خێرایی رووداوەکان و بابەتە گەرمەکانی رۆژ بە جۆرێکن کە نەک رۆژنامەی کاغەزی، بەڵکو هەندێک جار کەناڵە ئاسمانییەکان و میدیای ئەلەکترۆنیش پێڕاناگەن رووماڵی رووداوێک بکەن، بەڵام ئەرکی رۆژنامە زیاتر لەوێوە دەستپێدەکات کە لە رێی بەدواداچوون و بنکۆڵکارییەوە باکگراوندی رووداوەکان بکات وشرۆڤەی لێکەوتەکان لە زاری شارەزایانەوە بۆ خوێنەرانی بگوازێتەوە.
وەک ئێستا دەبینرێت رووداو و گۆڕانکارییەکانی سوریا و رۆژئاوای کوردستان سات بەسات لە گۆڕانی بەردەوامدان، بۆیە کوردستانی نوێ بە پێویستی زانی تەوەرێک لەوبارەیەوە بکاتەوە تا را و بۆچوونی سیاسەتمەداران و شارەزایانی دۆخی سیاسی بزانێت، ئەوەی گرنگیشە بەلای خوێنەری کوردەوە لەم رووداوانەدا، چارەنووسی کورد و ئەزموونی رۆژئاوایە کە ئێستا بووەتە تەوەری سەرەکی لە هەموو میدیا عەرەبی ئیقلیمی و جیهانییەکانیشدا.
یەکەم بەشداربووی ئەم تەوەرەش، ئارێز عەبدوڵڵا ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی ی.ن.ک –ە کە لە وەڵامی ئەم پرسیارەی تەوەرەکەدا بەمجۆرە وەڵامی کوردستانی نوێی داوەتەوە.
ئامادەکردنی / کوردستانی نوێ
٭ئایا پاڵپشتی ئەمریکا و ئەوروپا لە کوردی رۆژئاوا، پاڵپشتییەکی مرۆیی دەبێت یاخود سیاسی؟ ئاخۆ دەکرێت چارەسەرێکی سیاسی بۆ کێشەی کورد لە رۆژئاوا بدۆزرێتەوە؟ یان دەبێت هەڵوێستی تورکیا لەم پرسەدا بێت؟ ئایا دەتوانێت رێگر بێت لە هەر جۆرە پەیوەندی و پشتگیرییەک؟
-پشتگیریکردنی ئەمریکا و یەکێتی ئەروپا لە کوردی رۆژاوا لەژێر هەر ناوێکدا بێت، پشتیوانییەکی سیاسی گەورەیە.
ئەوان هەر پاساوێک بهێننەوە ناوەرۆکەکەی یەک شتە، ئەویش ئەوەیە کە دەبێت کوردانی رۆژاوا لە سوریای نوێدا پارێزراو بن و بێ ماف نەکرێن.
دەکرێت بڵێین یەکەمجارە پشتیوانییەکی نێودەوڵەتیی لەو شێوەیە لە بەشێکی کوردستان دەکرێت. دیارە لەبەرامبەر ئەو پشتیوانییە رۆژاوا نەیار و دوژمنیشی هەن، بەتایبەتی تورکیا و هاوهەڵوێست و وابەستەکانی، چونکە هەر لەدوای روخانی رژێمی ئەسەد، تورکیا هەموو هێز و توانا دیپلۆماسییەکانی خۆی خستۆتە گەڕ بۆ ئەوەی ئەو پشتیوانییە نێودەوڵەتییە لەناو بەرێت، بەڵام تا ئێستا نەیتوانیوە. هەرچەندە تورکیا بە پاساوی پەکەکە دوژمنایەتی خۆی بۆ کوردی رۆژاوا راگەیاندووە و پەکەکەش لە لیستی تیرۆر دایە، بەڵام لەبەر ئەوەی وڵاتە زلهێزەکانیش لە نیەت و مەرامی ئەردۆگان و هاکان فیدان گەیشتوون، بۆیە نەیتوانیوە بە مەرام بگات، کە ئەوەش خۆی لە خۆیدا گۆڕانکارییەکی گەورەیە لە بەرژەوەندیی کێشەی رەوای گەلی کورد.
ئارێز عەبدوڵڵا بۆ کوردستانی نوێ :
ئێستا گرەو لەسەر هاتنە سەر کاری ترەمپ دەکرێت، بەڵام پێناچێت ئەویش وەکو جاری جاران داخوازییەکانی تورکیا جێبەجێ بکات
بەرژەوەندییەکانیان لەگەڵ تورکیا لە رۆژئاوا زیاترە، بەڵام...
بێگومان ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بەرژەوەندییەکی گەورەیان لەگەڵ تورکیا هەیە کە هەرگیز بە بەرژەوەندیی رۆژاوای کوردستان بەراورد ناکرێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەمریکا و ئەورپا تا ئێستا لەسەر هەڵوێستی خۆیان موکوڕن، چونکە:
- ئەو گۆڕانکارییانەی ئەوان دەیانەوێت لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بیکەن، بەبێ پاراستنی مافەکانی کورد کارێکی ئاسان نییە.
- سیما و ناوەرۆکی دەسەڵاتدارانی ئێستای سوریا مایەی دڵنایی و خۆشحاڵی ئەمریکا و وڵاتانی تری خۆرئاوا نین.
- بوونی ئەو هەموو تیرۆریستانەی داعش و کەسوکارەکانیان لە هەردوو کامپی هۆڵ و رۆژ و زیندانەکانی ژێر دەستی هێزەکانی سوریای دیموکرات جێگای بایەخێکی گەورەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتین.
- ئەمریکا لەو هەنگاوانەی کە ناویەتی لە فەلەستین، لوبنان، سوریا نەک بەرەو دواوە ناگەرێتەوە، بەڵکو دەیەوێت بۆ لێدان و بچووککردنەوەی ئێران و بەرەی مقاوەمە هەنگاوی تریش بنێ.
سوریا پێویستی بە چ سیستمێکە؟
ئەمریکا و ئیسرائیل سوورن لەسەر ئەوەی کە نابێت هەڕەشەکانی سەر ئیسرائیل بمێنن. دەستەبەرکردنی مافی کورد و دروز و ئەوانی تر لەناو سوریادا، خۆی لە خۆیدا پێویستی بە سیستمێکی دیموکراسی و ئازاد هەیە، ئەو جۆرە سیستمانەش نابنە هەڕەشە.
ئێستا گرەو لەسەر هاتنە سەر کاری ترەمپ دەکرێت، بەڵام پێناچێت ئەویش وەکو جاری جاران داخوازییەکانی تورکیا جێبەجێ بکات، چونکە:
- جاری یەکەم لە هەڵکردنی گڵۆپی سەوز لە داگیکردنی رۆژاوا لە لایەن تورکیا ترەمپ و ئیدارەکەی رووبەڕووی رەخنە و ئیحراجییەکی گەورە بوونەوە، بۆیە دواتر هەر ترەمپ ستۆپی بە ئەردۆگان کرد.
- لە پشتیوانی کردنی کورد، ئەمریکا بەتەنیا نییە و وڵاتانی وەکو فەرەنسا، ئەڵمانیا و هۆڵوندا و....... هەمان هەڵوێستیان هەیە.
- ئەوەی کە دیارە لەناو کۆنگرێسی ئەمریکا پشتیوانییەکی گەورەی کورد دەکرێت.
- لەناو ئیدارەی نوێی ترەمپ بەشێکی زۆری کاربەدەستە گەورەکان، باش لە کێشەی کورد تێدەگەن و تا ئێستا دۆست بوون.
- گۆڕانکارییەکان پێویستیان بەوەیە کە لە قۆناغی ئاییندەدا کورد لە سوریا رۆڵی هەبێت.
هەموو ئەوانە رێگرن لەبەردەم ئەوەی کە جارێکی تر ئەمریکا رێگە بدات تورکیا بە هێزی ناتۆ پەلاماری گەلی کورد بداتەوە.
ئەوەی دیارە تا ئێستا ئەمریکا و فەرەنسا بە پشتیوانیی ئەڵمانیا و وڵاتانی تریش دەیانەوێت سازانێک لە نێوان هێزەکانی سوریای دیموکرات و تورکیا بکەن، بەڵام تا ئێستا نەیانتوانیوە.
لەلایەکی دیکەشەوە، تورکیا دەیەوێت لە رێگای قوتکردنەوەی ئەنەکەسە، بە پشتیوانیی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئەلتەرناتیڤ بۆ هێزەکانی سوریای دیموکرات دروست بکات، بەڵام ئەویش نەیتوانیوە، چونکە ئەو هاوکێشە گەورەیە بە ئەنەکەسە چارەسەر ناکرێت.
کورد لە رۆژئاوا بە هیوای ئەمریکایە بیپارێزێت