سەرۆك كۆمار: جێبەجێكردنی ئەركە یاسایی و دەستوورییەكان

09:34 - 2025-01-16
عیراق
36 جار خوێندراوەتەوە

د.لەتیف رەشید سەرۆك كۆمار، پێشوازی لە سەرۆك و ئەندامانی ئەنجومەنی كۆمسیارانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان بە سەرۆكایەتیی دادوەر عومەر ئەحمەد، كرد و جەختی لە گرنگیی پتەوكردنی كۆڵەكەكانی دیموكراسی كردەوە لەڕێگەی كاركردن بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانیی بەشێوەیەكی دادپەروەرانە.
سەرۆك كۆمار، پیرۆزباییشی لە ئەنجومەنی كۆمسیاران كرد بەبۆنەی دەنگدانی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ درێژكردنەوەی كارەكانی ئەنجومەن بۆ دوو ساڵی دیكە، ئەوەش جۆرێكە لە دڵنیایی كە هەڵبژاردنەكان لە وادەی دیاریكراوی خۆیدا بەڕێوەدەچن، هەروەك تەئكیدی لەسەر پێویستی كاركردنی بێلایەنانە كردەوە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی دادپەروەرانە و شەفاف، بەجۆرێك رەنگدانەوەی خواستی سەرجەم عیراقییەكان بێت، لەو چوارچێوەیەشدا پشتیوانیی سەرۆكایەتیی كۆماری بۆ دووپاتكردنەوە لە جێبەجێكردنی ئەركە یاسایی و دەستوورییەكاندا.
وەفدی ئەنجومەنی كۆمسیارانیش، روونكردنەوەی پێویستیان خستەڕوو سەبارەت بە كۆمسیۆن و ئامادەكارییەكانیان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەكاتی خۆیدا و ستایشی رۆڵی سەرۆك كۆماریشیان كرد لە درێژەدان بە كارەكانی ئەنجومەنی كۆمسیاران و دەربڕینی پشتیوانییەكانی بۆ كارەكانی كۆمسیۆن، كە ئەوەش هۆكاری رەخساندنی ژینگەیەكی گونجاوە بۆ جێبەجێكردنی ئەركەكان وەك ئەوەی پێویستە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان