وەزارەتی کشتوکاڵ: کەشوهەوا لە ئەمساڵدا کاریگەریی بەرچاوی دەبێت لەسەر بەرهەمە کشتوکاڵییەکان

01:45 - 2025-01-05
کوردستان
1762 جار خوێندراوەتەوە

هیوا عەلی گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، تاوەکو ١٠ رۆژى دیکە باران نەبارێت، کاریگەریی وشکەساڵی لە ناوچەکە دەردەکەوێت.

 گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان راگەیاند، دواکەوتنی وەرزی بارانبارین و گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا لە ئەمساڵدا، کاریگەریی بەرچاوی دەبێت لەسەر بەرهەمە کشتوکاڵییەکان، بەتایبەت دواکەوتنی دیاردەی پەڵە لە دەشتی هەولێر، پارێزگاى دهۆک و چەند ناوچەیەکی دیکە، کە بووەتە هۆی دواکەوتنی وەرزی چاندن.

گوتیشی، ئەگەر تاوەکو ناوەڕاستی ئەم مانگە باران نەبارێت، ئەوا بەروبوومی دانەوێڵەی ئەمساڵ زیانی پێدەگات و کاریگەریی وشکەساڵیمان لەسەر دەردەکەوێت.

گوتەبێژەکەى وەزارەتى کشتوکاڵ، لەبارەى بەرهەمى ساڵى رابردووەوە گوتى، لە رووی بەرهەمهێنانی بەرهەمە کشتوکاڵییەکانەوە ساڵی ٢٩٢٤ ساڵێکی پڕ پیت و بەرەکەت بووە و ئاستی بەرهەمهێنان لە ساڵی ٢٠٢٣ و ٢٩٢٢ باشتربووە.

راشیگەیاند، بەگوێرەی پلانی راگەیەندراوی حکومەتی فیدراڵ بۆ ئەمساڵ رێژەی وەرگرتنی گەنم بۆ ٥٠٪ کەمکراوەتەوە، چونکە لە سەرجەم پارێزگاکانی عیراق نزیکەی چوار ملیۆن تۆن گەنم وەردەگیرێت و لە جوتیارانی هەرێمی کوردستانیش تەنیا ٤٠٠ هەزار تۆن گەنم وەردەگیرێت، لە کاتێکدا ساڵی رابردوو نزیکەی ٧٠٠ هەزار تۆن وەرگیراوە.

عیراق لەساڵی ٢٠٢٤ بە کۆی گشتی شەش ملیۆن تۆن گەنمی وەرگرت و لەو ژمارەیە ٦٨٥ هەزار تۆن گەنمى لە جوتیارانی هەرێمی کوردستان وەرگرت، نرخی هەر تۆنێک لە گەنمى پلە یەک بە ٨٣٥ هەزار دینار و گەنمى پلە دوو بە ٨١٥ هەزار دینار دیاریکرا.

بابەتە پەیوەندیدارەکان