پەرەسەندنی ئاگرکەوتنەوەکان لە کالیفۆرنیا، بە گەورەترین رووداوی ئاگرکەوتنەوە لە ئەمریکا دادەنرێت، تاوەکو ئێستا پێنچ کەس گیانیان لە دەستداوە و زیاتر لە هەزارو 500 باڵەخانەو ناوەندی بازرگانیی رووخاون، زیانە داراییەکان تاوەکو ئێستا بە 25 بۆ 57 ملیار دۆلار مەزەندە دەکرێن، سەرۆکی ئەمریکاش گەشتێکی بۆ ئیتاڵیا هەڵوەشاندەوە.
بەگوێرەی پێشبینییەکانی ناوەندی ئاکیو وێزەر زیانە ئابوورییەکانی ئاگرکەوتنەوە لە چوار ناوچەی کالیفۆرنیا لەنێوان 52 ملیار بۆ 57 ملیار دۆلارە، لەگەڵ تەشەنەسەندنیشی، پێشبینیدەکرێت قەبارەی زیانەکان زیاتر ببن.
ئەمە لەکاتێکدایە، پێشتر ئاکیو وێزەر سەرجەم زیانەکانی ئاگرکەوتنەوەکانی کالیفۆرنیای بۆ ساڵی 2023 بە 16 ملیار دۆلار مەزەندە کردووە.
لە رۆژی سێشەممە 7ی کانوونی دووەمەوە ئاگر لە زیاتر لە چوار ناوچەی ویلایەتی کالیفۆرنیا کەوتووەتەوە و تاوەکو ئێستا پێنج کەس گیانیان لەدەستداوە، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا گەشتەکەی بۆ ئیتاڵیا هەڵوەشاندەوە کە بڕیار بوو ئەمڕۆ 9ی کانوونی دووەم بۆ ماوەی دوو رۆژ سەردانی ئەو وڵاتە بکات و لەوێ چاوی بە سەرۆکوەزیران و پاپا بکەوێت.