سەید مەحمود جەوادی، كاریكاتێرست و نووسەرێكی سەركەوتوو

09:38 - 2022-07-23
کەلتور
535 جار خوێندراوەتەوە

به‌ختیار سه‌عید

سەید مەحمود جەوادی ئەو كاریكاتێرست و نووسەرە تایبەتەیە كە لە فەزایەكی گەورەی هونەریی وەكو تاراندا توانی بوونی خۆی چ وەك كاریكاتێرستێكی زۆر تایبەت و دواتریش نووسەرێكی بلیمەت بناسێنێت، ئەو بەوە ناسراوە كارەكانی زۆرجار دەچوونە ئەو بوارانەی دەستبردن بۆی ئاسان نەبووە، لەڕووی كۆمەڵایەتی و لەلایەكی سیاسی و ئازادییە تاكەكانی ناو كۆمەڵگەی ئێران، بەڵام ئەم زۆر چاونەترسانە كاری بۆ كردووە و لەقوڵایی ناوەندەكانی هونەر لە تاراندا پیشانگەو كارەكانی خۆی نمایشكردووە و زۆرێك لە رۆژنامە و گۆڤارەكان بە شانازییەوە بەرهەمەكانی ئەویان بڵاوكردۆتەوە.

ئەگەر بڕوانینە تەكنیكی كاركردنی (سەید مەحمود جەوادی) لەبەرامبەر هاوڕێكانی تەكنیكی ئەم زۆر سادە، بەڵام پڕ واتا كە هەریەك لە كارەكانی بەبێ بەرنامەی نەیكێشاوە و دواتریش بڵاوی نەكردۆتەوە، هەربۆیە كارەكانی لە ئاستێكی وادا دەبینرێت كاریكاتێرستێكی پلە باڵاكانی ناو مێژووی هونەری كاریكاتێری وڵاتەكەیەتی، هەروەها لە دەرەوەی ئێرانیش ئەم كاریكاتێرستە پێگە و قورسایی خۆی هەیە هەر ئەوەش بۆتە هۆكاری ئەوەی لە زۆرێك لە فێستیڤاڵ و پیشانگە نێودەوڵەتییەكانی كاریكاتێردا بەرهەمەكانی نمایشبکات، یاخود وەك داوەر بەشداری كردووە.
هونەرمەند بەجیاوازی  ئەو كێشەو بابەتانەی هەڵبژاردووە كە مرۆڤایەتی بەگشتی و هاووڵاتی ئێرانی تووشی هاتوون، هەر لە بێهیوایی لە ژیان، جەنگ، كێشە كۆمەڵایەتییەكان، كێشەی كەم ئاویی، ژینگە و زۆر بواری تری ژیان ئەو كێشانەن بەردەوام بوونەتە بابەتی بەرهەمەكانی ئەم هونەرمەندە و سەرجەم كارەكانی بەشێوەی راستەوخۆ و بەدوور لە كۆمپیوتەر کردووە مەبەستی بووە بەرهەمەكانی زادەی رۆحی خۆی بێت و بەدوور بێت لە دنیای كۆمپیوتەر و تەكنەلۆژیا، ئەوەش بە مەبەستی پاراستنی ئەو هەستە هونەرییەی لە كارە زیندووەكەدا هەستی پێدەكات و تەنها ئامێرێك خوڵقێنەر نەبێت، بەڵكو زادەی مرۆڤەكە خۆی بێت.

بایۆگرافی سەید مەحمود جەوادی

-ساڵی 1967 لە کوێت لەدایکبووە و لە ساڵی 1984  هاتۆتە زێدی باوباپیرانی (ئێران).
- 1992 چۆتە تاران و لەگەڵ هەندێک رۆژنامەی ئەو وڵاتە وەک گۆڤاری هەفتانە و مانگانە گۆل ئاغا، مانگانە گۆڤاری کۆمیک و کارتۆن، گۆڤاری تایبەتمەندی مانگانەی کەیهان کاریکاتێر، رۆژنامەی جەهموری ئیسلامی، رۆژنامەی ئێتەمەد، رۆژنامەی جام جام و کاری کردووە هەروەها لە کەناڵە تەلەفزیۆنییەکان - لە بواری کارتۆن و کاریکاتێر - هاوکاری کردووە.
- ساڵی 1997 یەکەم کۆمەڵە کاریکاتێری خۆی لە ژێر ناونیشانی «تاڵکەند» بڵاوکردەوە و لە فێستیڤاڵەکانی ناوخۆ و دەرەوەدا سەرکەوتنی زۆری بەدەستهێناوە.
- 2009  یەکەم پیشانگەی تایبەتی خۆی لە ژێر ناونیشانی «سەگال» لە ماڵی کاریکاتێر (تاران) و دووەم پیشانگەی خۆی لە ساڵی 2011 لە ژێر ناونیشانی «نێمی خاڵی پیاو» لە ماڵی هونەرمەندانی ئێران (تاران) بەڕێوە برد، هەروەها سێهەمین پیشانگەی خۆی لە ساڵی 2012 لە بوشێهر بەڕێوەبرد.
-  زۆربەی بەرهەمەکانی سەید مەحمود جەوادی لە شێوەی نوکتەی تاڵدان و زۆرێک لە بەرهەمە چەمکییەکانی چەمکی مرۆیی و فەلسەفییان هەیە وا لە بینەر دەکات لە چینەکانی ناو ئەم بەرهەمانەدا بیر بکاتەوە و بگەڕێت.
-  سەید مەحمود جەوادی، جگە لە نمایشکردن و بڵاوکردنەوەی کۆمەڵە بەرهەمەکانی لە شێوەی کتێب و پیشانگەی تایبەتی، لە نوێترین بەرهەمی نووسراوی خۆیدا بە ناونیشانی «بۆ ماچی خودا» گەشتنامەی حەجی خۆی لە لایەن دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی سورەتی مێهرەوە بڵاو کردەوە.



بابەتە پەیوەندیدارەکان