ئا: سیڤان سامان
گەڕەكی شەهیدانی شۆڕشی نوێ یەكێكە لە گەڕەكە تازەكانی شاری هەولێر، دەكەوێتە سەر رێگای سەرەكی (هەولێر-كەركوك)، نزیك بارەگای مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، ماوەی نزیكەی 15 ساڵە دروستكراوە، شێوازی دروستكردنی گەڕەكەكە لە خانووی سەربەخۆ و شوقەی سێ نهۆمی پێكهاتووە و نزیكەی چوار هەزار كەسی تێدا دەژی، هەرچەندە سەرەتا ئەو یەكانە بە كەسووكاری شەهیدان درا، بەڵام لە ئێستادا بەشێكی زۆر لە هاووڵاتی ئاسایی شوێنەكانی تر تێیدا دەژین، لەگەڵ ئەوەشدا بەوتەی دانیشتوانەكەی لە چەندین خزمەتگوزاریی بە تەواوی پشتگوێخراوە، داواش لە ئیدارەی هەولێر دەكەن، ناكرێ بەهۆی ئەوەی زۆربەی دانیشتوانی ئەم گەڕەكە لایەنگر و ئەندامی لایەنێكی سیاسیین، خۆی لەو گەڕەكە بێ بەری بكات.
رەوەند كەریم، یەكێكە لە دانیشتوانی ئەو گەڕەكە بۆ كوردستانی نوێ وتی: گەڕەكی شەهیدانی شۆڕشی نوێ گەڕەكێكی تازەو سەردەمیانەیە و بە شێوازێكی جوان دروستكراوە، شەقامەكانی فراوانە و شوێنەكەی كەوتۆتە دەروازەی شار، لەسەر رێگای سەرەكی(هەولێر-كەركوك)، بەڵام لە چەندین خزمەتگوزاریی بێبەشكراوە و جیاوازیەكی زۆری لەگەڵ گەڕەكەكانی تری هەولێر هەیە.
ناكرێ بەهۆی ئەوەی زۆربەی دانیشتوانی ئەم گەڕەكە لایەنگر و ئەندامی لایەنێكی سیاسیین، خۆی لەو گەڕەكە بێ بەری بكات
وتیشی: بەهۆی نەبوونی باڵەخانەیەكی گونجاو، منداڵانی ئەم گەڕەكە تا ئەمساڵیش لە خوێندنگایەكی بچووك دەخوێنن و ژوورەكانی لە كابینەی گەڕۆك دروستكراوە، كە بەهیچ شێوەیەك بۆ خوێندن شیاو نییە، هەرچەندە باڵەخانەیەك بۆ خوێندنگا لە تەواوبووندایە و زیاتر لە چوار ساڵ پێش ئێستا بڕیاری دروستكردنی دراوە، بەڵام بۆ ئەمساڵی خوێندن نەتونرا بەكاربهێنرێت، ئەویش لەلایەن (خێرخوازانەوە) دروستكراوە نەوەك حكومەتی هەرێم.
گەیلان خدر، كەسێكی تر بوو ماوەی چەند ساڵێكە لەم گەڕەكە دەژی وتی: جگە لە خوێندنگا گەڕەكی شەهیدان پێویستی بە دایەنگا و نەخۆشخانە یان بنكەیەكی تەندروستی هەیە، چونكە ژمارەی دانیشتوانەكەی نزیكەی چوارهەزار كەس دەبن، ئەمەش گرفتێكە پێویستە حكومەت و ئیدارەی هەولێر وەك هەر گەڕەكێكی تر ئاوڕی لێبداتەوە.
وتیشی: ئێمە هەر چەندە لە شار دوورنین، بەڵام وەك شوێنێكی دوورە دەست سەیر دەكرێین، چونكە هیچ پاسێكی هاتووچۆ ناگاتە ناو گەڕەكی شەهیدان، لەو بارەیەوە فەرمانگەی گواستنەوەی هەولێر هیچ هێڵێكی بۆ گەڕەكەکەمان دیاریی نەكردووە، لەكاتێكدا گەڕەكی ژیان لە ئێمە نزیكە، دەكرێت هێڵەكەی ئەوان بۆ گەڕەكی شەهیدان درێژ بكەنەوە.
ئاماژەی بەوەشكرد: هەر بەهۆی نەبوونی پاسی هاتووچۆ، خەڵكی بەناچاریی دەبێ بچنە سەر رێگای سەرەكی (هەولێر- كەركوك)، تاكو بە پاسی گەڕەکەكانی تر هاتووچۆ بكەن، ئەم رێگایەش هیچ پردێكی پەڕینەوەی تێدا نییە و مەترسی زۆری لەسەریان دروستكردووە بەتایبەتی بۆ ژن و منداڵ.
ئەسعەد ئەبوبەكر، باس لە تاپۆ نەكردنی خانووی گەڕەكی شەهیدان دەكات لەلایەن شارەوانییەوە و دەڵێ: دوای 15ساڵ لە دروستكردنی تاكو ئێستا گەڕەكەكەمان لە شارەوانی نەوەك هەر تاپۆ نەكراوە، بەڵكو هیچ سەنەدێكی یاسایی نییە، ئەمەش وایكردووە نرخی خانوو و شوقەكان لەئاستی پێویستدا نەبێت و زۆرجار خاوەنەكانیان تووشی زەرەر و زیانی زۆر دەبنەوە.
ئاماژەی بەوەشكرد: ئەگەر لە دوورەوە سەیری گەڕەكی شەهیدانی شۆڕشی نوێ بكەیت، دەبینی چەند بێ خزمەتە و چۆن بەخۆڵ و خاشاكێكی زۆر دەورە دراوە، ئەمەش وایكردووە دیمەنێكی ناشارستانی بە گەڕەكەكە ببەخشێ، كە دەكرێت ئەو شوێنە پاك بكرێتەوە و بكرێتە پارك و سەوزایی.
باسی لەوەشكرد: كەمئاویی لە وەرزی هاویندا گرفتێكی ترە هاوشێوەی چەندین گەڕەكی شارەكە تووشی گەڕەكی شەهیدان دەبێتەوە، بەتایبەتی لە هەندێك بەشی گەڕەكەكە خەڵكی گرفتاری كەمئاویی زۆر دەبنەوە، بۆیە پێویستە حكومەت ئەو گرفتانە چارەسەر بكات، چونكە ئەم گەڕەكەش بەشێكە لە شاری هەولێر، ناكرێ لە خزمەتكردنی هاووڵاتیان رەچاوی حزبایەتی و ناوچەگەریی بكرێت و ئیدارەی شارەكە خۆی نەكات بە خاوەنی گەڕەكێك كە هاووڵاتییەكانی خۆی تێدا دەژین.