دوو سیاسەتمەداری باکووری کوردستان بۆ کوردستانی نوێ دەدوێن
*گوڵستان کیلیچ: تورکیا کێشەی سیاسی و ئابووریی زۆرە، بەڵام کێشەی کورد کێشەی سەرەکییە
* بەردان ئۆزتورک: پێویستە هەمووان بگەڕێینەوە بۆ پرۆژەکەی سەرۆک مام جەلال
پڕۆسهی ئاشتی لە باکووری کوردستان و رۆڵی سهرۆك مام جەلال و كاربهدهستانی ئهوكاتهی تورکیا لە سەرەتای نەوەدەکانی سەدەی رابردوودا، بهمهبهستی چارەسەرکردنی پرسی کورد لە چوارچێوەی دەوڵەتی توركیادا هەنگاوێکی ئەرێنی بوو دوای نزیکەی هەشت ساڵ لە شەڕی خوێناویی و کوشتار لەنێوان پەکەکە و دەوڵەتی تورکیا، بۆیە زۆرێک لە چالاکوانانی سیاسیی ئەو وڵاتە بە کورد و تورکەوە گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی ئەو پرسە بە رێگەی چەک و کوشتار هیچ ئەنجامێکی نییە و دوا هەنگاو بۆ چارەسەر هەر گەڕانەوەیە بۆ دانوستان و بەدیهێنانی ئاشتی، و هەندێکیش لەو سیاسەتمەدارانە پێیانوایە راستترین بنەما بۆ دەستپێکردنی پرسی ئاشتی و چارەسەری، گەڕانەوەیە بۆ پرۆژەکەی سەرۆک مام جەلال کە لە سەرەتای نەوەدەکانی سەدەی رابردوودا خستییە بەردەم سەرۆک ئۆزال و عەبدوڵڵا ئۆجەلان بۆ هێنانەدیی ئاشتی و سەقامگیری.
دیداری: پیران شەمدینی
خاتوو گوڵستان كیلیچ، پهرلهمانتاری پارتی دیموکراتی و یەکسانی (DEM PARTI) له بازنهی پارێزگای قارس لە باكووری كوردستان، له دیدارێكی تایبهتدا لهگهڵ كوردستانی نوێ وتی: کێشەی کورد لە باکووری کوردستان، ساڵانێکی زۆرە بەردەوامە، وەک (DEM PARTI) دەمانەوێت پرسی کورد بە ئاشتییانە و لە چوارچێوەی دەوڵەتی تورکیا و وڵاتانی دیکەشدا چارەسەر بکرێت، بۆئهوهی میللهتی کوردیش هاوشێوهی گهلانی دیكه بە ئازادی بژین و مافی خۆبەڕێوەبهرییان هەبێت لەو ناوچانەدا کەکوردنشینن یان زۆرینەی دانیشتوانەکەیان کوردە.
هەرچەندە بەرپرسانی تورکیا باس لە پڕۆسەی ئاشتی دەکەن و دهڵێن: ئێمە ئاشتی دەهێنینەدی، بەڵام ئەوە هەر بە قسە ناکرێت. بەڵکو دهبێت هەنگاوی کردەیی بۆ بنێین.
گوڵستان کیلیچ بۆ کوردستانی نوێ :
بەرپرسانی تورکیا باس لە پڕۆسەی ئاشتی دەکەن و دهڵێن: ئێمە ئاشتی دەهێنینەدی، بەڵام ئەوە هەر بە قسە ناکرێت، بەڵکو دهبێت هەنگاوی کردەیی بۆ بنێین
رەوشەکە لە پەرلەمان باشترە
خاتوو کیلیچ وتیشی: هەرچەندە لە تورکیا کێشەی سیاسی و ئابووری و چەندین کێشەی دیکە لەئارادایە، بەڵام کێشەی کورد کێشەی سەرەکیی دەوڵەتی تورکیایە کە دەشێت بە چارەسەربوونی زۆرێک لە کێشەکانی دیکە چارەسەر ببن، وتیشی: پێویستە (MHP) و (AK PARTI)، بە کردەوە ئەم پرسە چارەسەر بکەن. (DEM PARTI)، ئامادەیە بۆ ههر دەستپێشخەرییەکی ناوخۆیی بۆ سهرخستنی پرۆسهی ئاشتی لە تورکیا، بەڵام کێشەی کورد بە کات كوشتن و دواخستن چارەسەر نابێت.
روونیشیکردەوە کە ئێستا لهناو پەرلەمانی تورکیادا رەوشهكه باشترە و پشتیوانییهك هەیە بۆ دەستپێکردنەوەی پرۆسەی ئاشتی لەباکووری کوردستان. وەک پرسی هێنانی عەبدوڵڵا ئۆجهلان، بۆ ناو پەرلەمان کە بەداخەوە تائێستا ئەوە تەنها قسەیە و هیچ هەنگاوێكی كرداریی بۆ نەنراوە جگە لە سەردانی وەفدەکەی (DEM PARTI) بۆ دوورگهی ئیمرالی کە پێکهاتبوون لە پەروین بوڵدان و سری سورەییا ئۆندەر کە راستە ئەوە هەنگاوێکی زۆر گرنگ بوو، بۆ دەستپێکردنەوەی پرۆسەی ئاشتی.
ئێمە وەک پەرلەمانتارانی (DEM PARTI) داواكارین کۆبوونەوەکان بەردەوام بن، بۆ گەیشتن بە قۆناغی کۆتایی و چارهسهریی راستەقینە بۆ ئەو دۆزە.
لە ساڵیادی کۆچی دوایی سەرۆک مام جەلالدا پەرلەمانتار سری ساکیک وێنەی ئەو سەرکردە گەورەیەی لەناو هۆڵی پەرلەمانی تورکیادا بەرزکردەوە
بەرزکردنەوەی وێنەی مام وەک ئەندازیاری پڕۆسەی ئاشتی
ئاماژەشی بەوەکرد کە شانازی دەکات بەوەی لە ساڵیادی کۆچی دوایی سەرۆک مام جەلالدا یادی ئەو سەرکردە گەورەیەی لەناو هۆڵی پەرلەمانی تورکیادا كردهوه. هەروەها هەڵوێستی سری ساکیک پەرلەمانتاری حزبەکەی بەرز دەنرخاند کە چەند رۆژێک پیشتر وێنەی سەرۆک مام جەلال -ی لە هۆڵی پەرلەمانی تورکیادا بەرزکردەوە كه مێژووی وێنەکە دەگەڕایەوە بۆ ساڵی 1993 له شام و وتیشی: سەرۆک مام جەلال گەمەکارێکی سەرەکی و ئهندازیاری پرۆسەی ئاشتییه لە باکووری کوردستان و توركیا سەرکردەیەکی گەورەی نەتەوەیی کوردە و خاوهن هەڵوێستێكی نەتەوەیی جێگیر بوو بەرامبەر بە مافەکانی گەلەکەی لە هەموو بهشهكانی کوردستاندا سەنگی خۆی هەبوو.
ئەو خانمە پەرلەمانتارە باسیشی لهوهكرد کە ئەگەر ئێستا سەرۆک مام جەلال لهژیاندا بوایە، بێگۆمان میللەتی کورد لە هەموو بهشهكانی کوردستان لە دۆخێکی باشتردا دەبوو و چونکە رۆڵێکی چالاکانەتری لەوەی ساڵی 1993ی دەبوو لە نزیککردنەوەی سیاسەتمەدارانی کورد و تورك.
لای خۆشییەوە بەناوی حزبەکەیانەوە سوپاسی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی کرد کە هەمیشە هەڵوێستێکی ئەرێنی و نەتەوەیی بەرامبەر بە پڕۆسەی ئاشتی هەبووە لە باکووری کوردستان و پاڵپشتیکردنی کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستان بەتایبەتیش لە رۆژئاوای کوردستان.
بەردان ئۆزتورک بۆ کوردستانی نوێ :
لە مێژووی تورکیادا زۆر نکووڵی لە بوونی کورد کراوە، بەڵام رۆژگار ئەوەی سەلماند ئەوە سەرناگرێت، بۆیە چارەسەری راستەقینە برایەتی و یەکتریی قبووڵکردنە
دوورخستنەوەی تورکیا لە ململانێی ناوخۆیی
هەر لەو رووەشەوە بهردان ئۆزتورك، بهرپرسی پهیوهندییهكانی دهرهوهی (DEM PARTI) به كوردستانی نوێی راگهیاند: هەر هەنگاوێک له پێناو چارەسەركردنی پرسی کورد زۆر گرنگە و هەر هەنگاوێک بە ئاراستهی ئاشتی بنرێت، وەک (DEM PARTI)، دوو هەنگاو دەنێین و گرنگی پێدەدەین. چونکە هەمیشە دەستی ئاشتییمان درێژکردووە تا تورکیا لە ململانێی ناوخۆیی دووربخەینەوە و کێشەکان بەشێوەیەکی ئاشتییانە چارەسەربکرێن.
لەو رووەشەوە ئوزتورک نموونەی بە قسەیەکی سەرۆک مام جەلال هێنایەوە کە دەیوت: «باکووری کوردستان کلیلی چارەسەری بنەڕەتیی کێشەی کوردە و ئەگەر کێشەی کورد لەوێ چارەسەر ببێت، لە پارچەکانی تریش چارەسەر دەبێت».
وتیشی: لە مێژووی تورکیادا زۆر نکووڵی لە بوون و زمان و کهلتوری کورد کراوە، بەڵام رۆژگار ئەوەی سەلماند کە ئەم نکووڵیکردنە هیچ ئەنجامێکی نابێت و سەرناگرێت. بۆیە چارەسەری راستەقینە برایەتی و یەکترقبووڵکردنە لە نێوان کورد و تورک و سەرجەم پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکانی دیکەدا، بەو پێیەی ئێستا چ کورد و چ گەلانی دیکەی تورکیاش هۆشیاربوونەتەوە لەڕووی ناسینی مافەکانیانەوە و کەس ئامانجی دابەشکردنی تورکیا نییە، بەڵکو بنەڕەتی خەباتەکە بۆ بەدەستهێنانی مافی هاووڵاتیبوونە بە پاراستنی تایبەتمەندیی کەلتوریی و زمان و بەشداریی سیاسیی و ئیدارییەوە.
وەفدی دەم پارتی لە مەزاری مام
بەردان ئۆزتورك له درێژهی قسهكانیدا وتی: لە مێژووی کورددا مام جەلال بەهایەکی گەورەی هەیە و ئەندازیاری پڕۆسەی ئاشتییە لە تورکیا و باکووری کوردستان، چونکە خاوەنی پڕۆژەیەکی هەمەلایەنەی بەهێز بوو لهپێناوی چارەسەرکردنی پرسی کورددا، بۆیە وەفدی (DEM PARTI) لە سەردانەکەیدا بۆ سلێمانی مەزارەکەیان بەسەرکردەوە و پەیامی خۆیان لەوبارەیەوە لە دەفتەری یادەوەرییەکاندا نووسی.
لە کۆتاییشدا رایگەیاند پێویستە ههموو هێز و لایەنە سیاسییە کورد و کوردستانییەکان بە بە گوێرەی دیدگا و هەنگاوەکانی سەرۆک مام جەلالدا هەنگاو بنێن، بۆ هێنانەدیی ئاشتیی ناوخۆیی لەنێوان کورد خۆی و گەلانی دیکەی ناوچەکەدا، دیارە هەنگاوی یەکەم ئاشتیی ناوماڵی کوردە، چونکە ئەگەر یەکگرتوو بین لەسەر ئاستی خۆڕهەڵاتی ناوەڕاستیشدا بەهێزتر دەبین و دەتوانین مافەکانمان بەدەست بهێنین. ئێستاش چاوەڕوانی ئەو هەوڵانەین کە لە مانگی ئۆكتۆبهری 2024ەوە دەستیپێکردووە لە دەستپێشخەرییەکەی دەوڵەت باخچەلیی سەرۆکی (MHP)ەوە، کە ئەمەیان قۆناغی سێیەمی پڕۆسەی چارەسەرییە لەدوای پڕۆسەکانی 1993 و 2012 -ەوە.
پەروین بوڵدان عەبدوڵڵا ئۆجەلان سری سورەییا ئۆندەر2024-