وەك مام دەیفەرموو (ئازادی و نان بۆ نووسەران و هونەرمەندان)، ئێمەش لەسەر هەمان رێباز بەردەوامین و ئەم رێچكەیە بۆتە قوتابخانەی رێبازی میدیاییمان
عیماد ئەحمەد لێپرسراوی مەكتەبی راگەیاندن و هۆشیاریی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لەمیانی دیدارێكدا كە بەبۆنەی 33 هەمین ساڵیادی دەرچوواندنی رۆژنامەی كوردستانی نوێ، یەكەم رۆژنامەی كوردی دوای راپەڕین لەگەڵیدا رێكخرابوو، رایگەیاند: كوردستانی نوێ، ئەو چەپكەگوڵەیە كە سەرۆك مام جەلال، پێشكەشی گەلی كوردستان و یەكێتی كردووە، وتیشی: پێویستە كوردستانی نوێ، وەك هەمیشە پابەند بە بنەماكانی كاریی پیشەیی و پرەنسیپەكانی مۆراڵی، داكۆكیكاری راستەقینە بێت لە داخوازییەكانی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان و خزمەتكردن بە نووسەران و قەڵەم بەدەستانی گەلەكەمان.
داكۆكی لە مافی خەڵكی كوردستان
لێپرسراوی مەكتەبی راگەیاندن و هۆشیاریی، راشیگەیاند: كوردستانی نوێ، ناوەكەی بەخۆیەوەیەتی، واتا نوێبوونەوە لە پەیامی نووسیندا، نوێگەریی لە گەیاندنی راستی و دیقەت لە بڵاوكردنەوەی هەواڵ، نوێبوونەوە لە پەیامی كوردایەتی، داكۆكی لە مافی خەڵكی كوردستان، وتیشی: ئەم كوردستانی نوێ-یە كە ماوەی زیاتر لە سێ دەیەیە بەردەوامە، ئینشائەڵڵا هەر بەردەوامیش دەبێت لە خزمەتی وشە و نووسین و خوێنەران و كورد و كوردستان، هەموومان دەزانین سەرۆك مام جەلال، چەند بایەخی بە پرسی نووسین، رای ئازاد و رەخنە و رەخنەلەخۆگرتن دەدا، بۆیە بە سەركەوتنمان لەو بوارەدا، ئێمە دەتوانین رۆحی مام جەلال و هەموو شەهیدان، شادبكەین.
عیماد ئەحمەد هەر لەم یادە پڕشكۆیەدا، زیاتر دوا و ئاماژەی بەوەدا: لە ماوەی 33 ساڵی كاركردن و شەونخوونی و ماندوبوونتان، زۆر نووسەر و رۆژنامەنووس و رۆشنبیر لە كوردستانی نوێ-دا كاریان كردووە، وەك سەرنووسەر، وەك كادر و ستاف، بەداخەوە بەشێكیان كۆچی دواییان كردووە، بەدڵنیاییەوە كوردستانی نوێ، بە سەركەوتنەكانی رۆحیان شاددەكات، ئەو هەڤاڵانەش لە كوردستانی نوێ-دا كاریان كردووە و خۆشبەختانە ئێستا لە ژیاندا ماون، پێمان خۆشە هاوكارمان بن، چونكە كوردستانی نوێ، ئەو چەپكەگوڵەیە كە سەرۆك مام جەلال، پێشكەشی یەكێتی و گەلی كوردستانی كردووە. بۆیە لەم رۆژەدا دووپات لە پابەندیمان بە سیاسەتی میدیایی راست و رەوانی یەكێتییەكەمان، دەكەینەوە و وەك هەمیشە كوردستانی نوێ لە خزمەتی هەموو خاوەن رۆشنفكر و نووسەرێك دەبێت كە بە قەڵەم و بیری نوێوە دەیەوێت خزمەتی زیاتری كۆمەڵگەكەمان بكات، بە خستنەڕووی زانیاریی راست بێت، یاخود خستنەڕووی روانینە جیاجیاكان بێت.
75 %ی پەیامە میدیاییەكەی بۆ كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان بێت
ئەوەشی خستەڕوو: وەكو مەكتەبی راگەیاندن و هۆشیاریی، بەردەوام لەگەڵ سەرنووسەر و جێگرانی سەرنووسەر و كادرە سەرەكییەكانی كوردستانی نوێ-دا، گفتوگۆ دەكەین و رامانسپاردوون كە پێویستە وەك هەمیشە داكۆكیكاری راستەقینە بن لە داخوازییەكانی كۆمەڵانی خەڵك، راستە كوردستانی نوێ، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، دەریدەكات و خاوەندارێتی دەكات، بەڵام ئێمە تەئكیدمان كردۆتەوە كوردستانی نوێ، ئازادە لەوەی رووماڵی هەموو ئەو رووداو و بابەت و داخوازییانەی كە پەیوەستن بە كۆمەڵانی خەڵكەوە، بكات، بەشێوەیەك پانتایی و لاپەڕەكانی رۆژنامەكە 25 %ی بۆ كاروباری یەكێتی و رێكخراوەیی تەرخان بكرێت، 75 %ی پەیامە میدیاییەكە لە هەواڵ، نووسین، راپۆرت و ریپۆرتاژ، خستنەڕووی بۆچوونە جیاوازەكان و بەدواداچوونەكان، بۆ كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان بێت و ئازادبێت و كارە رۆژنامەوانییەكان بە ئازادیی بڵاوبكاتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا لایەنێكی خێر بێت لە دۆسێی كوردایەتیدا، چونكە نامانەوێت كوردستانی نوێ، ببێتە مینبەرێك بۆ زیادكردنی ناكۆكی لەناو بزووتنەوەی كوردایەتیدا، ئێمە پێمان خۆشە كوردستانی نوێ، مینبەرێك بێت كە كۆمەڵانی خەڵك بیخوێننەوە و گوێ لە بۆچوونەكانی بگرن و بۆچوونی نوێ و كوردایەتی تێدا ببینن. ئەم مینبەرە، كە مینبەرێكی سەرەكی و دەنگی راستەقینەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانە، پێمان خۆشە دەنگێكی كوردایەتیی راستەقینە و رەسەن بێت، بۆ ئەوەی بتوانین بەم هەنگاوە خزمەتێكی باشی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان بكەین، چونكە یەكێتی خاوەن دید و پرۆژەیەكە و هەر لەسەرەتای دامەزراندنییەوە بایەخێكی زۆری بە راگەیاندن داوە، ئەوكات تەنها رادیۆیەكی هەبووە كە دەنگی گەلی كوردستان بووە و توانیبووی رۆڵی خۆی ببینێت، سوپاس بۆ خوا ئێستا ئێمە مەكتەبی راگەیاندنمان هەیە و چەندین كەناڵی راگەیاندن لەخۆدەگرێت، ئەمەش هەمووی لەپێناوی ئەوەدایە ئێمە بتوانین لەم نێوەندەدا، دەنگی كورد، داخوازیی و مافەكانی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان، بخەینەڕوو.
ئازادیی رادەربڕین و رێزگرتن لە بیروبۆچوونی جیاواز
سەبارەت بە زەمینەی ئازادیی رادەربڕین و رێزگرتن لە بیروبۆچوونی جیاواز و رەخساندنی دەرفەتی زیاتر لەبەردەم نووسەراندا بۆ دەربڕینی راكانیان، عیماد ئەحمەد بەڕوونی قسەكانی كرد و وتی: وەك مام دەیفەرموو (ئازادی و نان بۆ نووسەران و هونەرمەندان)، ئێمەش لەسەر هەمان رێباز بەردەوامین و ئەم رێچكەیە بۆتە قوتابخانەی رێبازی میدیاییمان، بۆیە داوادەكەین هەر كەسێك رەخنەی هەبوو، با بێت لە كوردستانی نوێ-وە لێمانی بگرێت و بیخاتەڕوو، چونكە لەگەڵ ئەوەداین بە زمانی چەپكەگوڵەكە بە رەخنە و رەخنەلەخۆگرتنی بونیادنەرانە، وڵاتەكەمان پێشبخەین، لەكوێدا كەموكوڕییەك هەبوو، پەنجەی بخەینەسەر، لێرەوە جارێكی دیكە بانگەواز بۆ هەموو نووسەران دەكەین كە ئازایانە و ئازادانە بێن لە كوردستانی نوێ، بۆچوون، روانینەكانیان، رەخنەكانیان بخەنەڕوو.
كوردستانی نوێ، بە گۆڕانكاریی نوێوە بەردەوام دەبێت
راشیگەیاند: جارێكی دیكە دەستخۆشی لە هەموو كادر و كارمەندان و ستافی كوردستانی نوێ، دەكەم و هیوای سەركەوتنیان بۆ دەخوازم، دڵنیام مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی بەگشتی و بەتایبەت بەڕێز بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، پشتیوانێكی راستەقینەی كوردستانی نوێ-ن، بۆیە لە یادی كوردستانی نوێ-دا تەئكیددەكەینەوە، بەردەوام پشتیوانی كوردستانی نوێ دەبین لەپێناوی سەركەوتن بۆ كوردستان، بۆ گەلی كورد و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان. كوردستانی نوێ-ش بەردەوام دەبێت بە گۆڕانكاریی نوێوە، لەپێناوی شكۆی نووسین و گەیاندنی راستییەكان و پاراستنی رۆژنامەوانی كاغەزیی لە هەرێمەكەماندا.