هاوسەرۆکانی شارەوانیی ئاکدەنیزی سەر بە مێرسین و جوار ئەندامی ئەنجومەنی شارەوانی دەستگیرکران، کە سەر بە پارتی یەکسانیی و دیموکراسیی گەلان پارتی دەم ن.
ئاژانسی هەواڵی ئەنادۆڵ بڵاویکردەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ، لە چوارچێوەی دۆسیەی تیرۆردا کە لەلایەن داواکاری گشتیی مێرسینەوە کراوەتەوە، هەریەک لە هۆشیار سارییڵدز و نوریە ئارسلان، هاوسەرۆکانی شارەوانیی ئاکدەنیز دەستگیرکراون.
لەسەر هەمان دۆسیە، چوار ئەندامی شارەوانی ئاکدەنیز دەستگیرکراون کە بریتین لە ئۆزگور چاغڵار، نەسیلحان ئۆروچ، یەقعوب دانش و حیکمەت باکرهان.
بەگوێرەی دۆسیەکە دەستگیرکراوەکان تۆمەتبارن بە بانگەشەکردن بۆ رێکخراوی تیرۆریستی و ئەندامبوون لە رێکخراوی تیرۆریستی چەکدار.
پاش هەڵمەتی دەستگیرکردنەکە، هێزە ئەمنییەکان ئابڵوقەی شارەوانیی ئاکدەنیزیاندا و رێگە بە هیچ کەسێک نادەن بچێتە ناو بینای شارەوانی.
هاوکات پارتی دەم لەبارەی دەستگیرکردنی ئەندامەکانیان رایگەیاند، دەسەڵات دەست لە کودەتاکردن بەسەر ئیرادەی خەڵک هەڵناگرێت و جگە لە دەستگیرکردنی هاوسەرۆک و چوار ئەندامی شارەوانی، گەمارۆی بینای شارەوانییەکەش دراوە.
پارتی دەم دەڵێت، دەسەڵاتی تورکیا لە ناوخۆ و دەرەوە دوژمنایەتیی گەلی کورد دەکات و توانای بەرگەگرتنی ئیرادەی خەڵکی نییە، ئەوەش بەرەو شکستی گەورەتری دەبات.
پارتی دەم ئاماژەی بەوەشکردووە، لە هەموو شوێنێک بەردەوام دەبن لە بەرگریی لەخۆکردن و دژایەتیکردنی قەیووم.
هاوکات عەلی بۆزان، پەرلەمانتاری پارتی دەم لە بازنەی مێرسین گوتی، پۆلیس پێیان گووتن قەیوم بۆ شارەوانیی ئاکدەنیز دانراوە.