دوو جوامێری كوردایەتی، شەهیدان حەمەغەفوور ئاغجەلەری و غەریب هەڵەدنی

12:29 - 2022-07-23
کەلتور
953 جار خوێندراوەتەوە

ئاوات كۆكەیی

هەریەك لە شەهیدان (حەمەغەفوور ئاغجەلەریی و غەریب هەڵەدنی) وەك دوو سەركردە و فەرماندە لە سەرەتای شۆڕشی نوێوە رۆڵی گرنگیانی گێڕا لە جۆشدانەوەی خەبات و گەیشتنی پەیامی سەرهەڵدانەوە و بوونی پێشمەرگە لە كوردستاندا.
شەهید حەمە غەفوور وەك سەركردەیەكی بەئەزموونی بەشداربووی شۆڕشی پێشتر و شەهید غەریبیش وەك كادرێكی هۆشیار و گەنجێكی پڕ وزە و دڵسۆزی گۆشكراوی كۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردستان، بوونە دوو ئەستێرەی گەش و درەوشاوە بۆ رووناككردنەوەی رێگەی رێبوارانی شۆڕشی تازە، ئەوان بوونە چرا و شەمع و مەشخەڵی روناككەرەوەی رێگەی ئازادیمان.
كات و سەردەمی شەهیدبوونی هەریەكێكیان جێگەی داخە، ئەگەرچی شەهیدبوونی هەر تێكۆشەرێك مایەی داخ و پەژارەیە بۆ ئێمە و خەسارەتێكی گەورەیە بۆ رێبازی كوردایەتی، بەڵام شەهیدبوونی هەریەك لە ئاغجەلەری و هەڵەدنی بە سوێترە، چونكە هەردووكیان بەدەستی كورد شەهیدكران، یەكەمیان هەر لە سەرەتای شۆڕشدا كە هێشتا بوونی ئەو زۆر زۆر پێویست بوو بۆ گەیاندنی كاروانەكە بەمەنزڵێكی ئارام، چەند كەسێكی ناپاك بەفیتی دەرگا هەواڵگرییەكانی بەعس، شەهیدیان كرد، دووەمیشیان لە دوای راپەڕینی ئازادی و سەرەتای دامەزراندنی قەوارەی كوردی، چەند كەسێك بێ بیركردنەوە و نەزانانە، شەهیدیان كرد.
كورتەی ژیاننامەی شەهید حەمەغەفوور ئاغجەلەری
شەهید محەمەد غەفوور ئەحمەد ناسراو بەحەمە غەفوورئاغجەلەری، ساڵی 1939 لە شارۆچكەی (ئاغجەلەر)ی ناوچەی قەڵاسێوكەی سەر بەپارێزگای كەركوك لە دایكبووە و تا پۆلی سێیەمی ناوەندیی خوێندووە.
ساڵی 1961 و لە سەرەتای شۆڕشی ئەیلولدا بۆتە پێشمەرگە و كراوەتە فەرماندەی بەتالیۆن.
ساڵی 1976 كە شۆڕشی نوێ هەڵگیرسایەوە، ئەو یەكێك بوو لە دامەزرێنەرانی مەفرەزە سەرەتاییەكانی شۆڕش.
ئەندامی سەركردایەتی بزووتنەوەی سۆسیالیستی كوردستان و فەرماندەی هەرێمی دووی كەركوك بوو.
‌لە بەرەبەیانی رۆژی 23/7/1977 لە ‌گوندی (كانی بی)ی سەر بەشاری كۆیە، لەگەڵ چەند هاوڕێیەكیدا ناپاكیان لێكرا و شەهیدیان كردن.
كورتەی ژیاننامەی شەهید غەریب هەڵەدنی 
شەهید غەریب عەبدولقادر حاجی ناسراو بەغەریب هەڵەدنی، ساڵی 1956 لە گوندی (هەڵەدن)ی دۆڵی جافایەتی لەدایكبووە.
ساڵی 1976 بووە بە پێشمەرگە لە مەفرەزە سەرەتاییەكانی شۆڕشی نوێ.
هەر ئەو ساڵە (تایپ)ێكی لە ماڵی شەهید ئارامەوە لە سلێمانی، گواستۆتەوە بۆ ژیلوان‌و یەكەم بەیاننامەی ی.ن.ك-ی پێ چاپكراوە، ساڵی 1978 بەشداری رووداوەكەی هەكاری كردووە.
 كادر و فەرماندەی مەفرەزەو كەرت و دواتریش تیپ بووە.
لە بەرنامەی راپەڕینی ساڵی 1991 ئەندامی میحوەری سورداش بووە، لە دامەزراندنی سوپای یەكگرتووی كوردستان كرا بەفەرماندەی لیوای 22ی سەر بەفەرماندەیی ناوچەی سلێمانی.
رۆژی 22/3/1993 لە كاتی بەجێهێنانی ئەركێكی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا، بە ناهەق شەهیدكرا.

بابەتە پەیوەندیدارەکان