پرسیارکردن دەربارەی خودا
ئاوات ئەحمەد سوڵتان
(16)
خودا بێ سنوورە، هۆی هەموو شتێکە، هەموو جیهانە شیاوەکان لە زەینی ئەودان و لە شیاوییەوە دەیانگوێزێتەوە بۆ هەبوون، ئەو ملکەچ نییە بۆ ئەو یاسا زانستیی و ئاکارییانەی مرۆڤ کۆنترۆڵ دەکەن، خودا خۆی سەرچاوەی هەموو یاساکان و هەموو بنەما ئاکارییەکانە
من و هوما ساڵانێکە هاوڕێین، ئەو هەشت ســـاڵێک لە من گەورەترە، هەفتەی رابردوو گەڕایــــەوە، لــــە دانیشــتنێکی دۆستانەدا و بەدەم نۆشینی شەرابەوە ئەم گفتوگۆیەمان ئەنجامدا، کە وەک خۆی بۆ ئێوەی دەگوازمەوە.
هوما: زۆر حـــەزم لە گفتوگۆکردنە دەربارەی خودا، بەتایبەتی پرسیاری هەبوون و نەبوونی، ئەمە سەرگەرمییەکی خۆشە، ئەگەرچی زۆر کەس لێی دەسڵەمێتەوە، بە تایبەتیی لەم کەلتورەی خۆماندا کە نەک هەر لێـــی دەترسن، بگرە دەشکەوێتە ناو چوارچێوەی ‹بیرلێکردنەوەی قەدەغــــەیە›وە، بەڵام پرسیارەکە زۆر جدییە و زۆریش گرنگە: بەڕاست ئایا خودا هەیــــــە؟ جەوهەری خودا چیــــیە؟ خاسییەتەکانی چیـــــن؟ پرسیارەکان زۆر فەلسەفییانەن، زۆریش بیریان لێکراوەتەوە، بەردەوام تووشی سەرسامییم دەکەن. هەوڵ دەدەم لە هەموو رێگایەکەوە بۆی بچم، بیر لە هەموو لایەنێکی بکەمەوە، ئەندێشە دەکەم چ شێوەیەکی هەیە، چۆنە! رێگایەکی درێژە و پێش من خەڵکێکی زۆر پێیدا رۆیشتوون و منیش بەنیازم بیگرمەبەر. بەڵام بەختم هەیە، چونکە ئەزموونی ئەوانی ترم لەبەردەستدایە. یەکێک لەوانە تۆیت کە وەک من هەمان خولیات هەیە. زۆر باشە، ئێستا خودا چییە؟ وەڵامی تۆ بۆ ئەم پرسیارە چییە؟ ئەوە چییە کە پێی دەوترێت خودا؟
ئاوات: خودا شت نییە، بابەت نییە، تەن نییە، کەس نییە، بەو مانایەی یەکێک بێت لەناو کۆمەڵێکدا. خودا تاقانــــەیە، تەنهایە، زۆر تەمومژاوییە، تا رادەیەک هیچ لەبارەیەوە نازانین، ناتوانین بە ئاسانیی ئەندێشەی بکەین. بیر لە هەر چییەک بکەینەوە، لە کۆتاییدا وا نییە! واتە خودا، لە توانا مرۆییەکانی ئێمە بۆ بیرکردنەوە بەدەرە.
هوما: جا ئەمە کەی وەڵامە؟ مەبەستت لە چییە؟ ئەگەر ئەو بکەوێتە ئەو دیوی هەموو درککردنێکی ئێمەوە، ئیتر چۆن دەزانین هەیە، یان نا؟ ئەگەر لە سەرووی ئاستە ئەقڵییەکانی ئێمەوە بێت، ئیتر چۆن درکی پێ دەکەین؟
ئاوات: بــــوونی خودا لە بـــوونی گەردوونەوە تێدەگەین، بەڵام سەرەتا ئەوە بزانە کە خودا جیاوازە لە هەر شتێکی ناو گەردوون، خودا جیاوازە لە خودی گەردوون بە هەموو شتەکانییەوە. واتە ئێمە ناتوانین درک بە خودی خۆی بکەین، بەڵام دەتوانین لە کارەکانی تێبگەین. دانی پێدا دەنێم کە پرسەکە خۆی لەخۆیدا تەڵەزگەیەکی کوشندەیە.
هوما: ئەی چی بکەین؟ واز لە پرسیارکردن بهێنین؟ ئەمە دەشێت؟
ئاوات: نا، دەبێت شتێک بکەین، بۆ نموونە: ناتوانین بڵێین خودا بۆشاییەکی پڕنەکراوەیە، ئەمە خۆی مانایەکی دیکەی نەبوونی خودایە. تۆ بڕوانە لەم گەردوونەدا لە مرۆڤ داناترمان نییە. با لێرەوە دەستپێبکەین، مرۆڤەکان کۆتاییان هەیە بەڵام خودا نییەتی، چونکە ئەو هۆی هەبوونی گەردوونەوە، هەموو شتێکی ناو ئەم جیهانەی دروست کردووە، توانای مرۆڤەکان سنوردارە، توانای ئەو بێ سنوورە، مرۆڤەکان هەندێک شت دەزانن، بەڵام ئەو هەموو شتێک دەزانێت و.... هتد. تۆ دەزانیت کە غەزالیی دەڵێت: «لە هەر چرکەیەکدا خودا ئەم جیهانە هەڵدەوەشێنێتەوە و سەرلەنوێ دروستی دەکاتەوە.»
هوما: واز لە غەزالیی بهێنە، ئەوە کێشەیەکی ئۆنتۆلۆجی گەورەمان دەربارەی بوونی خۆمان و ئەگەرەکانی زانین بۆ دروست دەکات. با بپرسم: ئایا تۆ مەبەستت ئەوەیە، خودا بە شێوەیەک لە شێوەکان مرۆڤێکی سووپەرە؟ سەروو سروشتییە؟! ئەو سوپەرمانەیە کە نیتچە چاوەڕێیەتی؟ جیاوازیی نێوان مرۆڤ و خودا لە رادە و بڕی توانست و خاسیەتەکانیاندایە؟ واتە، ئەگەر لە خۆمانەوە بڕوانینە خودا شتێکی ئاواهیی ئەندێشە دەکەین، زۆرێک لە دینەکان ئەندێشەی خودایان بەمجۆرە کردووە: خودا لە شێوەی مرۆڤێکدایە، بەڵام داناترین و بەتواناترین و میهرەبانترین و دنیایەک ترینی دیکەیە.
ئاوات: ئەمە راستە، دینەکان و ئیسلامیش لە زۆر رووەوە ئەندێشەی خودایان کردووە وەک مرۆڤ. مرۆڤێکی راستەقینە، کە دەست و قاچ و چاو و ئەندامەکانی دیکەی هەیە؛ نەک هەر ئەوەندە بەڵکو بە شێوەیەک لە شێوەکان وەک مرۆڤیش بیردەکاتەوە، بەڵام تۆ سەرنج بدە، هەردووکمان وشەی (ئەندێشە)مان بەکارهێنا، واتە ئەوە مرۆڤەکانن کە ئەندێشە دەکەن خودا ئاواهییە، نەک خودا خۆی بەڕاستی ئاواهی بێت. ئەمە وەسفێکی باش نییە! خودا دەتوانێت مرۆڤ بێت، وەک لە حاڵەتی عیسای مەسیحییەکاندا، راستییەکەی دەتوانێت هەموو شتێک بێت و هیچیشیان نەبێت، دینەکان وێنەی جۆراوجۆریان بۆ کێشاوە. من دەتوانم ئەمەندەت پێ بڵێم: خودا هۆی بوونی هەموو شتەکانە، ئەگەر خودا نەبێت، هیچ شتێک نابێت. خودا گەردوونی دروست کردووە بەمجۆرەی کە هەیە. گەردوون دەشیا بەمجۆرە بێت، خودا ئەو شیاوییەی گۆڕی بۆ واقیع، هەرجۆرێک گەردوون قابیلی.....
هوما: بووەستە! تۆ باسی کارەکانی خودا دەکــــەیت، ئێمە هێشـــتا کێشەمان لەســـــــــەر چیـیەتی (جەوهـەر)ی خۆی هەیە. بەڵام پێش ئەوە مەبەستت لە جیهانی شیاو چییە؟
ئـاوات: دەســـــتەواژەیــــەکـــە لـۆژیکـوانــان و فەیلەســـوفـەکان بەکــاری دەهێنـــــــــــــــن و گوێزراویشـــــەتـەوە بــــــــۆ نـــاو دین. وردکردنەوەی زۆری دەوێت بەڵام لەبەرئەوەی باســـــــەکەمان لۆژیک نییە، هەرئەوەندە دەڵێم، گوزارشتەکان ئاستیان زۆرە، بەڵام سێ ئاستیان زۆر بنەڕەتین:
ا. دەشێت دروست بن.
ب. پێویستە دروست بن.
ج. ئێمە وادەزانین دروستن.
بەپێی مامەڵەکردنمان لەگەڵ ئەم گوزارشتانەدا درککردنەکانمان بە جیهان دەگۆڕێن، بەمجۆرە ئێمە لەبەردەم ئەگەری بوونی جیهانی جۆراوجۆرداین: کاتێک دەڵێین ‹دەشێت خودا هەبێت› جیهانەکەمان بە جۆرێکە و کە دەڵێین ‹پێویستە خودا هەبێت› جۆرێکی تر و دواجاریش کە دەڵێین ‹ئێمە وادەزانین خودا هەیە› جۆری سێهەمە.
هوما: دەشتەوێت پێم بڵێیت لەبەرئەوەی دڵنیاین لەوەی جیهان هەیە، کەواتە خودا هەیە، نا؟
ئاوات: رێک ئەوە دەڵێم.
هوما: دیسانەوە ئەمەش قسەکردنە لەبارەی بوونی خوداوە، نەک چییەتی ئەو.
ئاوات: باشە! بەڵام بۆ ئەوەی بتوانین قسە دەربارەی (شت!)ێک بکەین، دەبێت پێشتر ئەو شتە هەبێت.
هوما: بەڵام ئەمە رێک بە پێچەوانەوەیە!
ئاوات: چۆن؟
هوما: سەرەتا دەبێت دڵنیا ببین لەوەی شتێک هەیە، دوای ئەوە قسە لەبارەی خاسییەتەکانییەوە بکەین. بۆ نموونە، تۆ لەبەردەمی ئەم پرسیارەدایت: خودا چییە؟ کە وەڵامی ئەمەتدایەوە، ئینجا بیر لەوە دەکەینەوە ئایا خودا بەتواناترینە، داناترینە و... هتد.
ئاوات: هەرچۆنێک ئەندێشەی خودا بکەین، لەوە زیاترە.
هوما: یانی مەسەلەکە ئەندێشەکردنە، یان بە گوزارشتێکی دیکە، باوەڕهێنانە نەک زانین!
ئاوات: خـودا بێ ســـــنوورە، هــۆی هەموو شتێکە، هەموو جیهانە شیاوەکان لە زەینی ئەودان و لە شــــــــیاوییەوە دەیانگوێزێتەوە بۆ هەبوون، ئەو ملکەچ نییە بۆ ئەو یاسا زانستیی و ئاکارییانەی مرۆڤ کۆنترۆڵ دەکەن، خودا خۆی سەرچاوەی هەموو یاساکان و هەموو بنەما ئاکارییەکانە. خودا چاک نییە، بەڵکو خودا(چاکە)یە.
هوما: ئەم قسانە جوانن، ماقووڵن، بەڵام هەر دووبارەکردنەوەی قسەکانی پێشوومانن، تۆ هەر لە دەوری بابەتەکە دەسوڕێیتەوە و خۆت نادەیت لە پرسیارە جەوهەرییەکە. لەگەڵ ئەوەشدا رستەی کۆتاییت سەرنجم رادەکێشێت: خودا چاکەیە! ئەمە زۆر ئەفلاتونییانەیە، مەبەستت لەوەیە، لە جیهانــــدا چاکە هەیە، چاک هەیە، بەڵام هەموو ئەوانە لە خوار چاکەی رەهاوەن کە خودی خودایە و بێگومان کۆمەڵێک سیفەتی دیکەشی هەیە، وەک جوان، بۆ نموونە.
ئاوات: رێک وادەڵێم.
هوما: بــــــەڵام پێچەوانەکانیشیانمان هەیە، وەک خراپە، ناشیرینیی و... هتد، ئەمان ببەینەوە بۆ کوێ؟
ئاوات: بۆ شەیتان!
هوما: شـــــەیتان خۆی هەیە، یان ئەویش دروستکراوە؟
بەدەم پرسیارەکەوە پێکە شەرابەکەی هەڵگرت و چووە لای پەنجەرەوەکەوە و بێدەنگ راوەستا، هەستم کرد بە قووڵیی بیردەکاتەوە، لەوە زیاتر سەرم نەخستە سەری، چونکە کارەکە بە جێگایەک گەیشتبوو کە خۆشم نەمدەزانی دەبێت چۆن بەردەوام ببین. لەناکاو هوما رووی تێکردم و وتی: «ئەمە بیرکردنەوەیەکی دووسەرەیە، باش و باشتر و باشترینمان هەیە، لەوێدا دەگەینە لای خودا، کە لەسەروو ئەویشەوەیە، واتە خودا زۆر لە باشترین باشترە، هەمانشت بۆ هەموو سیفەتەکانی دیکەی، واتە خودا سەرچاوەی هەموو ئەو شتانەیە کە هەن بەڵام زۆر راستەوخۆ نا. ئەمە بەو مانایە نا کە خودا شتەکانی دەسپێکردووە و سەرڕێی خستوون یان هەموو شتەکان لەســــەر خودێک راوەســـتاون کە لە دەرەوەی کاتن. خودا ناکۆتایە و هەموو شتە کۆتاکان لەسەر ئەو راوەستاون، بە هۆی ئەوەوە هەن؛ سروشتی خۆیان لەو وەردەگرن. ئەمە بەشێکە، تاڵە داوێکە لە پرسەکە، بەڵام رایەڵی دیکەش هەن، با وەک ئەنسێلم لەگەڵت بجوڵێمەوە: «چاوەکانت دابخە و ئەندێشەی مەزنترین و کامڵترین شت بکە.»
منیـــــش وام کرد، چەنـــــد ساتێکی پـــــێ چوو، پرســــیم: ئەندێشــــــەت کرد؟ هوما وتی: بەڵێ.
ئاوات: پرســــیارت لێناکەم چۆنت ئەندێشەت کردووە، بەڵام ئەو مەزنترین و کامڵترینە، ئەگەر هەبێت کامڵتر و مەزنتر نابێت؟
هوما: مەبەســـــتت لەوەیە، بۆ ئەوەی خودا کامڵترین و مەزنترین بێت؛ دەبێت هەبێت؟
ئاوات: بەڵێ.
هوما: هەوڵەکەتم بە دڵە، دەچێتەوە سەر رێگاکەی تۆماس ئەکواینەس؛ بەڵام دیسان تۆ وەڵامی پرسیاری ‹خودا چییە؟› نادەیتەوە.
ئاوات: واتە خودا ئەمەیە، مەزنترین و کامڵترینە، هەر بەو سیفەتەش بوونی هەیە.
هوما: بەڵام ئایا لە رووی لۆجیکییەوە پێویستە خودا مەزنترین هەبووی درکپێکراو بێت؟ واتە مادام گەردوون بوو بە پێوەر، دەشێت خودا هەر ئەوەندە مەزن بێت کە بەشی خوڵقاندنی گەردوون بکات، لەوە زیاتر نا، یاخود گەردوون بەمجۆرە بخوڵقینێت باشترنا.
ئاوات: مەبەســـــتت لەوەیە بڵێیت، خودا هەر ئەوەندە بە توانایە کە ئەم گەردوونە دروست بکات، نە کەمتر و نەزیاتر، هەست ناکەیت ئەمە سنوردانانە بۆ تواناکانی خودا؟
هوما: دەمەوێت وردتریشی بکەمەوە، خودا دەیتوانی شاخی گۆیژە تەنها بەمجۆرە دروستبکات کە کردوویەتی، هیچ بژاردەی دیکەی نەبووە، بۆ نموونە ئەگەری ئەوە لەگۆڕێ نییە، بەیانیی لە خەو هەڵبستین خودا لوتکەی ئیڤیرستی خستبێتە سەر گۆیژە! لەمەوە بۆ وردەکارییەکانی تریش، واتە بە کورتیی خودا ناتوانێت گەردوون بەجۆرێکی دیکە دروست بکات لەوەی کردوویەتی، واتە خودا پابەندی بەرنامەیەک بووە بۆ خوڵقاندنی گەردوون، وەک ئاینشتاین دەڵێت: ‹زاری هەڵنــــــــەداوە›، ئینجا پرسیارێک دێتە ئاراوە: ئایا خودا بژاردەی ئەوەی هەبوو گەردوون دروست نەکات؟ یاخود بیباتەوە بۆ ناو نەبوون؟ وابکات گەردوون هەر لە سەرەتاوە نەبووبێت؟
ئاوات: خودا هەر بەوەندەی گەردوونی دروست کرد، ئیتر بژاردەی دروستنەکردنی نەما، بۆیە پرسیارەکە لۆجیکی تێدا نییە، بەڵام ئەوەی دەتوانێت بیباتەوە بۆ ناو نەبوون بەجۆرێک هەر نەبووبێت، ئەمەیان ناشێت؛ چونکە ئەوکاتە دەتوانین بڵێین «خودا گەردوونی هێنایە بوون، پاشان گەڕاندیەوە بۆ نەبوون»، واتە ئەم بژاردەیەش هەر لەئارادا نییە.
هوما: دەبینیت؟ کاتێک گەردوون دەکەیت بە مەرجی هەبوونی خودا، چ سنورێکی بۆ دادەنێیت؟ واتە ئیتر چارت نامێنێت بڵێیت: ئەوە راستە خودا گەردوونی دروست کردووە، بەڵام بەپێی بەرنامە و یاسای دیاریکراو کاری کردووە، ناچار بووە پەیڕەوییان لێ بکات، چونکە ئەگەر وا نەبێت مەسەلەکە وەک سیحری لێ دێت.
ئاوات: واتە، هەر لێرەشەوەیە کە زینۆفانێس دەڵێت: ئەگەر ئەسپەکان دەستی وێنەکێشانیان هەبووایە، خودای خۆیان لە شێوەی ئەسپدا دروست دەکرد.
خودا دەیتوانی شاخی گۆیژە تەنها بەمجۆرە دروستبکات کە کردوویەتی، هیچ بژاردەی دیکەی نەبووە، بۆ نموونە ئەگەری ئەوە لەگۆڕێ نییە، بەیانیی لە خەو هەڵبستین خودا لوتکەی ئیڤیرستی خستبێتە سەر گۆیژە! لەمەوە بۆ وردەکارییەکانی تریش، واتە بە کورتیی خودا ناتوانێت گەردوون بەجۆرێکی دیکە دروست بکات لەوەی کردوویەتی.
تابلۆی مایکل ئەنجیلۆ