێت و لایەنە كوردییەكان نەچن بۆ دیمەشق.