ههوراز كاوه
دوای ئەو ئەنجامە خراپانەی بەم دواییە یانەی مان سیتی تۆماریکردن، پیپ گواردیۆللا -ی راهێنەری یانەکە، رایگەیاند، تیپەکەی لە داهاتوودا دەستپێدەکاتەوە، قسەکەشی خەریکە دێتەدی، بەوەی هەردوو یاریی هەفتەکانی 19 و 20 –ی یەک لەدوای یەک لە لیستەر سیتی و وێستهام بردەوە.
پێدەچێت پیپ گواردیۆللا گرەو لەسەر خشتەی تیپه لاوازهكان بكات، بەتایبەتی دوای دۆڕاندنەکەی بە لیڤەرپوڵ و دواتریش 1-2 بە مان یونایتد و ئەستۆن ڤێللا.
گواردیۆللا خەون بە گەڕانەوەی متمانە و کۆتایی هێنان بە قۆناغە قەیراناوییەکەیەوە دەبینێ، لەڕاستیدا دوای بردنەوەکەی لە نۆتینگهام فۆریست، لە یاریی کریستاڵ پاڵاسیشدا هالاند گۆڵی یەکسانبوونەوەی پێشوەختەی کردەوە، نزیک بوو لەوەی یارییەکەش بباتەوە، بەڵام هەموو شتێک بە خێرایی داڕما.
دانپیادانان
گواردیۆللا دوای دۆڕاندن بە لێڤەرپوڵ، دواتریش ئەنجامە خراپە یەک لە دوای یەکەکانی تریان، دانی بەوەدا نا، کە ناتوانرێت باسی رکابەریی بکرێت، دوای ئەوەی لەو یارییەوە کە لە هەفتەی 13 –ە دا بوو، تا هەفتەی 20، لە کۆی 8 یاریی،تەنیا 3 یاریی بردووەتەوەوە 2 یاریی یەکسان بووە و 3 یاریی دۆڕاند.
ئەمەش ئەو راستییە دووپات دەکاتەوە کە کۆی خاڵەکانی ئێستای مان سیتی نزمترین تۆمارە، لە هەمان قۆناغی دوای سەردەمی رۆبێرتۆ مانچینی راهێنەری ئیتاڵی دەچێت.
هەموو شتێک کەوتە ئاوەوە
رەنگە لێدوانەکانی گواردیۆللا، بۆ کەمکردنەوەی گوشارەکان بێت لەسەر یاریزانەکانی لەم قۆناغە چارەنووسسازەدا، بەتایبەتی کە تیپەکە بەرەو یارییە گرنگەکانی ناوخۆ و چامپیۆنس لیگ هەنگاو دەنێت.
ههموو شتێك خهتای پێپ نییه
لە یارییەکەی كریستاڵ پاڵاسدا، ئاستی هێڵی بەرگری کارەسات بوو، کایل واکەر، دوای ئەوەی لە گۆڵی یەکەمدا ئۆفسایدی شاردەوە و نەیتوانی چاودێریی یاریزانەکەی کریستاڵ پاڵاس بکات، هۆکاری سەرەکی یەکسانبوونەکە بوو، چونکە بارودۆخی مان سیتی هەرچۆنێک بێت، لە كریستاڵ پاڵاس باشترە، كهچی بهرگریی تیپهكه بهرگهی ئهو تیپهشیان نهگرت، بەتایبەتی واکەر لە دۆخێکی خراپدا بوو، ئەو یاریزانە بە خێراییە گەورەکەی ناسراوە، بەڵام لە سەرەتای وەرزدا بینیمان ركابهری ئاداما تراورێی پێنەدەکرا، وادیاره هۆکاری تەکنیکی کاریگەریی لەسەر ناوبراو ههیه، هەروەها کێشە خێزانییەکەشی بەلایەکی تر، ئهمانەش وایان كرد گواردیۆللا و تیپهكهی باجهكهی بدهن.