ئا: دیاری نامیق زەنگەنە
بەدرێژایی شۆڕشە یەك لەدوای یەكەكان زۆر مرۆڤی بە هەڵوێست و جوامێر ژیانیان بەخت كرد بۆ سەربەستی و ئازادی وڵات، سەرمەشقی ئەو خەباتەیش لە حەفتاكانی سەدەی رابوردوودا یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان رابەرایەتی دەكرد؛ زۆر گەنج و خەڵكانی بەتەمەن لە سەرجەم ناوچە جیاجیاكانی كوردستانەوە، لەپێناو بیری كوردایەتی و خەباتی پڕ گڕوتینی نەتەوایەتی بەشدارییان لە شۆڕشەكەی یەكێتیدا كرد و رووبەڕووی سیاسەتی چەوساندنەوەو پڕ زەبرو زەنگی بەعس بوونەوە، سەرەنجامی ئەو خەباتەش، راپەڕینی ساڵی 1991ی خەڵكی كوردستان بوو.
دیارە شۆڕشێكی ئاوا بەبێ قوربانی و زەحمەت نابێت، كە هەڤاڵ عاسی یەكێكە لەوانە.
عاسی عەبدوڵڵا رەحیم سپی سەری ناسراو بە عاسی عەبدوڵڵا تاوسانە، ئەم تێكۆشەرە لەدایكبووی ساڵیی 1970ی شاری كفرییە، بەڵام لەبنەڕەتدا خەڵكی گوندی (سپی سەر)ی ناوچەی زەنگەنەیە، لەمانگی 5/1986 لە رێگەی شەهید(محەمەد عەریف حەمید)ەوە پەیوەندیی كردووە بە رێكخستنەكانی ی.ن.ك-ەوە كە لێپرسراوەكەیان شەهید ئەحمەدی حاجی رەشید بووە.
بەشداریی چەند چالاكییەكی گرنگی ئەوكاتەی رێكخستنی كردووە، دواجار لە لایەن شۆڕشەوە رادەسپێردرێت چالاكییەك دژی ئەمنی كفری ئەنجام بدات، ئەویش لەكاتی دانانی رێوشوێن و خۆئامادەكردن بۆ چالاكییەكە، لە سێیەم رۆژی جەژنی قوربان لە 17/8/1986دا دەستگیردەكرێت.
لە ئەمنی كفری دەخرێتە ژێر ئازار و ئەشكەنجەیەكی زۆرەوە، بەڵام هەڤاڵ عاسی خۆڕاگر دەبێت و دان بە هیچدا نانێت، ئەگەرچی لەلایەن (نەقیب حەیدەر) ئەفسەری بەدناوی ئەمنی كفرییەوە بە شێوەیەكی تایبەت ئەشكەنجە دەدرێت و سوكایەتی پێدەكرێت، بەڵام لە پەرچەكرداردا ئەمیش رووبەڕووی دەبێتەوە و ئازایانە پێی دەڵێت: لێت ناترسم و هەموو جۆرە چالاكییەكیشم ئەنجام داوە!.
ئیتر جەللادەكان رقی خۆیانی بەسەریدا دەڕێژن، هەر جۆرێكی ئەشكەنجە هەیە لەسەری تاقی دەكەنەوە و داوای ناوی رێكخستنەكانی لێدەكەن، ئەویش ئەگەرچی رۆژانە خوێن لەجەستەی دەچۆڕا و لە مەرگ نزیك دەبۆوە، بەڵام سوور بوو لەسەر ئەوەی ناوی هیچ كەس و هیچ زانیارییەك لەسەر هاوڕێكانی نەدات بە دوژمن.
بۆ لێكۆڵینەوەی زیاتر، دوای دوومانگ دەبرێت بۆ بەڕێوەبەرایەتیی ئەمنی بەعقوبە و لەوێش شەش مانگ دەخرێتە ژێر ئەشكەنجەی جەستەیی و دەروونی و ماوەیەكیش ژووری تاكەكەسی. هەر لەوێ ئاشنای هەڤاڵان (شێخ سەعید شاكەلی و ئەكرەمی جەلەولاو نەسرەدین كەلاری) دەبێت و جارێكی تر هەستی كوردایەتیان جۆشدەدەنەوە.
پاش ئەوێش دەبرێتە (ئەمنی عامەی بەغداد/ شوعبەی 5) كە ئەو شوعبەیە بە دڕندەیی بەناوبانگ بوون، بۆیە ئازارێكی هێندە توند دەدرێت و دوای هەفتەیەك لە مردن نزیك دەبێتەوە، بۆیە دەگوێزرێتەوە بۆ زیندانیی (فەزیلییە) و لەوێ ئاشنای هەڤاڵان (مام ئەكرەم و كاوە) دەبێت كە خەڵكی بەكرەجۆ بوون و بەهۆی تەقەكردنیان لە ئەفسەرێكی دڕندەی ئەمنی سلێمانی، دەستگیركرابوون و بەداخەوە لەسێدارەدران.
دواتر هەڤاڵ عاسی لە دادگای بەعس سزای حەوت ساڵ زیندانیكردن دەدرێت و دەبرێتە ئەبوغرێب، لەوێش لەگەڵ هەڤاڵان (مقەدەم باران و نەسرەدین و دكتۆر موحسین و مامۆستا نوری كەركوكی) جارێكی تر شانەی رێكخستن دروستدەكەنەوە و هەر لەوێش هونەرمەند ئازادەڕەش و هەڤاڵ كاكەڕەش، دەناسێت.
رۆژی 18/9/1988 دوای دووساڵ و دوومانگ لە دەستگیركرانی، لەگەڵ هەڤاڵان (موعتەسەم سەیدسادقی و عومەر و فەرهاد كەركوكی) بە لێبووردنی گشتی ئازادكران. بەلای هەڤاڵ عاسییەوە ئەوەی جێگەی داخە ئەوەیە نەیتوانی باوكی ببینێتەوە، بەهۆكاری تەندروستی و خراپی دۆخی سیاسییەوە باوكی نەیتوانیبوو سەردانی زیندان بكات، دواتریش كەوتە بەر شاڵاوی ئەنفال و شوێنبزركرا، بۆیە بۆ هەمیشە یەكترییان نەبینییەوە.
ئەم تێكۆشەرە، جارێكی تر و لە مانگی 6/1989 لەڕێگەی شكور قەرەبڵاغییەوە و لەگەڵ هەڤاڵان سالار عوسمان حاجی رەشید و عومەر ئۆمەربلی شانەكانی رێكخستن لە سنوورەكە دەبوژێننەوە تا راپەڕینی ساڵی 1991.
لە راپەڕینی خەڵكی سنوورەكەدا رۆڵی بینیوە، وەك هەڵكوتانە سەر ئەمنی رزگاری و گرتنی رەبایەكانی خەلفەی تۆپخانەی فیرقەی 51، دوای ئازادكردنی شاری كفری-ش، لەگەڵ خەڵكی شارەكەدا دەكەونەڕێ بۆ ئازادكردنی خورماتوو، بەڵام لە رێگەدا لە رەبایەی قاهیرە روبەڕووی شەڕێكی سەخت بوونەوە و بە سووكی بریندار دەبێت.
دواتر هەڤاڵ عاسی لە درێژەی خەباتی پێشمەرگایەتییدا دووجاری دیكەش بریندار كراوە.