چەڵەمەشکێنە

11:42 - 2024-12-26
ئەدەب و هونەر
205 جار خوێندراوەتەوە

تەیب جەبار


چەڵەمە، وشەیەکی رەسەنی کوردییە، بەو دارە دوو لقە دەوترێت کە لە شێوەی داری دارلاستیک یاخود شێوەی ئێسکی دوو لقی سینگی مریشکە. ئەم دارە دوو لقە (چەڵەمە) جاران جووتیار لە کاری (شەغرە)* بەستندا بەکاریان دەهێنا، جووتیار کە شەغرە دادەنێت و دەیەوێ (قرچە)ی بخـاتە سەر و بیبەستێت، پێویستی بە دوو داری چەڵەمەیە بۆ ئەملا و ئەولای شەغرەکە. یەکەم باوەشی قرچە لە هەردوو لای شەغرەکەوە لەسەر دار چەڵەمەکە دادەنرێ بۆ ئەوەی بڵاونەبێتەوە، ئیتر لەسەر ئەو باوەشە، باوەشە قرچەی تر لە هەردوو لاوە کەڵەکە دەکرێت و بەرز دەکرێتەوە تا باڵای شەغرەکە، دوایی بە دوو گوریس کە بەستراون بە بنی ئەمدیو و ئەودیوی شەغرەکەوە دەبەسترێت و دوو دار چەڵەمەکە لادەبرێت، ئینجا شەغرەکە باردەکرێ و دەخرێتە سەر پشتی وڵاخ و دەیبات بۆ شوێن خەرمانی ئاوایی. خۆم بە منداڵیی زۆر جار لە بەردەستی باوکمدا کە شەغرەی بەستووە کارم کردووە و داری چەڵەمەم بۆ داناوە و راگرتووە. لـــە کۆمەڵــی کوردەواریی خۆماندا، لەکاتی نانخواردنی نیوەڕۆ یان ئێوارەدا، گەر خواردنەکە سنگی مریشکی لەگەڵدا  بێت، دوو کەس ئێسکی دوو لقی سینگی مریشکەکە لە بەینی خۆیاندا دەشکێنن و دەیکەنە یارییەک لە شێوەی گرەو، کە هەر یەکێکیان شتێکی دایە دەستی ئەوەی تریان، دەبێت بەرامبەر یەکسەر بڵێت(لە بیرمە)، ئەگەر نەیووت ئەوە یارییەکە دەدۆڕێنێت، ئەگەر وتی(لە بیرمە) ئەوە نایدۆڕێنێ و یارییەکە هەر بەردەوام دەبێت تاکو یەکێکیان لەبیری دەچێت بڵێ لەبیرمە، یارییەکە دەدۆڕێنێ و تەواو دەبێت.
ئەم یارییە پێی دەڵێن (چەڵەمەشکێنە)، بەڵام بەداخەوە زۆر کەس، تەنانەت زۆرێک لە نووسەرانیش نـــاوی یارییـــەکە بــــە(تەڵەمستێنە، تـــەڵــەمشــــکێنە،کەلەمستێنە، چەمەڵەشکێنە، یاخود کەلەمشکێنە و... هتد) ناو دەبەن، یاخود دەنووسن. ناوی راستەقینەی یارییەکە(چەڵەمەشکێنە)یە، نەک ئەو ناوە هەڵانەی سەرەوە. 
هیوادارم نووسەران و خەڵک بەگشتیی، ناوی راستەقینەی یارییەکە بەکار بهێنن، بۆ ئەوەی زمانەکەمان بە پاکیی بمێنێتەوە. بە قسەم دەکەن بیکەن، بە قسەم ناکەن کەیفی خۆتانە. 
* ئامرازێکە لە دار دروست دەکرێت،
بۆ گواستنەوەی مەڵۆی گیا بەکاردەهێنرێت.

#ئەدەب و هونەر

بابەتە پەیوەندیدارەکان